حوکمی کڕین و فڕۆشتن بە پشیلەوە چییە؟
وەڵام : الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله. سەرەتا بەوە دەستپێدەکەم کە ڕاگرتن و بەخێوکردنی پشیلە لە ماڵدا دروستەو ڕێگەپێدراوە ، ئەمەش بۆچوونی تێکڕای زانایانی ئیسلامە . بەڵام سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی زۆربەی زانایان لە نێویانيشدا هەرچوار مەزهەبەکە بەدروستی دەزانن کە کڕین و فرۆشتن بە پشیلەوە بکرێت (١) پێشەوا نەوەوی دەفەرموێت : ئەمە بۆچونی ئیبن عەباس و ئیبن سیرین و حەمماد و مالیک و ثەوری و شافیعی و ئەحمەد و ئیسحاق و ئەبوو حەنیفە و چەندین زانای تریشە . (٢) چونکە پشیلە پاکە و دروستە لە ماڵدا بەخێو بکرێت و دەکرێت سودیشی لێ ببینرێت . لە بەرامبەردا هەندێکی تر لە زانایان فرۆشتنی پشیلە بەدروست نازانن لەوانە ( طاووس و موجاهید و ئیبن حەزم )و چەند زانایەکی تر ، بەڵام وەڵام دروانەتەوە کە فەرمودەی صەحیح لە بارەی قەدەغەکردنەوە نەهاتوە ، ئەو فەرمودانەش کە لە بارەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی پشیلەوە هاتون یان لاوازن ، یان مەبەست لێی پشیلەی کێویە ، یان قەدەغەکردنی تەنزیهیە . بۆیە ابن عبد البر دەفەرموێت : ( وليس في السنور شيء يصح) (٣) هەروەها پێشەوا ئەحمەد دەفەرموێت : ( ما علمت فيه شيئا يثبت أو يصح). (٤) ڕای بەهێز و پەسەند: کڕینی و فرۆشتنی پشیلەی ماڵیی دروستە و هیچ گرفتێکی نیە . بەڵام پێویستە ڕەچاوی نرخی زۆر بکرێت و زێدەڕۆیی نەکرێ لە کڕین و فرۆشتندا. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ١- بروانە: کتێبی المجموع شرح المهذب" (9/229) هەروەها المغني لابن قدامة ( 4/193 ). ٢- سەرچاوەی پێشوو. ٣- التمهيد (8/434 ). ٤- جامع العلوم والحكم (417). ✍️ وەڵامی ئەم پرسیارە لە لایەن مامۆستا مەلا محمد چیمەنیەوە دراوەتەوە. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.