سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  خەليفەى دووەمى موسوڵمانان عومەرى کوڕی خەتتاب (رەزاى خواى لێ بێت) بناسن.!
گۆڕینی فۆنت


زنجيرەی ناسينى خەليفەكانى موسوڵمانان. (2).

خەليفەى دووەمى موسوڵمانان عومەرى کوڕی خەتتاب (رەزاى خواى لێ بێت) بناسن.!

نووسينى: مامۆستا نيهاد جلال حبيب الله.

هاوەڵی خۆشەویست و خەزوورى پێغەمبەرى خوا و موژدە پێدراوى بەهەشت و دووەم خەلیفەى موسڵمانان و لەناوبەرى دەوڵەتى ساسانى و رزگارکەرى مزگەوتى ئەقصایە.
ناوى: (عومەرى کوڕی خەتتابى کوڕی نوفەیلى کوڕی عەبدولعوززاى کوڕی ریاحى قوڕەیشی عەدویە)، کونیەکەى ئەبووحەفصە
بە فاروقیش ناسراوە، چونکە کاتێک موسڵمان بوو، ئیتر بێباوەڕان نەیاندەوێرا وەک جاران ئازارى موسڵمانان بدەن، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ناوى نا فاروق.
عومەر کەسێکی باڵابەرزى بەخۆ بوو، رەنگى سوور بوو.
لە سەردەمى نەفامیدا، دوژمنێکی سەرسەختى ئیسلام بوو، هاوکات نێردراوى قوڕەیش بوو بۆ شوێنان.
لە ساڵی شەشەمی پێغەمبەرایەتی و لە تەمەنى بیست و شەش ساڵیدا موسڵمان بوو، بە موسڵمانبوونیشى شکۆی موسڵمانان زیادی کرد.
کاتێک بڕیاری کۆچکردن بۆ مەدینە دەرچوو، عومەریش کۆچی کرد، لەوێ کەسی نزیکی پێغەمبەرى خوا بوو، لە سەرجەم غەزاکاندا بەشداری کرد و بە هۆی بەهێزیەکەوە کە لە پێش موسڵمانبوونیشیەوە پێی ناسرابوو، لە غەزاکاندا رۆڵێکی کاریگەری هەبوو.
لە ساڵی سێیەمى کۆچیدا حەفصەی کچی مارە کرد لە پێغەمبەر (ﷺ).
پێغەمبەرى خوا بە عومەرى دەفەرموو (سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە، شەیتان لە هەر ڕێیەکدا پێت بگات، خێرا رێگەکەى دەگۆڕێت و رێیەکى تر دەگرێتە بەر).
هەروەها دەیفەرموو (بەرەحمترین کەسی ئوممەتەکەم بەرامبەریان ئەبووبەکری صدیقە، عومەریش لە هەموویان زیاتر مکووڕە لەسەر جێبەجێکردنی دینی خوا).
پاش وەفاتى پێغەمبەرى خوا، هاوەڵی نزیکی ئەبووبەکری صدیق بوو، لە سەرجەم کایەکاندا هاوکار و پشتیوانى بوو، خەلیفە داواى لە ئوسامە کرد دەرفەت بدات عومەر لەگەڵ سوپاکەیدا نەچێت و لە مەدینە بمێنێتەوە بۆ هاوکاریکردنی لە راپەراندنى کاروبارى موسڵماناندا، ئەویش رازى بوو.
پاش وەفاتى ئەبووبەکری صدیق، لەسەر راسپاردەى خەلیفەی پێشوو، بەیعەت درا بە عومەری کوڕی خەتتاب و بوو بە خەلیفەى موسڵمانان، بۆ یەکەمجاریش وەک یەکەم کەس نازناوى ئەمیری باوەڕدارانى بۆ بەکارهات.
خیلافەتەکەى مۆرکى دادپەروەری پێوە دیاربوو، سەردەمى خیلافەتەکەى پڕ دەستکەوت بوو، لەوانە:
- فراوانکردنى بەرەى فتووحات لە رۆژهەڵاتى ئیسلامى و رووخاندنى ئیمپراتۆریەتی ساسانی و بڵاوکردنەوەى ئیسلام لەو ناوچانەدا.
- فەتحکردنى شام و لەنێویشیدا دیمەشق و بەیتولمەقدیس کە دوو پایتەختى گرنگى سیاسی و ئایینی سەردەم بوون.
- فەتحکردنى وڵاتى میصر و بناغەدانان بۆ پەلهاویشتن بەرەو بەشەکانى تری باکوورى ئەفریقیا.
- دانانى دیوانەکان لەنێو دەوڵەتى ئیسلامیدا، وەک دیوانى بەخشین، دیوانى کۆکردنەوەى خەراج، دیوانى سوپا.
- دانانى رێککەوتى ئیسلامى کە ساڵی کۆچی پێفەمبەر بۆ مەدینە کرا بە سەرەتاى ئەو رێککەوتە.
- پێشکەوتنى بەرچاو لە بوارى ئابووری و ئاوەدانکردنەوەدا.

پاش تەمەنێک لە فەرمانڕەوایی، دواجار کابرایەکی نەهاوەندی بە ناوى ئەبوولوئلوئە، بڕیاری کوشتنی ئەمیری باوەڕدارانی دابوو، ئەم کابرایە لە بنەڕەتدا مەجووسی بوو، لە جەنگى فارس و رۆمدا لەلایەن رۆمەکانەوە بەدیل گیرابوو، کە ماوەیەک لەوێ مایەوە، خۆی وەک کەسێکی نەصرانی ناساند، دواتر کەوتە دەست موسڵمانەکان و کۆیلەی موغیرەی کوڕی شوعبە بوو، خەموخەفەتى فەتحى فارس و رووخاندنى ئیمپراتۆریەتی ساسانی، دڵ و دەروونی داگرتبوو و زوو زوو دەیوت: عومەر جەرگی خواردوم.
لە نوێژی بەیانى رۆژی چوار شەممە و لە رکاتى یەکەمی نوێژەکەدا، ئەبوولوئلوئە بە خەنجەرێکی ژەهراوى هێرشی بردە سەر خەلیفە، ئەویش هاواری کرد: سەگەکە کوشتمی، ئەبوولوئلوئەش بەناو خەڵکەکەدا دەرۆیشت و بە راست و چەپی خۆیدا خەڵکەکەی بریندار دەکرد، سیانزە کەسی بریندار کرد کە حەوتیان وەفاتیان کرد، ئینجا کابرای بکوژ، خۆیشی کوشت، عومەر دەستی عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوفی گرت و خستیە پێشنوێژیەوەو خەلیفەش بە برینداری مایەوە هەتا نوێژەکە تەواو کرا، ئینجا برایەوە ماڵەوە، پاش ئەوەی پشکنینی بۆ کرا، زانرا پێکرانەکەی سەختە و دەیکوژێت.
دواتر شەش کەسی راسپارد، هەتا شوورایەک پێکبهێنن و لەنێو خۆیاندا کەسێک وەک خەلیفە دەستنیشان بکەن، ئەوەبوو بەیعەت درا بە عوسمانى کوڕی عەففان.

عومەرى کوڕی خەتتاب چەند وەسیەتێکى کرد بۆ خەلیفەی پاش خۆی، لەوانە:

لەگەڵ کۆچەران و پشتیواناندا باش بێت و ماف و پێشینەیان لەبەرچاو بگرێت.
لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتی و ویلایەتەکاندا باش بێت.
لەگەڵ عەرەبە دەشتەکیەکاندا باش بێت.
زەکات لە دەوڵەمەندەکان کۆبکاتەوەو دابەشی بکات بەسەر هەژارانیاندا.
بەڵێنی ئەهلی زیممە بپارێزێت و بیانپارێزێت و ئەرکی قورسیان نەخاتەسەر.
لە رۆژی یەکشەممە، سەرەتاى موحەڕەمی ساڵی بیست و سێی کۆچیدا، عومەرى کوڕی خەتتاب کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەى ئەسپەردە کرا، ماوەى خیلافەتەکەشى نزیکەی دە ساڵ و نیو بوو.


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 415

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram