سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  خەليفەى يەكەمى موسوڵمانان ئەبووبەکری صدیق (رەزاى خواى لێ بێت)، بناسن.!
گۆڕینی فۆنت


زنجيرەی ناسينى خەليفەكانى موسوڵمانان. (1).

خەليفەى يەكەمى موسوڵمانان ئەبووبەکری صدیق (رەزاى خواى لێ بێت)، بناسن.!

هاوەڵی هەرە خۆشەویستی پێغەمبەرى خواو یەکەم موسڵمانبووى ناو پیاوان و موژدەپێدراوى بەهەشت و خەزوورى پێغەمبەرى خوا و یەکەم خەلیفەى پێغەمبەرى خوایە.
ناوى: (عەبدوڵاى کوڕی عوسمانى قوڕەیشی تەیمیە)، کونیەکەى ئەبووبەکرەو بە صدیق و عەتیقیش ناسراوە.
دوو ساڵ و نیو لە پێغەمبەرى خوا بچووکتر بوو.
ئەبووبەکر کەسێکی لاوازى باڵابەرزی سپی پێست بوو، خەنەو وسمەى بۆ سەر و قژی بەکاردەهێنا.
لە سەردەمى نەفامیدا یەکێک بوو لە سەرکردەیەکى ناو قوڕەیشیەکان و بڕیاردەریان بوو.
خەڵکی مەککە زۆر تێکەڵی ئەبووبەکر دەبوون، چ لەبەر خۆشی کۆڕەکانى و قسەکردنى، چ لەبەر سەرقاڵبوونى بە کارى بازرگانى، چ لەبەر ئەو زانستەى هەیبوو.
ئەبووبەکری صدیق یەکەم کەس بوو موسڵمان بوو و یەکەم کەسیش بوو لەگەڵ پێغەمبەر (ﷺ) نوێژی کرد.
دواتر دەچوو بۆ لاى کەسایەتیە دیارەکانى وەک عوسمانى کوڕی عەففان و تەلحەى کوڕی عوبەیدوڵاو زوبەیری کوڕی عەووام و سەعدى کوڕی ئەبی وەقاص و هەموو ئەوانەو خەڵکێکی دیکەش بەهۆی ئەبووبەکرەوە موسڵمان بوون.
ئەبووبەکری صدیق سامانێکی زۆری هەبوو، بەڵام هەمووى بۆ سەرخستنى بانگەوازى ئیسلامى خەرج کرد.
لە پێناو خوادا ژمارەیەک کۆیلەى ئازاد کرد، لەوانە بیلالى حەبەشی و عامری کوڕی فوهەیرەو زیننیرەو نهدیەو کچەکەى و کەنیزەیەکی بەنى نەوفەل و ئومموعوبەیس.
لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا کۆچی کرد بۆ مەدینە و لەوێیش بەردەوام لە خزمەتيدا بوو.
لە سەرجەم غەزاکاندا بەشداریى کرد و لە هیچ غەزایەک دوانەکەوت.
جارێک ئافرەتێک هات بۆ لاى پێغەمبەر (ﷺ)، دواتر ئافرەتەکە وتى ئەى ئەگەر ئەمجار هاتمەوەو تۆم نەبینی چی بکەم؟ ئەویش فەرمووى (ئەگەر منت بەدى نەکرد، وەرە بۆ لاى ئەبووبەکر).
پێغەمبەرى خوا (ﷺ) پێش وەفاتەکەى فەرمووى (کەس نیە بەهۆی گیان و سامانیەوە منەتباری بم جگە لە ئەبووبەکری کوڕی قوحافە، ئەگەر من دۆستی زۆر نزیکم لەنێو خەڵکدا بگرتایە، بە دڵنیایەوە ئەبووبەکر دەبوو، بەڵام هاودەمیى ئیسلام باشترە، لەم مزگەوتەدا چی خێمە هەیە بەروومدا دایخەن، جگە لە خێمەکەى ئەبووبەکر).
پاشان فەرمووی (بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەکریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵک بکات).
ئەبووبەکر یەکێکە لە موژدەپێدراوانى بەهەشت، پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) دەیفەرموو (ئەبووبەکر لە بەهەشتە، عومەر لە بەهەشتە، عوسمان لە بەهەشتە، عەلى لە بەهەشتە).
پاش وەفاتى پێغەمبەرى خوا، بەیعەتى خیلافەت درا بە ئەبووبەکر، بەم چەشنە بوو بە یەکەم خەلیفەی موسڵمانان.

گرنگترین دەستکەوتەکانى سەردەمەکەى بریتی بوون لە:

- بەرگرتن بە رەوتى هەڵگەڕانەوەکان و پاراستنی دەوڵەتى ئیسلامى.
- بەرگرتن بە شەپۆلی بانگەشەی درۆیینى پێغەمبەرایەتى لەلایەن درۆزنەکانەوە.
- ناردنى سوپاى ئوسامە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێزی رۆمەکان و سەرکەوتنى سوپاى ئیسلامی تیایدا.
- ئەنجامدانى فتووحات لە عێراق و وڵاتى شامدا.
- نووسینەوەى قورئانى پیرۆز لە دوو توێی پەڕاوێکدا.

دواجار ئەبووبەکری صدیق لە رۆژی دووشەممە، لەبیست و دووى جومادیلئاخیرەى ساڵی سیانزەى کۆچی و لە تەمەنى شەست و سێ ساڵیدا وەفاتى کرد.
لەپێش وەفاتى خۆی، عومەرى کوڕی خەتتابی بۆ جێگرتنەوەى خۆی دیارى کرد و عوسمانى کوڕی عەففانى بانگ کرد و داواى لێکرد بە نووسراوێک ئەوە بنووسێت، ئینجا نووسراوەکە خوێنرایەوە بەسەر موسڵماناندا و ئەوانیش رازى بوون.

نووسينى: مامۆستا نيهاد جەلال حبيب الله.


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 1126

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram