سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  خەليفەى سێيەمى موسوڵمانان عوسمانى کوڕى عەففان (رەزاى خواى لێ بێت) بناسن.!
گۆڕینی فۆنت


زنجيرەى ناسينى خەليفەكانى موسوڵمانان. (3).

خەليفەى سێيەمى موسوڵمانان عوسمانى کوڕى عەففان (رەزاى خواى لێ بێت) بناسن.!

هاوەڵى خۆشەویستی پێغەمبەرى خوا و لە دەستەى یەکەمى موسڵمانبووەکانى مەککە و بەشداربووی هەردوو هیجرەتى حەبەشە و مەدینەیە، دووجار زاواى پێغەمبەر و بەخشندەیەکى ناسراوى رێى خوا و موژدەپێدراوى بەهەشت و سێیەم خەلیفەی پێغەمبەرى خوایە.
ناوى: (عوسمانى کوڕی عەففانى کوڕی ئەبیلعاصی کوڕی ئومەییەی قوڕەیشی ئومەویە).
پێی دەوترا زيننورەین، واتە خاوەن دوو ڕووناکیەکە، لەبەرئەوەى دووو کچی پێغەمبەرى خواى (صلى الله علیه وسلم) بەهاوسەر گرتبوو.
شەش ساڵ پاش ساڵی فیل لەدایک بوو، واتە تەمەنى لە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) کەمتر بوو.
سەرەتا روقییەى کچی پێغەمبەرى خواى بەهاوسەر گرت و لەگەڵیدا خۆشی و ناخۆشیەکانى بەشکرد، پێکەوە کۆچیان کرد بۆ حەبەشەو پێکەوە گەڕانەوەو کۆچیان کرد بۆ مەدینەو لە مەدینەش تا وەفاتى روقییە لە سەروبەندى غەزاى بەدردا پێکەوە بوون.
دواتر کچی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ئومموكلثومى لێ مارە کرد، بەڵام ئەمیش لە ساڵی نۆى کۆچیدا وەفاتى کرد.
عوسمانى کوڕی عەففان لە رێی ئەبووبەکری صدیقەوە موسڵمان بوو.
حەکەم کە مامى بوو، عوسمانى گرت و بە گوریس بەستیەوەو وتى: سوێند بەخوا تا نەگەڕێیتەوە سەر ئایینی باوباپیرانت، ناتکەمەوە، عوسمانیش وتى: سوێند بەخوا هەرگیز وازى لێ ناهێنم، کاتێک حەکەم بینی عوسمان زۆر سوورە لەسەر ئایینەکەى، وازى لێهێنا و بەریدا.
عوسمان لە زۆربەى غەزاکاندا بەشدارى کرد، لە رێککەوتنى حودەیبیەشدا نوێنەرى پێغەمبەرى خوا بوو بۆ لاى قوڕەیش، دواتر دەنگۆ وا بڵاوبوویەوە کوژراوە، بۆیە پێغەمبەرى خوا بۆ تۆڵەسەندنەوەى خوێنی عوسمان، بەیعەتى ریزاونى لە هاوەڵان وەرگرت.
پێغەمبەر (ﷺ) کە ویستی غەزاى تەبووک بکات، داواى کرد خەڵکێک کۆمەکى ماددى پێشکەش بکەن تا پێداویستیەکانى جەنگ ئامادە بکرێن بۆ موسڵمانان، ئەوەبوو عوسمانى کوڕی عەففان لە هەموو کەسێک زیاترى بەخشی، ئینجا پێغەمبەرى خوا فەرمووى (دواى ئەمە عوسمان هەرچی بکات لەسەری نیە).
عائیشە دەڵێت: پێغەمبەر (ﷺ) بە عوسمانى فەرموو (ئەى عوسمان، لەوانەیە خواى گەورە جلێکت بەبەردا بکات، جا ئەگەر دووڕوەکان ویستیان لایبەرن، لایمەبە تا دەگەیتەوە پێم، سێ جار ئەوەى پێ فەرموو).
زەید دەڵێت: جارێک پێغەمبەر (ﷺ) منى نارد و فەرمووى (بڕۆ تا دەچیتە بازاڕ و دەگەیت بە عوسمان کە تیایدا کڕین و فرۆش دەکات، پێی بڵێ: پێغەمبەرى خوا (ﷺ) سەلامت لێ دەکات و دەفەرمویت موژدەى بەهەشتت لێ بێت پاش نارەحەتیەکى سەخت).
عوسمانى کوڕی عەففان لە سەردەمى ئەبووبەکردا کەسی نزیکی خەلیفە بوو، کاتێک خەلیفە چوو پێشەنگى حەجى بکات بۆ موسڵمانان، عوسمانى وەک بەرپرسی مەدینە دانا تا خۆی دەگەڕێتەوە.
لە سەردەمى عومەرى کوڕی خەتتابیشدا عوسمان کەسی نزیکی خەلیفە بوو و خەلیفە لە پرسە گرنگەکاندا راوێژی پێ دەکرد وەک چۆن لە فتووحاتى عێراقدا راوێژی پێکرد.
پاش شەهیدبوونى عومەرى کوڕی خەتتاب، بە شوورا عوسمان وەک خەلیفە هەڵبژێردرا و خەڵکى بەیعەتیان پێدا.

لە دیارترین دەستکەوتەکانى خیلافەتەکەى بریتی بوون لە:

کۆکردنەوەى قورئان و یەکخستنى شێوە خوێندنەوەکان کە لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێی هەستا.
گرنگیدان بە فەرموودە لە خودى خەلیفەوە بۆ خوارەوە.
ئاوەدانکردنەوەو بیناسازى (بیرلێدان، فراوانکردنى مزگەوتى پێغەمبەر (ﷺ)و مەسجیدلوحەرام، دروستکردنى مزگەوت لە ناوچەکانى دیکە، رێڕەوە ئاویەکان).
دامرکاندنەوەى هەڵگەڕانەوەکان و لەناوبردنی مەترسیە هەنووکەییەکانى سەر هێزە ئیسلامیەکان کە بریتی بوون لە کۆکراوەى هەردوو هێزی ساسانى و بیزەنتى لە هەردوو بەرەی رۆژهەڵات و رۆژئاواوە.
پەلهاویشتن بۆ ناوچەکانى دەرەوەى سنووری دەسەڵاتى ئیسلامى بۆ بنەبڕکردنی سەرچاوەکانى هێرشبردنە سەر موسڵمانان و گرتنەبەری سیاسەتى پێشڕەوی لەبری بەرگری و پاشەکشە، لەوانەش فەتحى (مەرو، ئەرمینیا، تەرابلوسی شام، دوورگەى قوبرص، فتوحاتى باکوورى ئەفریقی، فەتحى نۆبە، فەتحى ئەندەلوس).
بڵاوکردنەوەى ئیسلام لە ناوچە فەتحکراوەکان بە چەشنێک بەرەبەرە ببن بە بەشێک لە جەستەی ئوممەتی ئیسلامى و لەبری هەڵگەڕانەوەو دروستکردنى سەرئێشە، ببنە هێزی پاڵنەری بانگەوازى ئیسلامى و پەلهاویشتن بەرەو دەوروبەر.
پەیڕەوکردنی شێوازێکی نوێی هێزی سەربازى لەنێو سوپاى ئیسلامیدا کە ئەویش بریتی بوو لە کەشتیگەلى ئیسلامى.
لە سەردەمى عوسماندا، دەستەى سەبەئیەکان بە سەرکردایەتی عەبدوڵاى کوڕی سەبەئی جوولەکە کەوتنە دژایەتى کردنى خەلیفە و ئاشووبگێڕی لە ناوچەکاندا و دەیان بیانوویان دۆزیەوە بۆ رەواکردنى کوشتنی خەلیفە و دواجار ماوەى چل رۆژ گەمارۆى ماڵیان دا، لە مانگى زیلحیججەدا هێرشیان بردە سەر خەلیفە و شەهیدیان کرد.

نووسینی: مامۆستا نیهاد جلال حبیب اللە.


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 374

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram