ده‌نگی ئیسلام زۆر جار مرۆڤ نازانێت خێر له چیدایه؛ ڕ‌ه‌نگه به‌رنامه‌یه‌ك یان زنجیره‌باسێكی ته‌له‌فزیۆنیت به‌رچاو كه‌وتبێت و به شێوه‌یه‌كی خراپ و ناڕ‌ه‌وا باس له ئیسلام و موسڵمان كرابێت و دڵته‌نگی كردبیت، به‌ڵام ئه‌مه له داهاتوودا به شێوه‌یه‌كی ئیجابی شكابێته‌وه و بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی موسڵمان وریا بێته‌وه و بزانێت دۆست و دوژمنی كێییه یان هه‌ندێ له‌و كاره خراپ و دزێوانه‌ی به‌سه‌ر ئیسلامدا سه‌پێنراون له خۆیدا نه‌یانهێڵێت و ببێته موسڵمانێكی دروست. ئه‌مه به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌واڵه‌دا دێته‌وه كه باسی ده‌كه‌ین: قوتابخانه‌یه‌كی ئیسلامی له به‌رازیل به‌پیره‌وه‌چوونێكی كتوپڕی به‌خۆوه بینی و كۆمه‌ڵێك له كچانی قوتابخانه‌كه بڕیای باڵاپۆشی به‌كۆمه‌ڵیان دا و له‌چكه‌یان كرده سه‌ریان. به‌رپرسانی كه‌مایه‌تیی ئیسلامی له‌و وڵاته هۆكه‌ی ده‌گه‌ڕێێننه‌وه بۆ زنجیره‌باسێكی ته‌له‌فزیۆنی كه به‌شێوه‌یه‌كی خراپ باسی له ئیسلام و خوو و نه‌ریتی موسڵمانان كردووه. له میانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابوردوودا قوتابخانه‌ی "فيلا كارون" كه سه‌ر به كۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازی عه‌ره‌بییه له شاری ساوپاولۆی به‌رازیلی به یه‌كجار باڵاپۆشی هه‌شت كچی موسڵمانی به‌خۆوه بینی، كه ئه‌م دیارده‌یه له‌وه‌وپێش به‌م شێوه به‌رچاو نه‌كه‌وتووه. شێخ ئه‌حمه‌د ئومامه سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی عه‌ره‌بی قوتابخانه‌كه له لێدوانێكیدا وتی كه ئه‌م دیارده‌یه و به‌م شێوه‌یه له‌وه‌وپێش له كۆمه‌ڵگای به‌رازیلیدا نامۆ بووه، به‌ڵام دوای ڕووداوه‌كانی (١١)ی ئه‌یلوول و هێرشكردنه سه‌ر ئیسلام له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، خه‌ڵكی زیاتر به‌ره‌و ئایین گه‌ڕاونه‌وته‌وه؛ زیاتر پابه‌ند بوونه‌وه. هۆی له‌چككردنی ئه‌م كچانه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و زنجیره‌بابه‌ته‌ی كه كه‌ناڵی پێنجه‌می (كلوبو)ی به‌ڕازیلی پێشكه‌شی كرد، كه تێیدا ئافره‌تێكی باڵاپۆشی موسڵمان پاڵه‌وانێتی ده‌بێنێت به ناوی (خه‌دیجه) و له‌و زنجیره‌دا كۆمه‌ڵێك خوو و نه‌ریتی موسڵمانانی له وڵاتی مه‌غریبدا خستۆته ڕوو به‌تایبه‌ت لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك ژنهێنان و ته‌ڵاق و میرات و شتی تر. ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه مه‌به‌ستی زنجیره باسه‌كه شێواندنی ڕووخساری ئیسلام بوو، ویستیان بیخه‌نه پێشچاو كه موسڵمانان توندوتیژن به‌رامبه‌ر خێزان و منداڵیان، به‌ڵام به‌سه‌ر خۆیاندا شكایه‌وه و ده‌نگ و سه‌دایه‌كی ئیجابی دایه‌وه و بووه هۆی ئه‌وه‌ی زۆرێك له خه‌ڵكی به چاوێكی سه‌رسامی و ڕێزه‌وه سه‌یری خێزانی موسڵمان بكه‌ن و ئه‌م كچانه‌ش كه بوونه‌ته باڵاپۆش له كاریگه‌ریی ئه‌و زنجیره‌ته‌له‌فزیۆنییه‌وه بوو." شایه‌نی باسه كه سه‌رۆكی به‌رازیلی چه‌پڕه‌و "لۆلا دا سيلڤا" له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا بڕیارێكی ده‌ركرد و ڕێی دا به ئافره‌تی موسڵمان كه حیجاب بپۆشێت له هه‌ر شوێنكدا بێت؛ له ماڵ یان سه‌ر كار یان شوێنی گشتی یان ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌ڵگه‌نامه و پێناسی تایبه‌تییه‌وه هه‌یه وه‌ك وێنه و شتی دیكه. (العربية.نت).