ئەوانە ئەو شەوە چۆن خەویان لێ کەوت؟ (1) ئەو شەوە موعازی کوری جەبەل چۆن خەوی لێ کەوت؟ کاتێ کە پێغەممەرﷺ فەرمووی:" يَا مُعَاذُ واللَّهِ إِنِّي لأُحِبُّكَ "(١). واتە: ئەی موعاز سوێند بەخوا خۆشم دەوێیت!! (2) ئەو شەوە عبد اللە ی کوڕی ئونەیس چۆن خەوی لێ کەوت؟ کاتێ پێغەممەر ﷺ دار عەساکەی دایێ و فەرمووی پێی: "بها أعرفك فى الجنة(٢)".واتە: بەمەدا لەبەهەشت دەتناسمەوە!! (3) ئەو شەوە بیلال چۆن خەوی لێ کەوت؟ کاتێ پێغەممەرﷺ فەرمووی:" فإنِّي سَمِعْتُ دَفَّ نَعْلَيْكَ بيْنَ يَدَيَّ في الجَنَّةِ." ئەی بیلال! بێگومان ترپەی نەعلەکانتم دەبیست لەپێشمەوە لە بەهەشتا(٣) (4) ئەوشەوە خەدیجە چۆن خەوی لێ کەوت ؟ پاش ئەوە کە جبرەئیل وەحی بۆ پێغەممەرﷺ هێنا، فەرمووی: " فاقرَأ علَيها السَّلامَ مِن ربِّها و مِنِّي، و بشِّرْها ببَيتٍ في الجنَّةِ مِن قصَبٍ، لا صَخبَ فيها و لا نَصبَ " سڵاوی پەروەردگاری پێ بگەیەنە، و سڵاوی منیش. و مژدەی کۆشکێکی لە مرواری دروستکراوی لەبەهەشتا پێ بدە، کە نەهەراو هۆریای تێدایە و نە ناڕەحەتی. (٤). لەخۆشی ئەو مژدەیە چۆن ئەوشەوە خەوی لێ کەوت؟!! (5) ئەوشەوە ئوبەیی کوڕی کەعب لەخۆشی ئەو مژدەیە چۆن خەوی لێ کەوت؟! پاش ئەوە کە پێغەممەرﷺ فەرمووی پێی: " إنَّ اللَّهَ أَمَرَنِي أَنْ أَقْرَأَ عَلَيْكَ القُرْآنَ، قالَ أُبَيٌّ: آللَّهُ سَمَّانِي لَكَ؟ قالَ: اللَّهُ سَمَّاكَ لي. فَجَعَلَ أُبَيٌّ يَبْكِي، "(٥) واتە: پێغەممەرﷺ فەرمووی بێگومان خوا فەرمانی پێ کردووم کە هەندێ لە قورئانت بەسەردا بخوێنمەوە!! ئەویش عەرزی کرد: ئایا خودا ناوی منی بۆ باس کردیت؟ پێغەممەریش ﷺ فەرمووی: بەڵێ. خودا ناوی هێنایت.. لەخۆشی ئەو مژدەیەدا فرمێسک لەچاویەوە بەخوڕ هاتەدەر، و دەستی بە گریان کرد گریانێکی بەکوڵ..!! # # # ئەوانە ئەوشەوە چۆن خەویان لێ کەوت چۆن ئەوانە خەویان لێ کەوت؟ بەڵکو چۆن توانییان پاش ئەوە بەئارامی بژین؟! ئەی خودایە! هەروەک چۆن بەبیستنی ئەو مژدانە دڵمان کەوتە تەپە تەپ و لێدان، مژدەیەکی وامان لەم دنیایەدا پێ بدەیت دڵمان پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بکات..و ئارامییەکی وامان پێ ببەخشیت دڵمان ئارام بکات، و لە قیامەتیشدا مژدەی فیردەوسی باڵامان پێ بدەیت، هاوڕێیەتی گەورەو سەروەرمان محمد صلى الله عليه وسلم پێ ببەخشیت لە بەهەشت دا ئامین.. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org