هەرجارەو_بیرخستنەوەیەک .! سووننەتە خۆتان بۆ يەكتر بڕازێننەوە.! لە سووننەتى پێغەمبەرى نازدارە ﷺ خۆ ڕازاندنەوەو خۆ جوانكردن و بۆنى خۆش بەكارهێنان لە نێوان ژن و پياواندا، بۆيە لە ئێستادا زۆرێك لە ژنان و لە پياوانيش گلەيى و گازندەيان هەيە لەيەكترى لەسەر شپرزەيى و بۆنى ناخۆش و ڕووى ناخۆش و جلوبەرگى دێزو ناشرين و زۆر شتى تريش..!! بۆيە گەر ئاگاتان لەو گرفتە نەبێ و چارەسەرى نەكەن، ئەوا تووشى كێشەو دەردەسەرى دەبن و نێوان ژن و پياو ساردبوونەوەى تێدەكەوێ. ئيمامى نەسائى لە ئەبوهورەيرەوە دەيگێڕێتەوەو (شێخى ئەلبانيش بە سەحيحى داناوە)، كە وتراوە بە سەروەرى مرۆڤايەتى ﷺ، كام لە ژنان باشترو چاكترن.؟ ئەويش ﷺ فەرمووى: ئەو ژنانە باشترو چاكترن كە بەسەيركردنيان دڵخۆش دەبى و كاتێك فەرمانيان پێ دەكەيت گوێرايەڵيت دەكەن و پێچەوانەى مێردەكانيان بەوەى مێرد پێى ناخۆشە نە لە خۆيان و نە لەماڵيان ناكەن. عائيشەى دايكى موسوڵمانان دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەرى خودا پێى خۆشبووە كە ژن و مێرد خۆيان بۆ يەكترى بڕازێننەوە، وە عائيشە دەڵێ: (كاتێك پێغەمبەر ﷺ دەهاتە ماڵى من، يەكەم شت سيواكى بەكار دەهێنا). بێگومان بۆ ئەوەبووە بۆنى دەمى سەروەرمان خۆش و پاك بێت.! بوخارى ريوايەتى كردووە. وە هەروەها عائيشە دەڵێ: (خۆم پێغەمبەرى خودام بە خۆشترين بۆن بۆندار دەكرد، تەنانەت سەرو ڕيشى پيرۆزيشى بۆندار دەكرد). بۆخارى ريوايەتى كردووە. هەروەها عائيشە ڕەزاى خواى لەسەر دەڵێ: (قژو مووى سەرى پێغەمبەرم شانە دەكرد). بوخارى ريوايەتى كردووە. هەروەها ئيبن عەباس رەزاى خواى لەسەر زۆرى پێخۆشبووە كە خۆى بڕازێنێتەوە بۆ خێزانى، ئيمامى بەيهەقى دەگێڕێتەوە كە ئيبن عەباس فەرموويەتى: من پێم خۆشە خۆم بڕازێنمەوە بۆ خێزانم وەك چۆن پێم خۆشە ئەويش خۆى بڕازێنێتەوە بۆم، چوون الله تعالى فەرموويەتى: (ژنان هەرچۆنێ ئەرکى ژنانەیان لەسەرە، مافى ڕەواى خۆشیان لەسەر پیاوان بەشێوەیەکى پەسەندى کۆمەڵگەى ئیسلامیى هەیە، واتە: دەبێ هەردوولا مافەکانى یەکتر بپارێزن و، کەسێکیان ستەم لەویتریان نەکات..). [البقرة: 228]. كەوابوو با ژنان و پياوان ئاگادارى حاڵ و زروفى يەكتر بن و بە جلوبەرگى جوان و بۆنى خۆش و ڕووى خۆش پێشوازى لە يەكتر بكەن و شپرزە نەبن. دڵنيابن بەپێى سوننەت و ڕەوشتى پێغەمبەرى ئيسلام ژيان بەڕێوە ببەن هەرگيز تووشى كێشەو ناڕەحەتى نابن. [ وَإِن تُطِيعُوهُ تَهْتَدُوا ۚ ] خۆ ئەگەر فەرمانبەردارو گوێرایەڵى ئەوبن (محمد) ئەوا ڕێنوێن و بەختیار دەبن. پەيجى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود لە هەوڵى پاراستن و زيندووكردنەوەى سوننەت و ڕەوشتە بەرزەكانى پێغەمبەرى ئيسلامە بۆ كۆمەڵگاى كوردەوارى. نووسين و ئامادەكردنى: عيرفان ئەحمەد كاكه مەحموود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org