سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  سۆزێک بۆ پێشوازی لە کۆچ و ھیجرەتی پێغەمبەرمان "صلی اللە علیە وآله وسلم".!
گۆڕینی فۆنت


سۆزێک بۆ پێشوازی لە کۆچ و ھیجرەتی پێغەمبەرمان "صلی اللە علیە وآله وسلم".!


عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود


لەم زەمەنی بێ خيلافەتییەدا، لەم زەمەنی غوربەت و بێکەسییەدا، لەم زەمەنی عەولەمەدا، لەم زەمەنی ھێرش و داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامییەدا، ھەموو ساڵێک و تەنانەت ھەموو مانگ و ڕۆژ و چرکەیەکیش کە دەکەومە یادی جەنابتان ئەی پێغەمبەر، ئیتر خەم و غوربەتییەکەی خۆمم تا ئەندازەیەک لەبیر دەچێتەوە ‌و دەکەومە یادی ئەو ڕۆژانەی کە بەڕێزتانیان تیا ئەشکەنجە و ئازار دەدا و ئەوەی ئەھلی کوفر و شیرکی ئەم سەردەمەی ئێستا بە ئەھلی ئیسلام و موسوڵمانانی دەکەن، ھەمان شێوەش بە ئێوەی بەڕێزیشیان دەکرد و بێ ھیچ شەرم و حیسابکردن بۆ کەسایەتی و بنەماڵە ‌و عەشیرەت، ئەوەی ویستیان بەرامبەرت ئەنجامیان دا! 

ھەرگیز لەیادمان ناچێت ئەو ڕۆژانەی کە ھەرجارە ‌و جەنابتانیان بە درۆزن و شێت و ساحیر و جادووگەر ناوزەد دەکرد! ھەرگیز لەیادمان ناچێت ئەو ڕۆژانەی کە جەنابتان لەدەوری کەعبەی پیرۆز نوێژتان دەخوێند و سوجدەتان بۆ خوای تاقانە دەبرد، ئەوان ھاتن پیسایی و ناوسکی وشتریان بەسەردا دەکردی! ھەرگیزاوھەرگیز لەیادمان ناچێت کە سەرانی شیرک و بتپەرستی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە شیوی ئەبووتالیب جەنابتان و ماڵومناڵ و خزم و کەسوکار و یاوەرانت لە ھەموو جۆرە جموجۆڵێک تەنانەتی لە کڕین و فرۆشتن و خواردن گەمارۆیان دابوون و گریان و زاریی مناڵان لەچواردەوری مەککە دەبیسرا. وە خەریک بوو زۆرێک لە کەسوکار و یاوەرانت لەبرسا دەمردن!!! ھەرگیز لەیادمان ناچێت کە چ ئازار و ئەشکەنجەیەکی یاوەرانتانیان دەدا و ئەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی قبووڵی نەدەکرد، ئەوان بەرامبەریان ئەنجامیان دەدا. وە ھەرگیز دەربەدەری و غەریبییەکەتم لەیاد ناچێت کە ئەھلی تائیف چییان بەرامبەر کردی و دەستوپێی موبارەکتیان خوێناوی کرد و دواتر بە چ شێوەیەک و بە چ حەسرەت و بێتاقەتییەکەوە بەھەرشێوەیەک بوو توانیت بگەڕێیتەوە شاری مەککە. ھەرگیز لەیادمان ناچێت دەربەدەری و ئاوارەییی بەڕێزتان کە بەو پێیە موبارەکانەت لەگەڵ ھاوڕێ خۆشەویستەکەتدا زیاتر لە ٤٥٠ کیلۆمەترت لە مەککەوە بۆ مەدینە بڕی و وڵات و ماڵومناڵی خۆتت بەجێ ھێڵا. 

پێغەمبەرەکەم، نووری چاوەکانم، ئێستاش ئوممەتت لە زەمەنی غوربەتدا دەژی و لەماوەی ئەم ١٠٠ ساڵەی ڕابوردوودا ھەرگیز بەقەدەر ئێستا ئوممەتی ئیسلام وای بەسەردا نەھاتووە و بێ‌ناز نەبووە! تەنانەت لە زەمەنی ھۆلاکۆشدا کە زیاتر لە ٢ ملیۆن مرۆڤ لەسەر دەستی ئەوان لە بەغداد کوژرا، ھەرگیز ئەوەندە ئوممەتی ئیسلام لاواز و بێدەسەڵات نەبووە!! بۆیە دڵەکانمان پڕە ‌و چاوەکانمان پڕلەفرمێسکە بۆ ئەو غوربەتەی کە تێیکەوتووین. 

سەرکردەکەم، ئەوەندە خۆت بەئازار و بەخەم بووی، دڵم نایە ھەواڵی بێنازیی ئەم ئوممەتە بێسەرە بێخاوەنەت، بۆ باس بکەم. نازانم چۆن و لەکوێوە دەست پێبکەم؟! نازانم ھەواڵی فەلەستین یان عێراق و سووریا و لیبیا، یان ھەواڵی میسر و توونس و پاکستان و ئەفغانستانت بۆ بگێڕمەوە؟! 

نازدارەکەم، ئەوەی ئەھلی کوفر و شیرک بەتایبەت ئەمریکا و ھاوکارانی بەم وڵاتە ئیسلامییانەیان کردووە،‌ مەگەر تەنھا سەرانی قورەیشی بێویژدان بەرامبەر بە جەنابت و یاوەرانتانیان کردبێت!! بۆیە نامەوێ لەوە زیاتر خەمبارتر و بێتاقەتترت بکەم. تەنھا ئەوەندە نەبێت کە دەڵێین: (إنما أشکو بثي وحزني إلی الله). 

سەروەرەکەم، بە لەدایکبوونت مرۆڤایەتی لە تاریکی و گومڕایی و خۆخۆری ڕزگاری بوو. مافی گەورە ‌و بچووک و پیر و گەنج و ئافرەتت دیاری کرد و ھەمووی بەپێی مافی خۆیان تاجی زێڕینت نایە سەریان. بێ لەوانە سوو و ڕیباخۆریت لەڕیشە دەرھێنا و مافی قەرزدار و ھەژارانت گەڕاندەوە. لە ھەموو گرنگتر بەندەکانت لە بەندایەتیی بەندەوە لادا بۆ بەندایەتیی خوای تاک و تەنھا، کە تەنھا ئەوەش بوو کە ئەوکات و بە ئێستاشەوە ئەھلی کوفر و شیرک لێیدەترسێن. بێگومانیشم کە ھێڵی سووری نێوان ئیمان و کوفر تەنھا ئەوە بووە، کە خۆی لە وشەی تەوحیددا دەبینێتەوە: (لاالە الا اللە). ئەگەر ئەم مەسەلەی یەکتاپەرستییە گرنگ نەبوایە، پێغەمبەری نازدار ھەرگیز خۆی و ماڵومناڵ و یاوەرانی نەدەخستە ناو گەمارۆی سێ ساڵی ڕەبەقی برسییەتی و بێخانەولانەیییەوە، کە برسییەتی وای کردبوو گریان و زاریی ژن و منداڵ لە شیوی ئەبووتالیب دەگەیشتە سنوور و چواردەوری مەککە! بۆیە ئەوەی گرنگ و جێی باسوخواست بێت تەنھا ئەوەیە کە دەبێت ئێمەی شوێنکەوتەی ئەو پێغەمبەرە سەروەرە ‌زۆر گرنگی بەو بابەتە ھەستیارە بدەین و خۆمان بۆ مەسەلەی یەکتاپەرستی یەکلا بکەینەوە! بەتایبەت زانایان و بانگەوازکاران دەبێت لە پەرەوەردە و پێگەیاندنی نەوەی داھاتوو زۆر گرنگی بە بابەتی تەوحید و بیروباوەڕی ئیسلامی بدەن، پێش باسکردنی ھەر باسێکی تری بەرنامەی ئیسلام، بۆئەوەی نەوەیەکی یەکتاپەرستی دامەزراو دروست بکەین. 

دڵخۆش و دڵگەشین بە کۆچ و ھیجرەتی سەروەر و سەرکردەکەم. خوای گەورە لەبری ئەو ھەموو ئەزیەت و ئەشکەنجەیەی کە لەپێناوی یەکتاپەرستیدا قبووڵت کرد پاداشتت بداتەوە ‌و ئێمەی شوێنکەوتووانیشت شانازی بە سەرکردەیەکی وەک جەنابت دەکەین. 

عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود
سەرپەرشتیاری پەیجی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود

 1033

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram