تەفسيرى ڕامان به‌رهه‌می چوارده ساڵ شه‌ونخوونی جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مەحموودە. ڕەحمەتى خواى لێبێت.
- تەفسيرى قورئانى پيرۆز بە زمانى شيرينى كوردى يەكێكە لە شاكارە هەرە گرنگەكانى زانايانى كوردستان كە لەوپەڕى خەمخۆرى و دڵسۆزييان بۆ پەيامى الله تعالى هەستاون بە وەرگێڕان و ڕاڤەكردنى قورئانى پيرۆز بۆ سەر زمانى كوردى. - بە دەيان تەفسيرو ڕاڤەى قورئانى پيرۆز بە زمانى شيرينى كوردى بڵاوبۆتەوەو سوپاس بۆ الله تعالى نەوەى نوێى كوردستان چاوو دڵى گەشاوەيە بە نورى قورئانى پيرۆزو هيچ رێگرييەك نەماوە بۆ تێگەيشتن و دەرك كردنى واتا‌و مەبەستەكانى قورئانى پيرۆز. - يەكێك لە تەفسيرە گرنگ و پڕ بايەخەكانى كوردستان تەفسيرى ڕامانە لە مانا‌و مەبەستى قورئان، كە لە نووسينى جەنابى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموودەو توانيويەتى لەماوەيەكى زۆركەمدا جێگاى خۆى لە دڵى زۆرينەى خەڵكى زانستخواز لە مامۆستايان و بانگخوازان و فێرخوازاندا بكاتەوە. - تەفسيرى ڕامان به‌رهه‌می 14 ساڵ شه‌و نخونیی و ماندووبونی جەنابى مامۆستايە، كه توانى دواى ئەو هەموو كۆسپ و ناڕەحەتييانەى هاتە رێى سەركەوتووبێت لە نووسينى تەفسيرەكەيدا. - له ساڵی 1992 زايينى لە ئۆردوگاى دزڵى كوردستانى رۆژهەڵات دەستى بە نووسينى كردووە، پاشان وه‌ك جه‌نابی مامۆستا خۆى له پێشه‌كی ته‌فسیره‌كه‌یدا باسی كردووه، هه‌ر به‌شه‌و له شوێنێك نووسراوه: وه‌ك كوردستانی رۆژهەڵات له شارەكانى مه‌ریوان، سنه، پیرانشه‌هر، خدراوای سه‌ركردایه‌تی بزووتنەوەى ئيسلامى، تاران و كرماشان، دواتر كوردستانی باشوور له‌شاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدان، هه‌ولێر، دهۆك، ڕانیه، سلێمانی، خورماڵ، هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش لە وڵاتانی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌و لیبیا‌و سوریه‌و توركیا. - پاشان تەفسيرى ڕامان لە كەش و هەوايەكى جموجوڵ و بزووتنى كارى ئيسلامى لە داييكبووەو تەفسيرێكى حەرەكى و پوختەو گرنگييەكى زۆر دراوە بە بابەتى عەقيدەو بوارى ئەسماو سيفات و زۆرێك له ئه‌حكامی فیقهی و وەڵامى چەندين گومان لەسەر بنەماكانى ئيسلام دراوەتەوە، بۆيە (ڕامان) له‌و كه‌ش و بارودۆخه‌دا نووسراوه. هۆكارەكانى نووسینى تەفسيرى ڕامان و گرفتەكانى سەر رێگاى مامۆستا لە نووسينى تەفسيرەكەيدا: له پێشه‌كی تەفسيرەكەيدا جەنابى مامۆستا ئەحمەد كاكه مەحموود "بەڕەحمەت بێت" هۆكارو گرفتەكانى نووسینى تەفسيرى ڕامان دەگێڕێتەوە دەڵێ: 1- له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (1990)ـه‌وه، گه‌لێ جار له‌لایه‌ن گەنج و لاوه‌كانی كوردستانەوە داوا ده‌كرا كه به‌ڵكو به په‌له كورته مانایه‌ك بۆ قورئان بنووسين، چونكه زۆربه‌یان فێرخوازن و كاتیشیان ئه‌وه‌نده نییه ته‌فسیرێكی چه‌ند به‌رگی ئه‌مدیوو و ئه‌ودیو بكه‌ن و لێی به‌هره‌مه‌ند ببن. بۆيە منیش ئه‌و داوایه‌م خستە دڵمه‌وه (هه‌رچه‌نده كارێكی زۆر سه‌ختیش بوو) كه بیر له‌و پرۆسه بكه‌مه‌وه و ئه‌و ئه‌ركه قورسه‌یه له ئه‌ستۆ بگرم، هه‌رچه‌نده‌یش هه‌وڵم ده‌دا بۆم ڕێ نه‌ده‌كه‌وت، تا ساڵى (1992)ی زایینی پاش (هیجره‌ت) كۆچ كردنمان و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی زۆر له كوردستانی خۆشه‌ویستمان و گه‌رانه‌وه‌مان، كورد گوته‌نی: ده‌ست له‌ده‌ست و قووه‌ت له‌خودا، زۆر به‌شه‌رمێكه‌وه خامه‌م گرتە ده‌ست و خۆم خسته نێو ئه‌و ده‌ریا قووڵه‌وه، چونكه ئه‌وه‌نده قورئانم خۆش ده‌ویست پێم وابوو له‌م مه‌یدانه ده‌رده‌چم !. 2- له‌ولاشه‌وه كاروباریی ئیسلامیی و جموجووڵ كاته‌كه‌ی هه‌موو گرتبووم، چونكه گۆڕه‌پانی كوردستان (به‌تایبه‌ت) لەو كاتانەدا وای هه‌ڵده‌گرت كە شەوو رۆژ لەكارو خەبات و نەوەستاندا بم، هه‌ر بۆیه به سه‌دان گیرووگرفتم بۆ په‌یدا ده‌بوو و ناچار ده‌بووم گه‌لێ جار لێی دوور بكه‌ومه‌وه، بۆیه سێ چوار مانگێك ده‌ستم لێ هەڵگرت و پاشان دیسانه‌وه تێهه‌ڵچوومه‌وه، به‌ڵام هه‌ر پارچه‌و به‌شه‌ی (ده‌توانم بڵێم له بن به‌ردێكدا، وه یان له شوێنێكدا، له‌به‌ر قتووله چرایه‌كدا) نووسيومە، خودا بيكاتە رۆشنايى ڕێگاى سەفەرى دوورمان. 3- بۆ ئه‌وه‌ی ئابوورییه‌كی پاكژو حه‌ڵاڵمان هەبێت و فێری جیهادو خه‌بات و هه‌وڵ و تێكۆشان ببین، بۆ ئه‌وه‌ی فێری شێوازی پێكه‌وه ژیان و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كدی ببین، بۆ ئەوەى فێری زانست و زانیاریی ببين، بۆ ئەوەى فێری خواپه‌رستییه‌كی ڕاست و ڕه‌وان و په‌سه‌ند لای خودا ببين، جا له‌به‌ر هه‌موو ئه‌مانه، له‌و كات و ساته زۆر ئاڵۆز‌و شێواوه‌دا – له عێراق و له كوردستان، چوومه ژێر ته‌كلیف و ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمه‌وه‌و، ئه‌م كورته ته‌فسیره‌م - وه‌كو خزمه‌تێك به نه‌ته‌وه‌كه‌م- نووسی، به‌و هیوایه‌ى ئه‌م نه‌وه‌یه‌و نه‌وه‌ی ئایینده‌ی گەلى كوردمان ئاشناترو شاره‌زاتر بێ به قورئان.. وا حاڵی ببێ كه قورئان به‌رنامه‌ی ژین و رۆژی سه‌ڵایه، به‌رنامه‌ی جیهادو تێكۆشان و خه‌باته، پێڕه‌وی كاروكارنامه‌ی مرۆڤه‌كانە تا ڕۆژى دوايى..). بە كورتى: تەفسيرى ڕامان له ڕه‌مه‌زانی ساڵی (1413)ی كۆچیی، به‌رامبه‌ر به ساڵی (1992) زایینی لە كوردستانى رۆژهەڵات لەداييكبووە، وه له (9/6/1997) زایینی له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له (ڕاگه‌یاندن)ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له كوردستان/ عێراق، جەنابى مامۆستا كۆتايى بە نووسینی تەفسيرى ڕامان هێناوە.. پاشان به‌هۆی پیاچوونه‌وه‌و زیادكردن و گۆرانكاری له ته‌فسیره‌كه‌يدا، تا كۆتایی ساڵی (2005)ی زایینی هه‌روا مايه‌وەو پاشان ئاماده‌ی چاپكردن كرا. چى بۆ تەفسيرى ڕامان ئەنجامدراوەو چ خزمەتێك كراوە: لە پاش وەفاتى جەنابى مامۆستا ئەحمەد كاكه مەحموود بەرەحمەت بێت، لەلايەن عيرفان ئەحمەد كاكە مەحموودەوە سەرپەرشتى بەرهەم و نووسراوەكانى جەنابى مامۆستا ئەحمەد دەكرێت و گرنگييەكى بەرچاوو بێ وێنە بە بەرهەم و نووسراوەكانى مامۆستا دەدرێت، بەتايبەت تەفسيرى ڕامان وردبينى و پياچوونەوەى وردى بۆ ئەنجامدراوەو تا ئێستا نزيكەى (6) جار هەموو ڕامان خوێنراوەتەوەو وردبينى بۆ كراوە، دواتر لێكۆڵينەوەى زانستى لە فەرموودەكانى ناو تەفسيرى ڕامان كراوەو تەواوى ئەو فەرموودانەى لە تەفسيرەكەدا هاتووە ڕاستى و پلەى سەحيحى و لاوازييان يەكلا كراوەتەوە، پاشان سەرجەم دەقە عەرەبييەكانى وەك (ئەسماو سيفات و فەرموودە عەرەبييەكان)ى ناو تەفسيرى ڕامان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانى كوردى و (سەرو بۆرو ژێر)يش بۆ دەقە عەرەبييەكان دانراوە، هەروەها لە كۆتايى تەفسيرەكەشدا فەرهەنگۆكێك دانراوە بۆ سەرجەم ئەو وشەو زاراوانەى كە واتا‌و مانايان نەزانراو بووە، واتا‌و مانا كراونەتەوەو شەرح كراون. ژمارەو تيراژى تەفسيرى ڕامان لە مانا‌و مەبەستى قورئان: - تەفسيرى ڕامان تا ئێستا (8) جار چاپكراوەو تيراژى گەيشتووەتە (23000) هەزار نووسخەو سوپاس بۆ الله تعالى پێشوازييەكى بێ وێنەى لێدەكرێ لەلايەن زانسخوازان و فێرخوازانەوە. مه‌نهه‌ج و ڕێرەوى جەنابى مامۆستا ئەحمەد كاكە مەحموود له نووسینی ته‌فسیرى ڕامان: 1- جەنابى مامۆستا "به‌ره‌حمه‌ت بێت" له ته‌فسیره‌كه‌دا له‌سه‌ر ڕێره‌وو مه‌نهه‌جی سه‌له‌ف رۆشتووه‌و ته‌رجیحی ڕای سه‌له‌فی داوه. 2- ته‌فسیری قورئانی به قورئان كردووه، ئه‌گه‌ر نا به فه‌رمووده، ئه‌گه‌ر نا به وته‌ی هاوه‌ڵان و پاشان تابعین. 3- خۆی دوور گرتووه له ئیسرائلیات و هه‌ندێ راو بۆچوونی دوور له مه‌نهه‌جی سه‌له‌فی ساڵح. 4- له بواری ناو‌و سیفاتی خوای گه‌وره‌دا ڕێره‌وو مه‌نهه‌جی سه‌له‌ف و پاشینانی ئه‌م ئوممه‌ته‌ی گرتووه‌و ته‌رجیح داوه. 5- له هه‌ر شوێنێك پێویست به لێكۆڵینه‌وه‌و وردبینی بوبێ، به‌تایبه‌ت له بابه‌تی عه‌قیده‌یی و بیروباوه‌ری ئیسلامی‌دا به‌پێی سه‌رچاوه باوه‌ڕ پێكراوه‌كانی ئه‌هلی سووننه‌ت، راڤه‌ی زیاتری بۆ بابەتەكان كردووه. 6- هه‌ر جۆره ته‌فسیرێك له‌گه‌ڵ ڕاو بۆچوونی زانایانی پێشینان نه‌گونجاو بوبێ، وه‌ك هه‌ندێ له راڤه‌كارانی ته‌فسیر هێناویانه سه‌باره‌ت به (چیرۆكی غه‌رانیق) و هه‌ر شتێكی تری وه‌ك باسی پێغه‌مبه‌ر یوسف و سلێمان و داوود و ئه‌یوب سڵاوی خوایان له‌سه‌ر بێ.. مامۆستا خۆی به دوورگرتووه له‌و جۆره راوبۆچوون و زیاده ڕه‌ویكردنانه. هەندێك لە تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ته‌فسیری ڕامان: 1- له دیارترینی تایبه‌تمه‌ندیيەكانى ته‌فسیری رامان ئه‌وه‌یه كه ته‌فسیرێكی مام ناوه‌نده، نه زۆر كورته خوێنه‌ر لێی تێنه‌گات، نه زۆر درێژه‌یشی پێ دراوه كه خوێنه‌ر ماندوو بكات. 2- له‌سه‌ره‌تای هه‌موو سووره‌تێك پێشه‌كیه‌كی كورت له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی سووره‌ته‌كه نوسراوه، سه‌رجه‌م ئه‌و باس و خواسانه‌ی كه سووره‌ته‌كه له خۆی دەگرێت به كورته له پێشه‌كییه‌كه‌دا باسكراوه. 3- له‌سه‌ره‌تای زۆربه‌ی سووره‌ته‌كاندا هۆكاری هاتنه خواره‌وه‌ی سووره‌ته‌كه‌ی باسكراوه‌و هه‌ر ئایه‌تێكیش هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بوبێت مامۆستا هێناویه‌تی.. به‌ڵام جەنابى مامۆستا تا هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی (بوخاریی و موسلیم) هه‌بوبێ، په‌نای بۆ هیچ ریوایه‌تێكی تر نه‌بردووه. 4- له زۆربه‌ی شوێنه‌كاندا باس و خواستی فیقهی له‌سه‌ر به‌ندایه‌تيی و كڕین و فرۆشتن و ئه‌حكامه‌كانی تر كراوە. 5- زۆر به وردی بابه‌تی عه‌قیده‌یی و بیروباروه‌ی ئه‌هلی سووننەو جه‌ماعه‌ت له‌سه‌ر زۆربه‌ی بابه‌ته هه‌ستیارو خیلافیه‌كان باسكردووه. 6- به‌وردی تیشك خراوەتە سه‌ر بابه‌تی (ناو‌و سیفاتی خوای په‌روه‌ردگار)و ڕاوبۆچوونی مەزهەبى سه‌له‌ف ته‌رجیح دراوه. 7- له هه‌ر شوێنێك پێویست بوبێت، ڕێنمایی ئایه‌ته‌كانى باسكردووه. ئاماده‌كردنی: عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود ڕەحمەتی خوای لێبێت.