سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  كەڵەشاخ و سوودە پزیشكییەكانی.؟
كەڵەشاخ و سوودە پزیشكییەكانی بۆ تەندروستی مرۆڤ. ئەو چارەسەرەی پێغەمبەری خودا ﷺ فەرمانی بە ئوممەتەکەی كردووە ئەنجامی بدەن.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3866

كەڵەشاخ و سوودە پزیشكییەكانی بۆ تەندروستی مرۆڤ.

ئەو چارەسەرەی پێغەمبەری خودا ﷺ فەرمانی بە ئوممەتەکەی كردووە ئەنجامی بدەن.

  کەڵەشاخ (حیجامە) کردن مێـژووی تایبەتی خۆی هەیە، کەڵەشاخ لە سەدەکانی پێشوو گەل و نەتەوەکان بەکاریان هێناوە  وەک دەرمانێک بۆ چارەسەرو پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە توشبوون بە نەخۆشی، وە نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە تا گەیشتووە بە سەردەمی ئێستا کە سەدەی21 ـە.

بەر لەهاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش کەڵەشاخ (حیجامە) لە شارستانیەتی وەک ئیمپڕاتۆڕیەتی چین و ڕۆمان و یۆنان و قەوم و نەتەوەکانی پێش ئیسلام وەك: (میسرییە کۆنەکان و فیرعەونیەکان، چینیەکان، یۆنانیەکان و ڕۆمانیەکان، هیندییەکان، عه رەبە کۆنەکان)  وەك چارەسەر بەکاریان هێناوە.

کەڵەشاخ (حیجامە) لەسەردەمی ئیسلامدا:

لە سەرەتای سەردەمی ئیسلامیشدا کەڵەشاخ جارێکی تر پەرەی سەندەوە و گرنگی پێدرایەوە و تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە پێغەمبەری ئازیزو نازدار ﷺ فەرمانی کردووە بە ئوممەتەکەی کەڵەشاخ بکەن، وە چەندەها رێوشوێنی نوێی و ڕێنمایی جوانی خستە نێو زانستی کەڵەشاخەوە، وە هەر لە سەردەمەکانی دوای ئیسلامیش چەندەها زاناو پزیشک کاری کەڵەشاخ یان ئەنجامداوە لەو بارەیەوە پەرتوکیان نوسیووە، لەوانە پەرتوکی (القانون)ی ئیبن سیناو چەندین پزیشک و زانای تر باسیان لێوەکردووە لەوانە: (ئیبن سینا، ئیبن القیم، ئیمامی الزهراوی، ئیمامی الرازی).

لەسەردەمی پێغەمبەری خوادا ﷺ کەڵەشاخ کردن بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجام دەدرا، وە بەدرێژایی شارستانیەتی ئیسلام بەردەوام کراوە و پەرەی پێدراوە، هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت کەڵەشاخ لە وڵاتە ئیسلامیەکان و غه یرە ئیسلامیەکانیش ئەنجام دەدرێ و هیچ کاریگەریەکی خراپی دروست نەکردووە، چونکە کە ئیسلام هات کۆمەڵێک مەشخەڵ و ڕێنمایی تەندروستی بۆ ئەم کارە داناو جارێکی تر پەرەی سەندەوەو گرنگی پێدرایەوە.

فەرمانكردنی پێغەمبەر ﷺ بە كەڵەشاخ كردن.

1- پێغەمبەری خودا ﷺ دەفەرموێ: ( الشِّفَاءُ فِي ثَلاثَةٍ: شَرْبَةِ عَسَلٍ وَشَرْطَةِ مِحْجَمٍ وَكَيَّةِ نَارٍ، وَأَنْهَى أُمَّتِي عَنِ الْكَيِّ). واتە: شیفاو چارەسەر لە سێ شتدایە: لە خواردنی هەنگوین، لە كەڵە شاخ كردن، لە داخ كردن، وە ڕێگریم كردووە لە ئوممەتەكەم كە داخكردن بەكاربێنن. بوخاری ریوایەتی كردووە.
مەبەست لە داخكردن ئەوەیە: لە كاتی پێویست نەبێت وەك چارەسەری برین، درووست نییه داخكردن و ئاگر بەكارهێنان.

2- پرسیار كرا لە ئەنەسی كوڕی مالیك سەبارەت بە وەرگرتنی كرێ لەبەرامبەر كەڵەشاخكردنەوە.؟ لە وەڵامدا فەرمووی: ئەبوو طەیبە كەڵەشاخی بۆ پێغەمبەر ﷺ ئەنجامداو لەبەرامبەردا پێغەمبەری خودا ﷺ فەرمانیكرد كە دوو (ساع) لە خواردن بدرێتە ئەبو طەیبە، وە فەرمووی: باشترین شتێك كە چارەسەری پێ بكەن كەڵەشاخكردنە. ئیمامی موسلیم ڕیوایەتی كردووە.

3- جابیر دەڵێ لە پێغەمبەری خودام بیست ﷺ كە دەیفەرموو: (ئه‌گه‌ر شتێك له‌ چارەسەرەكانی ئێوه‌ خێری تیدابێت، ئه‌وه‌ له‌ كه‌ڵه‌شاخكردن و، خواردنه‌وه‌ی هه‌نگوین، یان لە ئاگر پێدا چزاندندایه‌). بوخاری و موسلیم ریوایەتی كردووە.

لەسەردەمی پێغەمبەری خوادا ﷺ زیاتر لە هه موو سەردەمێک بایەخی تایبەت بە كەڵەشاخ درا، چونکە خودی پێغەمبەری خوا ﷺ چەندین جار کەڵەشاخی ئەنجامداوە، وە هانی هاوەڵان و موسوڵمانانی داوە  کە کەڵەشاخ ئەنجام بدەن، بۆیە هاوەڵان و تابیعین و شوێنکەوتووانی تابیعینیش ئەنجامیان داوە، تا ئەم چارەسەرە گەیشتە وڵاتی (ئەندەلوس) و ئیتر بە هۆی فتوحاتی ئیسلامی و پێشکەوتنی زانست و زانیاری، زانایان و پزیشکانی ئیسلام پەرتوکیان لەسەر نووسی و سوودەکانیان ڕوونكردەوە.

کەڵەشاخ (حیجامە) لەسەردەمی ئێستادا:

لەسەرەتای سەدەی نۆزدەی میلادییەوە جارێکی تر کەڵەشاخ سەری هەڵدایەوە و لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە پزیشکە ئەورووپی و ئەمریکییەکان کەڵەشاخ بەکاردێنن، بۆیە لەسەردەمی ئێستادا زانستی پزیشکی سەردەم باس لە کەڵەشاخ دەکات بەوەی ئەنجام بدرێت، هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بە چارەسەرێکی سروشتی باس لە كەڵەشاخ دەکات و داواش دەکات لەو وڵاتانەی کەوا ئەندامن لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) شوێنی تایبەت و سەنتەری تایبەت بەو بوارە بکرێتەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی پزیشکی لەسەر بکەن و سوودەکانی دەربخەن.

سوود و گرنگی کەڵەشاخ گرتن بۆ تەندروستی مرۆڤ:

دكتۆر عبدالواحید محمد دەڵێ: ئەگەر كاتى خۆى كەڵەشاخ زەرورەتێكى هەبووبێت بۆ چارەسەر، ئەوا ئەمرۆ بۆ مرۆڤەکان ئەوەندەى دی زەروورەتى هەيه، لەبەر ئەوەى كاتى خۆى مرۆڤەكان ئەوەندەى ئێستا خواردنيان نەخواردووه كە له لەشياندا كەڵەكە ببێت، هەرچيەكيان خواردبێت لەسەرى هەڵسوڕاون و جموجوڵیان كردووە و به تاقەو وزه سووتاندويانه، بەڵام ئەمڕۆ دەقاتى خۆمان خواردن دەخۆين كە له لەشماندا دەمێنێتەوه و جگەر كە يەكەم فلتەرى لاشەيه فريا ناكەوێت له ناوى ببات و پاشان دەچێت بۆ سپڵ و ئەويش فريای ناكەوێت، لەبەر ئەوە ئەو مادانه كەڵەكه دەبن له لاشەداو پاشان پێويستيمان به فلتەرێكى تره بۆ ئەوەى ئەم مادده پيس و له كار كەوتووانه دەربهێنێت له لاشەدا، به زۆريش ئەو ماددانە لەو شوێنانە كۆ دەبنەوە كە سووڕى خوێنى كەم بۆ دەچێت، وەك نێوان (شان و مل و پشت)، بۆیە مرۆڤەكانى ئەمرۆ زۆربەیان پشت و شان و مل و سەر ئێشەو ئازاریان هەيەو بێتاقەت و خەواڵوو لەش قورسن، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ پێویستیەكی سەردەمه كە كەڵەشاخ ئەنجام بدرێت.
وە لەگەڵ پێشكەوتنى زانستدا كەڵەشاخ واى لێهاتووه له جيهاندا بووەته چارەسەر بۆ نەخۆشى و لە ئێستادا لە ئەوروپا سەنتەرى تايبەتی بۆ كراوەتەوەو سوودى لێ وەردەگیرێت.

بە گشتی سوودەكانی كەڵەشاخ بریتین لە:

یەكەم: سیستمی بەرگری بەهێز دەكات.
دووەم: ئازاری درێژخایەن كەم دەكاتەوە.
سێیەم: ڕێ لە نەخۆشییە ڤایرۆسی و بەكتریاییەكان دەگرێت، وەك ئەنفلۆنزا، هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر، هەڵئاوسانی پێست، هەوكردنی ڕیشاڵی خانەیی و هەموو گرفتە تەندروستییەكانی تر.
چوارەم: نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن كەم دەكاتەوە، لەگەڵ بەرزی پەستانی خوێن، سستی دڵ، مەیینی خوێن، ناڕێكی لێدانی دڵ، تەنانەت ڕێ لە جەڵتەی دڵیش دەگرێت.
پێنجەم: ژانەسەر كەم دەكاتەوە.
شەشەم: ئازار شكێنە، یەكێكە لە ڕێگە باشەكانی كەمكردنەوەی ئازاری لەش بەگشتی.
حەوتەم: كەڵەشاخ دەتوانێت چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەكان و خەمۆكی بكات.
هەشتەم: بۆ پێست، كەڵەشاخ دەتوانێت زۆرێك لە ئازارەكانی پێست كەم بكاتەوە.

ئامادەكردنی: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود

 

  ژمارەی بینین 112

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram