سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  خەليفەى چوارەمى موسوڵمانان عەلى کوڕی ئەبووتالیب (رەزاى خواى لێ بێت) بناسن.!
گۆڕینی فۆنت


زنجيرەى ناسينى خەليفەكانى موسوڵمانان. (4).

خەليفەى چوارەمى موسوڵمانان عەلى کوڕی ئەبووتالیب (رەزاى خواى لێ بێت) بناسن.!

ئامۆزا و هاوەڵی خۆشەویستی پێغەمبەرى خوا و یەکەم منداڵی موسڵمانبوو و زاواى پێغەمبەرى خوا و موژدەپێدراوى بەهەشت و چوارەم خەلیفەی موسڵمانانە.
ناوى عەلى کوڕی ئەبووتالیبی کوڕی عەبدولموتەلیبی قوڕەیشی هاشمیە، کونیەکەى ئەبولحەسەنە، ئەبووتالیبی بابی پشتیوانێکی سەرسەختى پێغەمبەرى خوا بوو، بەڵام بەهۆی کاریگەرى قوڕەیشیەکانەوە، بە بێباوەڕی وەفاتى کرد، بەڵام فاتیمەى دایکى باوەڕی هێنا و بە ئیمانەوە وەفاتى کرد.
کاتێک پێغەمبەرى خوا بانگەوازى دەستپێکرد، یەکەم کەس لە منداڵاندا باوەڕى هێنا، عەلى کوڕی ئەبووتالیب بوو، دواتر بوویە هۆکارى موسڵمانبوونى گەورە هاوەڵانێکی وەک ئەبووزەری غیفاری.
کاتێک پێغەمبەر (ﷺ) ویستی کۆچ بکات بۆ مەدینە، عەلى کوڕی ئەبووتالیبی راسپارد لە شوێنەکەیدا بخەوێت و لە مەککە بمێنێتەوە بەو مەبەستەى سپاردەکانى لاى پێغەمبەر (ﷺ) بداتەوە دەست خاوەنەکانیان، ئەویش ئەرکەکەى بەجێگەیاند، ئینجا کۆچی کرد و خۆی گەیاندە مەدینە.
عەلى لە زۆربەى غەزاکاندا بەشداری کرد و لە هەندێکیاندا ئاڵاى موسڵمانانى بەدەستەوە بوو، ئەمیرایەتى چەند سیریەیەکیشی کرد.
پاش غەزاى بەدر، چوویە داواى فاتیمەى کچی پێغەمبەرى خوا و لەسەر تەنها قەڵغانێک مارەى کرد.
کاتێک فەتحى خەیبەر سەختيى تێکەوت، بۆ شەوەکەى، پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) فەرمووى (سبەینێ ئاڵاکە دەدەمە دەست کەسێک کە خوا لەسەر دەستی ئەو فەتحى خەیبەر دەبەخشێت، ئەو کەسە خواو پێغەمبەرى خواى خۆش دەوێت و خوا و پێغەمبەرى خواش (ﷺ) ئەویان خۆش دەوێت)، کەسەکەش بریتی بوو لە عەلى کوڕی ئەبووتالیب.
پێغەمبەرى خوا (ﷺ) دەیفەرموو (بە رەحمترینی ئوممەتم بە ئوممەتەکەم ئەبوبەکرەو بەهێزترینیان لە ئایینی خوادا عومەرەو بە شەرمترینیان عوسمانە و دادوەرترینیان عەلى کورى ئەبووتالیبە).
هەروەها دەیفەرموو (تۆ ئەی عەلى، زاواى من و باوکى منداڵەکانمیت و من لە تۆم و تۆیش لە منیت).
پاش وەفاتى پێغەمبەرى خوا، پشت و پشتیوانى هەر سێ خەلیفەکە بوو و لە ورد و درشتی بابەت و رووداوەکاندا راوێژی پێ دەکرا و ئەویش دەستبارى خەلیفەکان بوو.
پاش شەهیدبوونى عوسمانى کوڕی عەففان، بەیعەتى خیلافەتى پێدرا.
بەهۆی دەرکەوتنى سەبەئیەکان و هەڵگیرساندنى ئاگری ئاشووب لەنێو موسڵماناندا، دوو جەنگى سەختى نێوان موسڵمانان لە خیلافەتەکەیدا روویاندا (جەمەل، صفین)، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا حەق لاى عەلى بوو، بەڵام بەهۆى دەمارگیریى مەزهەبیەوە، بڕێک گێڕانەوەى نادروست سەبارەت بەو جەنگانە تۆمارکراوە کە ئامانج لێیان چەندقات گەورەتر نیشاندانى ئاشووبەکە و ناشیرینکردنى ئەزموونى مێژوویى موسڵمانانە، ئەگەرنا دەقە صەحیحەکان دەیسەلمێنن کوشتارەکە چ لە رووى کات و چ لە رووى ژمارەى کوژراوەکانەوە، زۆر کەم بووە.
هاوکات جەنگى خەواریجەکانى کرد و تووشی شکستێکی سەختى کردن.
داخى شکستەکە، خەواریجەکانى هاندا هەوڵی تیرۆرکردنی خەلیفە بدەن و دواجاریش توانییان پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن.
شەهیدکردنەکەشی لە شەوی حەڤدەى مانگى رەمەزانى ساڵی چلی کۆچیدا بوو، ماوەى خیلافەتەکەشى چوار ساڵ و هەشت مانگ و نیو بوو.
لە دیارترین منداڵەکانى بریتی بوون لە: حەسەن، حوسەین، عوسمان، عومەر، ئومموكلثوم، زەینەب، موحەممەد (ئیبنولحەنەفیە)، عەبباس، جەعفەر، عەبدوڵا، یەحیا، روقییە.

نووسینی: مامۆستا نیهاد جلال حبیب اللە.


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 375

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram