سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حه‌مزه‌ی کوڕی عبدالموته‌لیب
گۆڕینی فۆنت


دانراوه له‌لایه‌ن: خالد ڕه‌نجده‌ر

حه‌مزه‌ی کوڕی عبدالموته‌لیب

قوڕه‌یش سه‌رخۆشی هاوه‌ڵ بڕیاردان بوون بۆ خوای گه‌وره‌ و به‌ ته‌واوی ڕۆچوو بوون تیایدا. وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش خێڵێكی ده‌ستڕۆیشتوو بوون و ، كۆنترۆڵی لایه‌نه‌ ئابووریشیه‌كه‌یان كردبوو و ، له‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ ، ڕێ و ڕه‌سمی خۆیان كردبووه‌ ڕێباز و به‌سه‌ر خه‌ڵكی ده‌وروپشتی خۆیاندا سه‌پاندبوو. 

ئا له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌وان پشتیان به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیان و ، به‌ پیاوه‌ به‌هێز و بازوو ئه‌ستووره‌كانیان و ، به‌و جێ و ڕێیه‌ به‌ستبوو كه‌ به‌ هۆی بوونی كه‌عبه‌وه‌ له‌ شاری مه‌كه‌ ده‌ستیان كه‌وتبوو ، خوای گه‌وره‌ هه‌ر له‌ خۆیان كه‌سێكی بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ ئاماده‌ كرد و ، له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا نه‌ك هه‌ر قوڕه‌یشی گۆڕی و سته‌می له‌ بن هێنان ، به‌ڵكو ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواشی گرته‌وه‌ و ، زۆر نه‌ته‌وه‌ی له‌ سته‌مدیده‌یی و سۆغره‌كێشی ڕزگار كرد. 
قوڕه‌یش دركیان به‌وه‌ كردبوو و ، گه‌وره‌كانیان ده‌یانزانی ئه‌و ڕۆژه‌ دوور نییه‌ ، به‌ڵام چونكه‌ خۆیان له‌ ئاستێكی به‌رز و به‌هێزدا ده‌بینییه‌وه‌ ، پیان وانه‌بوو ئه‌و سیستێمه‌ نوێیه‌ی كه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات بتوانێ بیانڕووخێنێ و ، خه‌ڵكی له‌ داب و نه‌ریتی سه‌دان ساڵه‌یان په‌شیمان كاته‌وه‌. 
شه‌وێك كه‌ قوڕه‌یش له‌ ناو جێگای نه‌رم و له‌ خه‌وێكی قوڵدا بوون ، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) وه‌ك عاده‌تی خۆی عیباده‌تی ده‌كرد و ، شه‌وگاری ڕۆژ ده‌كرده‌وه‌. خه‌دیجه‌ی خێزانی هه‌ر كاتێك خه‌به‌ری ده‌بۆوه‌ پێی ده‌ووت: به‌سه‌ ، كه‌مێك ئارام بگره‌ و ئیسراحه‌ت به‌ خۆت بده‌. تۆ پێویستت به‌ خه‌و هه‌یه‌. ئه‌ویش له‌ ناخه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه‌ ، ئه‌یفه‌رمووێ: (لقد انقضى عهد النوم يا خديجة). ئه‌ی خه‌دیجه‌ ، تازه‌ سه‌رده‌می خه‌و به‌سه‌ر چوو. 
به‌ڵێ ، سه‌رده‌می خه‌و به‌سه‌ر چوو. ڕۆژی ئیسلام له‌ ده‌م كه‌له‌وه‌ سه‌ری ده‌رهێنا و ، جێی به‌ خۆری قوڕه‌یش له‌ق كرد. ئه‌ستێره‌ی قوڕه‌یش یه‌ك به‌ دوای یه‌كدا ئاوابوون. له‌و سه‌ره‌تایه‌دا تاكه‌ تاكه‌یه‌ك بڕوایان به‌ په‌یامه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا هێنابوو. پێغه‌مبه‌ری خوا وه‌ك له‌ خزمه‌كانی خۆی ناحه‌ز و به‌ربه‌ستی هه‌بوو ، خه‌ڵكانێكیشی هه‌بوو كه‌ پشتیان ده‌گرت و ، بۆی به‌ په‌رۆش بوون. نه‌یانده‌ویست بكه‌وێ ، چونكه‌ له‌ داب و نه‌ریتی عه‌شایه‌ری ئه‌واندا كه‌وتنی پێغه‌مبه‌ر كه‌وتنی ئه‌وان بوو. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ هه‌ندێكیان هه‌ر ئه‌و داب و نه‌ریته‌ بوو نه‌یده‌هێشت ئه‌و نوره‌ له‌ سه‌ره‌تاییه‌كی زۆر زووه‌وه‌ چاوی دڵیان ڕووناك بكاته‌وه‌. 

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وه‌ حاڵی بوو ، حه‌مزه‌ی كوڕی عه‌بدولموته‌لیبی مامی پێغه‌مبه‌ر بوو. چونكه‌ پێكه‌وه‌ گه‌وره‌ بوو بوون و تا ڕاده‌یه‌ك له‌ یه‌ك ته‌مه‌ندا بوون. حه‌مزه‌ باش ده‌یزانی برازاكه‌ی كێیه‌ و ڕه‌وشتی چۆنه‌ و ، دركیشی به‌ ڕاستیی ئه‌و په‌یامه‌ش كردبوو كه‌ خه‌ڵكی بۆ بانگ ده‌كرد. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردووكیان منداڵی و لاوێتیان پێكه‌وه‌ هێنابوو ، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان ڕێی تایبه‌تی خۆی له‌ ژیاندا گرت. حه‌مزه‌ له‌ ناو پیاوه‌ به‌هێز و ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی قوڕه‌یشدا جێی خۆی كرده‌وه‌. پێغه‌مبه‌ری خواش وه‌ك هاوه‌ڵه‌كانی جڵه‌وی بۆ نه‌فسی خۆی شل نه‌كرد و ، نه‌یهێشت قه‌ره‌باڵغی ژیان و ، بزووێنه‌ره‌كانی ئاره‌زوو له‌ گه‌ڵ خۆیاندا ڕایماڵن. ئه‌و نه‌فسی خۆی له‌سه‌ر عیباده‌ت و ناسینی په‌روه‌ردگار ڕاهێنا. 
ڕۆژێك وه‌ك هه‌موو ڕۆژه‌كانی تر حه‌مزه‌ ڕووی كرده‌ كه‌عبه‌ و ، كه‌وت به‌سه‌ر باس و خواسی برازاكه‌یدا. گوێی شل كرد بۆیان. بۆ یه‌كه‌مجار بوو هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌ترسن و ، حیسابی بۆ ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ نركه‌یاندا هه‌ستی به‌ ڕق و قینێكی داپۆشراوی زۆر توند ده‌كرد. له‌ خۆی پرسی: سه‌یره‌ ، ئه‌مانه‌ كه‌ گاڵته‌یان به‌ هێز و توانای هه‌موو كه‌سێكی غه‌یری خۆیان دێت ، ئه‌وه‌تا ترسی كه‌سێكی بێ ده‌سه‌ڵاتیان لێنیشتووه‌. ڕووی تێكردن و‌ پێكه‌نینێكی گاڵته‌ ئامێزی بۆ كردن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێیان بڵێ: زیاد مه‌ڕۆن. خۆشتان سه‌خڵه‌ت مه‌كه‌ن. تازه‌ ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسان سه‌ری ناوه‌ به‌ سوێوه‌. به‌ڵام ئه‌بو جه‌هل لێی هاته‌ وه‌ڵام و ووتی: من ده‌زانم حه‌مزه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك زیاتر دركی به‌ مه‌ترسی په‌یامی برازاكه‌ی كردووه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئێمه‌ ده‌یه‌وێ به‌هه‌ندی نه‌گرێت ، تاكو ئێمه‌ زیاتر بخافڵێنێ. ئه‌وه‌ش دید و بۆچوونی هه‌موو ناحه‌ز و دوژمنێكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی موسوڵمان و كه‌سوكاره‌كه‌ی. چه‌ند كه‌سوكاری موسوڵمان له‌ خواوه‌ دوور بن و ، هاوكاتیش كوڵكه‌ و پایه‌ی بیروباوه‌ڕی ئه‌وانیش بن ، هه‌ر بڕوایان پێ ناكه‌ن. 
ئه‌وان گاڵته‌ی خۆیان ده‌كرد و ، ترسیشیان لێ نیشتبوو. حه‌مزه‌ش جارێك پێده‌كنی و جارێكیش موچوڕك‌ به‌ گیانیدا ده‌هات و ، دڵه‌ ڕاوكه‌ی پێده‌كه‌وت. كاتێكیش بڵاوه‌یان لێكرد و ، ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی ، هه‌ستی به‌ گۆڕانێك ده‌كرد له‌ ناخیدا و ، مێشكی به‌ شتێكی تره‌وه‌ قورس بوو بوو. خۆی له‌ گه‌ڵ خۆیدا په‌یامی پێغه‌مبه‌ری خوای (صلى الله عليه وسلم) تێكه‌ولێكه‌ ده‌كرد و بیری لێده‌كرده‌وه‌. 

ڕۆژان ڕۆژانی تریان به‌ دوای خۆیاندا به‌كێش كرد و ، قوڕه‌یش زیاتر توندوتیژییان ده‌نواند. حه‌مزه‌ش گوێی پیاده‌گرت و چاودێری گۆڕانكارییه‌كانی ده‌كرد. ئازاردانی قوڕه‌یش ده‌ستی پێكرد و ، ڕۆژ به‌ ڕۆژ توند ده‌بوو. تا ئه‌شكه‌نجه‌دان زیاتر و توندتر ده‌بوو ، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) باشتر پێی له‌ زه‌وی ده‌چه‌قاند و ، له‌كام ساته‌ی قوڕه‌یش به‌ لاوازی ده‌هاته‌ پێش چاو ، ئه‌و له‌و كاته‌دا بۆ سه‌ر په‌یامی ئیسلام زۆر به‌ نه‌رم و نیانییه‌وه‌ بانگی ده‌كردن و ، ده‌یووت ئێوه‌ له‌سه‌ر حه‌ق نین و ، له‌ تاریكیدا ده‌ژین. حه‌مزه‌ی مامیشی بێ ئه‌وه‌ی تاكێك بێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵمان پێی خوشبوو كه‌ ئاوا برازاكه‌ی پته‌ و به‌هێزه‌ ده‌بینێ. نه‌یده‌زانی ئایا ئه‌وه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خزم خزمێنه‌ ، یان واقیعێكه‌ و خۆ لادان لێی خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌. 
ژیرییش وه‌ك سوژن له‌ نه‌خی هه‌ڵده‌چه‌قی و ووریای ده‌كرده‌وه‌. پێی ده‌ووت: تۆ له‌ هه‌موو كه‌سێك برازاكه‌ت باشتر ده‌ناسی. پێكه‌وه‌ گه‌وره‌ بوون. به‌ ڕاده‌ی نووكی ده‌رزییه‌ك گومانت له‌ ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی ئه‌و نییه‌. ئیتر چاوه‌ڕێی چیت؟ بۆ په‌یامه‌كه‌ی لێ وه‌رناگرێ؟ 
ڕۆژێك ، حه‌مزه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌كه‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ و وه‌ك هه‌موو كه‌سێكی قوڕه‌یش پێش چوونه‌وه‌ بۆ ماڵ بۆ ته‌واف كردن ڕووی كرده‌ كه‌عبه‌. له‌ ڕێی گه‌یشتنه‌ كه‌عبه‌ تووشی كاره‌كه‌ره‌‌که‌‌ی (عبدالله‌ی كوڕی جه‌دعان) هات. ووتی: ئه‌بو عه‌ماره‌ ، ئه‌گه‌ر له‌وێ ده‌بووی به‌ گوێی خۆت ده‌تبیست چۆن گاڵته‌یان به‌ برازاكه‌ت ده‌كرد و ، به‌ چاوی خۆت ده‌تبینی چییان پێ ده‌كرد. 
حه‌مزه‌ وه‌ك له‌ سه‌ر پشكۆ وه‌ستابێت وابوو. هه‌ر كه‌ کاره‌که‌ره‌که‌‌ قسه‌كانی ته‌واو كرد ، حه‌مزه‌ که‌وته‌ گه‌ڕان به‌ دوای حه‌كه‌می كوڕی هیشامدا. ڕووی كرده‌ كه‌عبه‌ و ، له‌وێ نه‌بوو. هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ ئه‌بو جه‌هلی بینی. كه‌ گه‌یشته‌ لای به‌و كه‌وانه‌ی پێیبوو بێ سێ و دوو لێكردن دای به‌ سه‌ریدا و شكاندی. ووتی: ئه‌وه‌ جنێو و سووكایه‌تی به‌ محمد ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا من چوومه‌ته‌ سه‌ر دینه‌كه‌ی و په‌یامه‌كه‌یم وه‌رگرتووه‌. 
هه‌موو هاواریان لێ هه‌ستا و ووتیان: ئه‌مه‌ چییه‌ ده‌بیستین؟ ئه‌وه‌ گه‌ڵه‌ پیاوه‌كه‌ی قوڕه‌یش ، موسوڵمان بووه‌؟ كۆبوونه‌وه‌ ، مه‌سه‌له‌كه‌یان له‌ بێژنگ دا و ته‌ته‌ڵه‌یان كرد. تازه‌ بازوویه‌كی پته‌ و هزر و بیرێكی كامڵیان له‌ ده‌ست ده‌رچوو. خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی به‌ ئیسلامبوونی حه‌مزه‌ بزانن ، هه‌نگاوی یه‌كه‌می داڕوخانی قوڕه‌یش ده‌ست پێده‌كات و ، موحه‌مه‌دیش جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن ده‌گێڕێ. 
حه‌مزه‌ هاته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. بیرێكی زۆری كرده‌وه‌. چۆن و له‌ كوێ و له‌ چ بارودۆخێكدا ئیسلامبوونی خۆی ڕاگه‌یاند؟ نه‌فسی پێی ده‌ووت: تۆ له‌ كاتی توڕه‌ بووندا موسوڵمان بوونی خۆت ڕاگه‌یاند. محمد خزمته‌ و له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ بوو. ڕاگه‌یاندنی ئیسلامبوون ده‌بێ له‌ كاتی شێنه‌یی و له‌سه‌رخۆ بێت. نه‌چووه‌ بچێ ، ده‌توانی په‌شیمان بیته‌وه‌. بیر له‌ بازوو و هێز و جێ و ڕێی خۆت له‌ ناو قوڕه‌یشدا بكه‌ره‌وه‌. هه‌مووت له‌ ده‌ست ده‌ر ده‌چێت. بناغه‌ی وه‌رگرتنی دێنیش به‌ هه‌ڵچوون و توڕه‌ بوون نابێت. گه‌ر بشبێت هه‌ر زوو ده‌ڕووخێت. 
حه‌مزه‌ هه‌ر خۆی ده‌ڵێ: سه‌رم نایه‌وه‌ تا بخه‌وم. خه‌و نه‌هات و نه‌هات. كه‌وتمه‌ گومانه‌وه‌. واز له‌ دینی باب و باپیرانم بێنم؟ دینێكی نوێ هه‌ڵبژێرم؟ تا ڕۆژ بووه‌وه‌ ئه‌تووت له‌سه‌ر ئاگرم. كه‌ ڕۆژ بووه‌وه‌ به‌ په‌له‌ خۆم گه‌یانده‌ كه‌عبه‌ و چنگم بۆ ئاسمان به‌رز كرده‌وه‌ و ووتم: ئه‌ی خوای گه‌وره‌ گومان له‌ دڵم ده‌ركه‌. ده‌روونم فراوان كه‌. له‌پڕ چوون بۆ لای محمدم به‌ بیردا هات و ، به‌ره‌وی لای ئه‌و كه‌وتمه‌ ڕێ. گه‌یشتمه‌ لای. هه‌رچی بوو بۆم گێڕایه‌وه‌. ئه‌ویش دوعای بۆ كردم تا له‌سه‌ر دینی خوا سه‌قامگیر بم. دوعاكه‌ی گیرابوو. ئیتر به‌و جۆره‌ پایه‌یه‌ك له‌ پایه‌كانی قوڕه‌یش ڕووخا و ، پایه‌یه‌ك له‌ پایه‌كانی ئیسلام له‌ بناغه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌. 
ئه‌وه‌ی ئه‌بو جه‌هل چاوه‌ڕوانی نه‌بوو ، موسوڵمانبوونی حه‌مزه‌ بوو. كه‌ بینی وا حه‌مزه‌ له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی موسوڵماناندایه‌ ، چاوی چووه‌ پشتی سه‌ری و ، ووتی: ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگه‌. ئاده‌ی قوڕه‌یش خۆتان بۆ لێدان و ئازاردانی ئه‌مانه‌ ئاماده‌ كه‌ن. گه‌ر نه‌یانبه‌نه‌ دواوه‌ جێتان پێ له‌ق ده‌كه‌ن و ، ڕیسوای ناو خێڵ و هۆزه‌كانی عه‌ره‌بیش ده‌بن. 
پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) نازناوی (شێری خوا)ی كرده‌ خه‌ڵات بۆ حه‌مزه‌. یه‌كه‌م سریه‌شی بۆ ئه‌و دروست كرد و ئاڵاكه‌شی دایه‌ ده‌ست ئه‌و. ئه‌ویش به‌ خۆی و سریه‌كه‌یه‌وه‌ مه‌ردانه‌ ڕۆڵی خۆی له‌ شه‌ڕی به‌دردا بینی. 
شه‌ڕی به‌در به‌ شكانی قوڕه‌یش و سه‌ركه‌وتنی پێغه‌مبه‌ر و یاوه‌ره‌كانی كۆتایی هات. ئه‌بو سوفیان شمشێره‌كه‌ی خسته‌وه‌ ناو كالانه‌كه‌ی و مه‌یتی ئه‌بو جه‌هل و عوتبه‌ی كوڕی ڕه‌بیعه‌ و شیبه‌ی برای و ، ئومه‌یه‌ی كوڕی خه‌ڵه‌ف و ،عوقبه‌ی كوڕی ئه‌بی موعیت و ، ئه‌سوه‌دی عبدالله‌ی مه‌خزومی و ، ده‌یان سوراچاك و شمشێر وه‌شێنی ئازای قوڕه‌یشی دا به‌ كۆڵیدا و هاته‌وه‌ بۆ مه‌كه‌. جارێكی تر خۆیان بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ ئاماده‌ كرد و ، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌بو سوفیان له‌شكرێكی زۆریان هێنایه‌ سه‌ر موسوڵمانان. ئامانجی قوڕه‌یش كوشتن یان به‌دیل گرتنی دوو كه‌س بوو. یه‌كێكیان پێغه‌مبه‌ری خوا بوو و (صلى الله عليه وسلم) ، ئه‌وی تریان حه‌مزه‌ی مامی بوو. پێش ده‌رچوونیان له‌ شاری مه‌كه‌ ، (وه‌حشی)یان ده‌سنیشان كرد بۆ كوشتنی حه‌مزه‌ و ، به‌ڵێنی ئازاد كردنیان پێدا. هیندی ژنی ئه‌بو سوفیان كه‌ له‌ شه‌ڕی به‌دردا باوك و مام و برا و كوڕی له‌ده‌ست دابوو ، له‌ هه‌موو قوڕه‌یشییه‌كان زیاتر فووی به‌ شه‌یپوری شه‌ڕدا ده‌كرد و ، دڵی وه‌حشی پڕ ده‌كرد له‌ ڕق و قین. شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد. شمشێر به‌ ده‌سته‌كان تێكهه‌‌ڵچڕژان. وه‌حشی خۆی كه‌ چه‌ند جارێك چۆنیه‌تی كوشتنی حه‌مزه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌ ، ده‌ڵێ:
من ڕم هاوێژێكی حه‌به‌شی ده‌ست ڕاست بووم. ڕمه‌كانم هه‌ڵه‌یان نه‌ده‌كرد. بۆ حه‌مزه‌ چوومه‌ كه‌مینه‌وه‌. كوشتنی ئه‌و مایه‌ی ئازاد بوونی من بوو. ئازادییه‌ك كه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌ من نه‌ده‌كڕڕا. بینیم كه‌ حه‌مزه‌ بۆ سیباعی كوڕی عبدالعز هاته‌ پێشه‌وه‌. هێنده‌ی پێنه‌چوو له‌ سه‌ری دا و كوشتی. منیش كه‌ بۆ حه‌مزه‌ له‌ كه‌میندا بووم ڕمه‌كه‌م ده‌رهێنا و تێم گرت. له‌ وورگی هه‌ڵچه‌قی و له‌ نێوان پێیه‌كانیه‌وه‌ ده‌رچوو. زانی منم ، ویستی هه‌ڵمه‌تم بۆ بێنێ ، به‌ڵام كار له‌ كار ترازا بوو و كه‌وت و مرد. كه‌ گه‌ڕاشینه‌وه‌ بۆ مه‌كه‌ ئازاد كرام. 
وه‌حشی هه‌ر خۆی باسی دوای فه‌تحی مه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ: كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا و موسوڵمانان فه‌تحی مه‌كه‌یان كرد من ڕامكرد بۆ تایف. كه‌ وه‌فدی تایف پێكهات تا بچنه‌ی لای پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) له‌ مه‌كه‌ ، من بیرم له‌ ڕاكردن ده‌كرده‌وه‌ بۆ شام یان حه‌به‌شه‌. به‌ڵام به‌ گوێی خه‌ڵكم كرد كه‌ ووتیان: ئه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ (صلى الله عليه وسلم) . سه‌رفی نه‌زه‌ری هه‌یه‌ و ، هه‌ر كه‌سێك چووه‌ ماڵه‌كه‌ی نایكوژێت. هاتم و چوومه‌ به‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و شه‌هاده‌ی موسوڵمانبووم هێنا. پێغه‌مبه‌ر لێی پرسیم و فه‌رمووی: تۆ وه‌حشی؟ ووتم: به‌ڵێ. فه‌رمووی: بۆم بگێڕه‌وه‌ چۆن حه‌مزه‌ت كوشت؟ بۆم گێڕایه‌وه‌. كه‌ ته‌واو بووم فه‌رمووی: (ويحك .. غيب عني وجهك). واته‌: وون به‌ له‌به‌رچاوم. ئیتر من ئه‌و ڕێیه‌م ده‌گۆڕی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوای (صلى الله عليه وسلم) پێدا ده‌ڕۆیشت. ئیتر پێغه‌مبه‌رم (صلى الله عليه وسلم) نه‌بینییه‌وه‌ تا كۆچی دوایی كرد. كاتێك موسوڵمانان چوونه‌ شه‌ڕی موسه‌یله‌مه‌ی درۆزن ، منیش هه‌مان ئه‌و ڕمه‌م هه‌ڵگرت كه‌ حه‌مزه‌م پێ كوشتبوو. به‌و هیوایه‌ بووم كه‌ به‌ كوشتنی موسه‌یله‌مه‌ گه‌ردنی خۆم له‌ خوێنی حه‌مزه‌ ئازاد بكه‌م. موسه‌یله‌مه‌م كوشت. 
وه‌حشی قسه‌یه‌كی به‌ناوبانگی هه‌یه‌ ده‌ڵێ: من باشترین كه‌سم له‌ سه‌رده‌می جاهیلیه‌ت و نه‌زانی خۆمدا كوشت و ، خراپترین كه‌سیشم له‌ سه‌رده‌می موسوڵمان بوونه‌كه‌مدا كوشت. یه‌كه‌میان حه‌مزه‌ بوو و دووه‌میان موسه‌یله‌مه‌. 
كه‌ شه‌ڕی ئوحود كۆتای هات ، موسوڵمانان كوژراوه‌كانی خۆیان برده‌وه‌. پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) له‌ دامێنی چیای ئوحود دا سه‌یرێكی لاشه‌ی حه‌مزه‌ی كرد و بینی چۆن وورگی دڕاوه‌ و هیندی ژنی ئه‌بو سوفیان ویستوویه‌تی جگه‌ری بخوات ، زۆر دڵی پێ سووتا و ، لێوه‌كانی خۆی كرۆشت و ، فه‌رمووی ده‌بێ (30) كه‌سیان له‌بری حه‌مزه‌ وا لێبكه‌مه‌وه‌. به‌ڵام خوای گه‌وره‌ چونكه‌ وه‌ك ڕه‌حمه‌تێك بۆ هه‌موو مرۆڤی ناردووه‌ ، دوای فه‌تحی مه‌كه‌ وه‌حی بۆ نارد و فه‌رمووی: 

ادْعُ إِلِى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ (125) وَإِنْ عَاقَبْتُمْ فَعَاقِبُواْ بِمِثْلِ مَا عُوقِبْتُم بِهِ وَلَئِن صَبَرْتُمْ لَهُوَ خَيْرٌ لِّلصَّابِرينَ (126) وَاصْبِرْ وَمَا صَبْرُكَ إِلاَّ بِاللّهِ وَلاَ تَحْزَنْ عَلَيْهِمْ وَلاَ تَكُ فِي ضَيْقٍ مِّمَّا يَمْكُرُونَ (127) إِنَّ اللّهَ مَعَ الَّذِينَ اتَّقَواْ وَّالَّذِينَ هُم مُّحْسِنُونَ (128) 

ئه‌ی محمد به‌ زانایی و خیتابێكی باش خه‌ڵكی بۆ دینه‌كه‌ی خوا بانگهێشت بكه‌ و ، به‌ باشترین شێوه‌ گفتوگۆیان له‌ گه‌ڵ بكه‌. خوای گه‌وره‌ خۆی ده‌زانێ كێ ڕێگای وونكردووه‌ و ، هه‌ر خۆشی ئاگاداری ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ هیدایه‌تیان وه‌رگرتووه‌. ئه‌گه‌ر سزاتان دانه‌وه‌ ، با وه‌ك ئه‌و غه‌دره‌ بێت كه‌ لێتان كراوه‌ و زیاده‌ ڕۆیی تێدا مه‌كه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر ئارامیش بگرن ، چاكتره‌ بۆتان. ئارام بگره‌ و ، ئارامی تۆش له‌ خواوه‌یه‌. خۆتیان بۆ ناڕه‌حه‌ت مه‌كه‌ و ، له‌ مه‌كر و پیلانه‌كانیان خه‌مبار مه‌به‌. خوای گه‌وره‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی ته‌قوان و چاكه‌ ده‌كه‌ن. 
پێغه‌مبه‌ری خوا تا بڵێی حه‌مزه‌ی خۆش ده‌ویست. بۆیه‌ له‌ گه‌ڵ نوێژكردنیدا له‌ سه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كان ، نوێژی له‌سه‌ر ئه‌ویش ده‌كرد. كه‌ یه‌كێك له‌ یاوه‌ره‌ شه‌هیده‌كانیان دێنایه‌ پێشه‌وه‌ تا پێغه‌مبه‌ر نوێژی له‌سه‌ر بكات ، حه‌مزه‌شیان له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ داده‌نایه‌وه‌. كه‌ یاروه‌ره‌كه‌یان لاده‌برد ، حه‌مزه‌ ده‌مایه‌وه‌ ، تا له‌ گه‌ڵ كۆتا شه‌هید دا نوێژی له‌سه‌ر كرا. كاتێكیش پێغه‌مبه‌ری خوا به‌ره‌و ماڵ بووه‌وه‌ بینی وا ژنانی خێڵی (عبدالاشهل) بۆ شه‌هیده‌كانیان ده‌گرین ، فه‌رمووی: (لكن حمزة لا بواكي له). ته‌نها حه‌مزه‌یه‌ كه‌ كه‌س بۆی ناگری. 

هه‌ر له‌و كاته‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆ ماڵی خۆی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ژنێك به‌ره‌وپیری مسوڵمانان هات و هه‌واڵی شه‌ڕه‌كه‌ی پرسی. ئه‌وانیش هه‌واڵی كوشتنی باوك و مێرده‌كه‌ی و كوڕه‌كه‌یان پێدا. ووتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا كوا؟ هیچی لێ نه‌هاتووه‌؟ دڵنیایان كرده‌وه‌ كه‌ سه‌لامه‌ته‌. وه‌ستا تا پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) لێی نزیك بووه‌وه‌ و به‌لایدا تێپه‌ڕی. له‌سه‌ر ئه‌و موسیبه‌ته‌ گه‌وره‌ی خۆیه‌وه‌ ڕووی تێكرد و ووتی: (كل مصيبة بعدك, امرها يهون). هه‌موو موسیبه‌تێكی ئێمه‌ له‌ چاو موسیبه‌تی تۆدا سووك و ئاسانه‌. 
به‌و جۆره‌ شێری خوا و سه‌روه‌ری شه‌هیدان كۆتایی به‌ ژیانی هات. ئه‌ویش و ئه‌و هه‌زاران شه‌هیدانه‌ی گیانیان به‌خت كرد ، بوونه‌ به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م دینه‌. ئه‌و دینه‌ی وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پته‌و ڕوو به‌ ڕووی دوژمن و ناحه‌زه‌كانی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و ، له‌ ئاستیدا ده‌سه‌وسانن و هیچیان پێناكرێ. 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 
سه‌رچاوه‌: سایتی ئه‌زموون http://www.azmoon.no/hamze 

 1140

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram