پاداشتی ڕۆژوو بەستراوە بە عەقیدەی ڕۆژووەوانەكەوە! نووسینی: م. احسان برهان الدین. نابێت كەس وا حاڵی بێت پەیوەندی نێوان بەندەو پەروەردگاری تەنها پەیوەندی عیبادەت و شەعائیرە، ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە و كاریگەری خراپیشی لەسەر تەواوی موسوڵمانان لەم ڕۆژگارەدا درووست كردووە، بەڵكو دەبێت وا لەمەسەلەكە تێبگەین كە الله خالق و ڕازق و مرێنەر و زیندوكەرەوە وعەلیم و حەكیمە و شەرعێكیشی هەیە پێویستە جێبەجێ بكرێت و حوكمی پێ بكرێت. پێویستە بزانین عیبادەت وكردەوەی چاكە ئەگەر لەسەر بنەمای تەوحید و بیروباوەڕێكی ڕاست و درووست نەبێت وەرناگیرێت، هەمو ئەو بەلێنانەش كە سەبارەت بە ڕۆژوو و گەورەیی مانگی ڕەمەزان دراوە بۆ ئەوانەیە كە بە عەقیدەی ئیسلام ڕازین و تەوحیدی ربوبیة و ألوهیة و أسماء و صفات و هەموو مەرجەكانی ( لا إله إلا الله ) یان جێبەجێكردوە و لە هەمو هەڵوەشێنەرەوەكانیشی خۆیان پاراستووە. ئەو كەسانەی چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو پاداشتە زۆرەن كە الله بۆ ڕۆژوان لە مانگی رەمەزاندا دیاری كردووە ئەوانەن كە بە بەرنامەی ئیسلام و بە هەموو ئەوەی لە كیتاب و سوننەتدا هاتووە ڕازین وملكەچن بۆی و بەزمانی گوفتار و بە زمانی حاڵ هیچ رەخنەیەكیان لە شەرعی ئیسلام و بەرنامەكەی و پیغەمبەرەكەی نییە و بە هیچ بەرنامەیەكی پێچەوانەشی كار ناكەن: ( وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ). (با لە ڕەمەزانەوە فێری تەوحید بین ). پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org