سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  تۆپی پێ وەک ئایینێکی نوێ!
گۆڕینی فۆنت


تۆپی پێ وەک ئایینێکی نوێ!

هەفتەی ڕۆژێک هاندەر بە هەڵەداوان ڕوو دەکاتە یاریگە؛ ئاڵاکان دەشەکێنەوە، یاری ئاگرین و دەهۆڵ دەنگ دەداتەوە. بارانێک لە شریت و پارچە کاغەزی ڕەنگاوڕەنگ دادەبارێت. شار ون دەبێت، ژیانی ئاساییی «ڕۆتین» لە بیر دەکرێت، تەنیا و تەنیا پەرستگا دەمێنێت؛ لەم نێوەندە پیرۆزەدا، ئایینەکە خودایەتی خۆی دەخاتە ڕوو—تاکە ئایینیشە کە بێباوەڕ لە ڕیزەکانیدا نییە!
«ئێدوارد غالیانۆ»

(١)

لە شەستەکان و حەفتاکاندا دەسەڵاتی وەرزش زیادی کرد و هێزی پتر بوو. لە هەمان کاتدا هەندێک لە ئایینەکان لە کەمبوونەوەی گرنگی و پابەندبوونەوە گلەیییان دەکرد.

لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکان وەرزش شێوەیەکی ئایینی وەرگرتبوو. لە چەرخی نوێشدا زۆر گفتوگۆ کرا دەربارەی سەرهەڵدانی شێوە ئایینییەکەی وەرزشی نوێ؛ وەک ڕۆجز لە توێژینەوەکەی باسی کرد کە لە ساڵی ١٩٧٢ بڵاوبوویەوە، گوتی: وەرزش زۆر بە خێراییی بووە بە گوزارشتێکی نەریتێکی زاڵی ئایینی. «أمین الخولی، الریاضة والمجتمع (ص147-148)، نشر عالم المعرفة، سبتمبر 1996م».

هەروەک هەندێک توێژەر بۆ دوورتر لەوە ڕۆیشتوون و ئاماژە بەوە دەدەن کە چۆن دامەزراوە و ڕێکخراوە وەرزشییەکان شێوەیەکی ئایینییان وەرگرتووە. تەنانەت یەکێکیان دەنووسێت: "لێکچوونێکی زۆر لەنێوان نەریتە ئایینییەکان و وەرزشییەکان هەیە:

هەردووکیان باڵەخانەی تایبەتیان هەیە بۆ کۆبوونەوە و چالاکی.
هەردووکیان ڕێوشوێنی جێبەجێکردنیان هەیە.

هەردووکیان پێش و پاشی ڕووداوەکە نەریتیان هەیە.
هەردووکیان سەرنجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ڕاگەیاندن کێش دەکەن.
هەردووکیان کەسایەتی دیار و کاریزمایییان هەیە.
هەردووکیان پشت بە دووبارەکردنەوە و ڕێکخراوەییی دەبەستن (نوێژ/یەکەی وەرزشی.) هەڵچوون و کاریگەربوون بە کەسایەتییەکان."
«خالد الحشحوش، علم الاجتماع الریاضی (ص99)، نشر مکتبة المجتمع العربی، الطبعة الأولی 2013م».

هەرچەندە ئەم لێکدانەوە سۆسۆلۆجییە بۆ دیاردەی وەرزش زۆربەی جار لە هەڵوێستەیەکی ئایدۆلۆجیاییی دیاریکراوەوە چاوگی گرتووە، بە شێوەیەک ڕەفتار لەگەڵ ئایین دەکات کە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت وەک هەر دیاردەیەکی تر، دەچێتە ژێر کاریگەری یاساکانی گەشەکردن و هەندێک پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات. وەلێ بەکارهێنانی ئایین و بەراوردکردنی لەگەڵ وەرزش لە خۆڕا نەبوو، بەڵکوو بۆ زۆری شێوە لێکچووەکانە لەسەر ئاستی ڕەفتار و کەسایەتی و ئاماژە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکانی هەردوو بابەتەکە.

(٢)

هەرچی بگوترێت لەسەر زیادەڕەوی لە بیرۆکەی گۆڕینی وەرزش بۆ ئایدۆلۆجیایەکی ئایینی، بەڵام نکۆڵی لە دەرکەوتنی هەندێک ئاماژەی شێوە ئیمانی ناکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە وەرزشییەکەدا. لە وڵاتانی بێئایین و بێبەش لە ڕووناکی پێغەمبەرایتی؛ وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە. هەروەها دڵێکی تامەزرۆی ئیمان و پابەندبوون و گەڕیدە بە دوای واتای ژیان، گەر سەرکەوتوو نەبوو لە گەشتن بە ئایین و دڵنیاییی، کۆمەڵێک پەرستراو و خودایانێک دروست دەکات بەگوێرەی دۆخی فەراهەمکراو.

دۆزینەوەی کەسێکی دەمارگیر -ڕەنگە هاوڕێ یا خزمت بێت- کە خۆشەویستییەکی زۆر و بە گەورە گرتنی بۆ تیپە دڵخوازەکەی هەبێت، کردەیەکی دەگمەن نییە!

بە دڵنیایییەوە ئەم هەست و خوستانەی لە دڵەوە سەریان گرتووە، کرۆکی ئایین و کاکڵەی بەندایەتی دەخەنە ڕوو. ڕاستی ئەم کردەوانە کاتێک دەردەکەوێت کە دژیەکییەک لەنێوان پێویستییەکانی ئایین و شەرع، پێویستییەکانی شەیداییی تیپەکەی. ئەم شەیدایە کول نابێت لە شوێنپێگرتنی هەواڵی ئەم تیپە لەسەر هەموو شاشەیەک، لە هەموو توولەڕێیەکی هەواڵگری، بێزاریش نابێت لە قسەکردن دەربارەی هەر شتێک پێوەست بێت بە دڵبەرەکەیەوە. خۆ ئەگەر تیپەکەی شێوەی مرۆڤێکی بگرتایە پڕ بە دەمی پێی دەیگوت:

ئەوە جادوو، وەلێ جادوو هەیەتی چارە،
کەچی بۆ ئەم چارەسازێک نابینمەوە
لەنێو ناواندا ناوی ویم دەوێ،
یاخود هاوشێوەی یا لێی نزیک بێ

ئەم دڵوابەستەبوونە لە جۆری وابەستەبوونە پووچەکانە. ئەمە لە دڵدا جێگە خۆش ناکات گەر خاڵی نەبێت لە خۆشەویستی خودا و پێغەمبەرەکەی ﷺ و بە بەرچاو ڕۆشنییەوە ڕوانینە دواڕۆژ. بۆیە ئەم وابەستەبوونە لای ئەوانە زۆرە کە هێشتا سەرەتای تەمەنیانە و لە قۆناغی گەنجیدان؛ چونکە لەو ساتەی تەمەندا دەروون پەشێوە، هەستەکان هەڵدەچن و پاڵنەرەکان دەبزوێن. بەڵام لافاوی تۆپ و ئەو کەناڵانەی یەک لەدوای یەک یارییەکان دادەبەزێنن لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەوە، هەمووی گرتووەتەوە—بە جۆرێک کۆڕ و کۆبوونەوەیەک نابینیت باسی ئەم «جادووگەرە خڕەی» تێدا نەبێت!

لەگەڵ ئەوەشدا ددان بەوەدا دەنێم ناتوانین ئەم وەسفەی پێشوو گشتگیر بکەین بەسەر هەموو تەماشاکارێکی وەرزشدا. چاودێر ئەوەندەی لە دەست دێت -لانی کەم- بێزاری خۆی دەرببڕێت لە زیادبوونی هستیریایی تۆپ، هەزاران شرۆڤەکاری وەرزشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی، بەرنامەی مۆبایل و ملیۆنان کورتەی یوتیووبی... تاد. هەموویان گەواهیدەرن لەسەر هەڵاوسانێکی «خراپ» لە لاشەی ژیری نیشتمانی.

(٣)
ئەو دەمەی ئیسپانیا دەیناڵاند بە دەست دیکتاتۆرییەتی فڕانکۆوە، بەڕێوەبەری ئەو دەمی «ڕیاڵمەدرید» بەم شێوەیە کاری تۆپی پێی دیار کرد و وتی: "ئێمە بەمە کارێک پێشکەشی گەل دەکەین؛ ئەوەی دەمانەوێت، خەڵکی لە دڵخۆشیدا بهێڵیینەوە."
وەلێ کاڵدیرۆنی هاوڕێی بەڕوونی دەڵێت: "تۆپی پێ بۆنەیەکە، تا خەڵکی بیر لە شتی دیکەی مەترسیدار نەکاتەوە!"
«إدواردو غالیانو، کرة القدم فی الظل والشمس (ص278)، ترجمة صالح علمانی، نشر دار طوی، الطبعة الأولی 2011م»

لە یەکێک لە تێزە کۆمەڵایەتییەکان کە کۆمەڵێک توێژەری وەرزشی کردوویانە، وەها پەسنی وەرزش دەکەن کە «هۆشبەر»ێکە نێوەندگیری هۆشداری بە گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵە کۆمەڵکارییەکان بۆ چارەکردنی. کاتێک گۆدمان لە لێکۆڵینەوەکەی بوویەوە لەسەر یارییەکانی چینی کرێکاران لە یەکێک لە گەڕەکەکانی نییۆرک؛ ئەنجامەکان گەیاندییە ئەوەی وەرزش لەم شارە، وەک ئامرازێک قۆستراوەتەوە بۆ ئەوەی ژیانی ئەم کرێکارانە زۆرتر بەرگە بگرێت.

مێژوو پڕە لەم ئاماژانەی کە گەواهیدەرن لەسەر ڕۆڵی وەرزش لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی و دڵنەواییی؛ دەستپێک لە گۆڕەپانە وەرزشییەکانی ڕۆمانیا کە بەندە/شۆڕشگێڕ ژیانیان لەدەست دەدەن لە ئاهەنگەکانی وەرزشی زۆرانبازی، تا گەشتن بە ئاهەنگ و فێستیڤاڵە وەرزشییەکانی سەردەم کە شانوشەوکەتی بەرپرسە حوکوومییەکان بە شکۆتر دەکات، خەڵکییش دادەبڕێت -گەر کاتییش بێت- لە کێشە ئابووری و کۆمەڵاتییەکان. «بڕوانە: أمین الخولی، الریاضة والمجتمع (ص56-57).» هەندێک بانگەشی ئەوە دەکەن ئەم شیکارییە قایموقۆڵ نییە، بگرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مارکسییە ڕزیوەکان. بەڵام ئەم شیکارییە پێویستە پێگەیەکی باشی پێ بدرێت لە کاتی جێبەجێکردنی لەو وڵاتانەی سیستەمەکانیان زۆردارییە کە زۆر جار گرفت و پشێویی ناوخۆی بە سەردا دێت. خۆگەر سەرنجمان دایە بوونی پەیوەندییەک لەنێوان هەڵکشانی گرنگیدان بە وەرزش و فروانخوازی حوکوومەت -لە هەندێک وەڵات- لە پاڵپشتی کردنیدا، لەگەڵ کەمبڕوایی گەل بە دەسەڵات، یاخۆ زۆر داخوازی لەسەر چاکسازی و گۆڕانکاری؛ ئەو کات کاراییی سیستەمی وەرزشی دەبینین لە چەسپاندنی ئاگایییەکی ڕووکەشی گەل، هەروەها تێکردنی ویستەکانی بە بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەک و دروست کردنی کێشمەکێشی خەیاڵی بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمندا، لەگەڵ خستنە نێو گێژاوێک لە کەرنەڤاڵی وەرزشی یەک لە دوای یەک. بە جۆرێک ئاگاییی لە پێویستییەکانی هەستانەوە/شۆڕش لا دەبات و ئاسۆگەی تەسک دەکاتەوە، هەروەها ئاوێزانی زنجیرە وردەکارییەکی پووچی دەکاتەوە.

(٤)

سەرباری ئەمانەش، دیدگا ماددییەکە بە ناخی جیهانی وەرزشیدا شۆڕ بووەتەوە. ئاخر پێشتر وەرزشکردن ئامانج لێی بەهێزکردنی جەستە و دەروون، ڕاهێنانی مەردم لەسەر یاریدانی یەکتر، خۆشی خستنە دڵیانەوە لە دەستبەتاڵی، بەهێزکردنی لاشە بۆ ئەنجامدانی پەرستشەکان و پێویستییەکانی شەرع بوو (وەک تێکۆشان و ئەوانی دی). وەلێ بە پلەبەندی لەم هەموو بەهایە داڕنرا تا ببێتە مەڕجعییەتێکی سەربەخۆ و دوور لە هەموو بەها ئایینی و ڕەوشتییەکان. تا پێوەرەکانی وەرزش وەرزشیی بێت. سەرکەوتنیش ببێتە تاکە ئامانجی باڵا و نزم! پاشان «لێهاتووییی» دێتە ئاراوە کە بە تەواوی لەگەڵ بیرۆکەی کەیف کردن و بەسەربردنی کاتی بەتاڵ بە شێوەیەکی مرۆڤانە و شارستانییانە، چونکە ئەوە وەرزش دەکاتە چەقی ژیان! «عبدالوهاب المسیری، الإنسان والشیء، گوتارێکی بڵاوکراوە لە الجزیرة نت 2008-07-03. بڕوانە: عبدالوهاب المسیری، العلمانیة الجزئیة والعلمانیة الشاملة (2/174)، طبع دار الشروق، الطبعة الثالثة 2009م».

هەروەها لەو شێوەگرتنە ماددییانەی جیهانی وەرزشی نوێ، ناوەندێتی پارەیە لە بزاڤی وەرزشوانیدا. دەبینی یاریزان دەبێتە کاڵایەکی ڕووتوقوت؛ تیپەکان لە بازاڕی کۆیلەفرۆشانی نوێدا دەستا و دەستی پێ دەکەن. تیپەکانیش دەبنە کارگەیەکی زەبەلاحی ڕێکلام—فانیلەی یاریزانەکانیش دەبنە شاشەیەکی ڕێکلام و پڕوپاگەندە. پاشان دەستەیەک لە بێژەری وەرزشی و سوپایەک لە ئامێرەکانی ڕاگەیاندنی تایبەت بە تیپەکە، زۆر شرۆڤەکاری وەرزشی کە پاش و پێشی هەموو یارییەک خەریکی فرەوێژین، لەگەڵ نووسەرانێک -پڕ مشتێک نابن-... هتد، خەریکی مشەخۆرین بە سەرییەوە. لەم نێوەندەدا بەرتیلخۆری و فێڵ و تەڵەکە و درۆ و جنێو دەبینین کە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتا دزێوەمان پیشان دەدەن کە لایەنە وەرزشییەکانی تێدا دەژی.

(٥)

هاندەرێک لە پشت شاشەیەکەوە، یاخود لەسەر کورسیی یاریگەیەکی نوێ هاوار دەکات، گرفتەکە لەمەدا قەتیس نەبووە. بەڵکوو گرفتە پێوەندە بە بەهای تاک لە کۆمەڵگەدا، شوێنی کۆمەڵگەکە لە نەخشەی شارستانی و گەلاندا، تا چەند بەرپرسان جددین لە وەبەرهێنانی مرۆڤ و بونیادنانی تا بگونجێت لەگەڵ بەرپرسیارێتییە ئایینی و نیشتمانی و ژیارستانییەکەیدا، دوور لە سیاسەتی سڕکردنی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو لە ڕێگەی ئامرازەکانی ساختەکاریی ڕاگەیاندن و وەرزشی.

(٦)

وەرزش لایەنگری و ڕقەبەرایەتی هۆزیی تێدایە،
نەریتی دیاریکراوی هەیە و ئەفسانەی جوانی تێدایە، شەڕی دەستەویەخەی تێدایە، جوانییەکی هەست پێکراوی تێدایە، نمایشی ناوازەیە تێدایە، هەستێکی قووڵت پێدەدات بە لایەنگری؛ خۆ ئەگەر ئەم بەهایانە نەبووایە ژیانی زۆر کەس پووچ دەبوو—بۆیە وەرزش -نەک ئایین- تلیاکی گەلانە!
«تێری ئیگلتۆن»

نووسین: عەبدوڵڵا وهیبی
وەرگێڕان: یوونس شێخ عومەر


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 472

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram