سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر "سوێند خواردن.؟
وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر "سوێند خواردن.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3668


وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر "سوێند خواردن" .

یەکەم: سوێند خواردن بە چ شتێک دروستە؟

سوێند خواردن تەنها بە ناو و سیفەتەکانی خوای گەوره دروستە، جا ئەو سیفەتە هی زاتی خودا خۆی بێت یان سیفەتی کارێک لە کارەکانی بێت. وەکو بڵێی (سوێند بە خوا، سوێند بە گەورەیی خوا ، سوێند بە عیزەتی خوا ...... هتد) وە هەروەها دروستە سوێند خواردن بە قورئان یان بە سوڕەتێک لە سوڕەتەکانی یان بە ئایەتێک لە ئایەتەکانی .

دووھەم: ئایا سوێند خواردن بە غەیری خوا (شرک)ە؟ ئایا (شرک)ی گەورەیە یان بچووک؟

بێگومان سوێند خواردن بە غەیری خوا شیرکە وەکو پێغەمبەر (صلی الله عليه وسلم ) دەفەرموێت : "من حلف بغير الله فقد أشرك." (رواه أحمد)

واتە: (ئەوەی سوێند بخوا بە غەیری خوا بێگومان شیرکی ئەنجام داوە ).

ئەویش دوو حاڵەتە کە بە پێی نیەتی ئەو کەسەی سوێندەکە دەخوا بە غەیری خوا جۆری شیرکەکە دەگۆڕێت:

۱-ئەگەر کەسەکە سوێندەکە هات بە دەمیدا بە غەیری خوا ، بەڵام نیەتی وانەبوو کە ئەو شتەی سوێندی پێئەخوا وەک خودا بەرز و پیرۆز و بەڕیز بێت ، بەڵکو تەنها بەهۆی هەڵەی زمانیەوە یاخود ڕاهاتن لەسەری سوێندەکەی خوارد ئەوە شیرکی بچوکە و کەسەکەی پێ کافر نابێت وەک ئەوەی خەڵکی دەڵێن (بەسەری باوکم ، بە شەرفم، بە گۆڕی مردووم،......... هتد).
ئەم جۆرە سوێندەش نەهی لێکراوە لە ئیسلامدا پێویستە کەسی موسوڵمان خۆی بپارێزێت لێیان، کەفارەتی ئەم جۆرە سوێندانەش بریتیە لە وتنی (لا إله إلا الله).

۲-بەڵام ئەگەر کەسەکە باوەڕی وابوو کە ئەو شتەی (جگە لە خودا) سوێندی پێ دەخوات ،وەک خودا بەرز و پیرۆز و بەڕێزە ، ئەوە دەبێتە شیرکی گەوره و کەسەکەی پێ کافر دەبێت.

۳:جۆرەکانی سوێند خواردن کامانەن ؟

۱-سوێندی سەر زاری (الیمین اللغو):
ئەو سوێندەیە کە مرۆڤ دەمی ڕاهاتووە لەسەری و سوێند خواردنەکەی لە دڵەوە نیە وەک ئەوەی کەسێک دەڵێت(بە خوا ئەخۆیت ، بەخوا ناڕۆیت ، بەخوا ئەبێت بێیت....هتد).ئەم جۆرە سوێند خواردنانە کەفارەتیان نیه، خوای گەورە لێی خۆشبووه.

وەک لە قورئاندا دەفەرموێت: "لا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ".
واتە : "خودا سویندی سەر زارەکیتان لێ ناگرێت" .

۲-سوێندی پێکهاتوو( الیمین المنعقدە):
ئەو سوێندەیە کە سوێند خۆر لە دڵەوە بیخوات و لەسەری بەجەخت بێت، وە نیەت و مەبەستی سوێند خواردن بێت .

لەکاتی کەوتنی ئەم جۆرە سوێندەدا کەفارەت واجب دەبێت لەسەر سوێند خۆرەکە (کەلە دوایدا باس لە کەفارتی سوێند خواردن دەکەین ) .

۳-سوێندی نقومکەر (الیمین الغموس):
بریتیە لەو سوێندە درۆیەی کە مافی کەسانێکی پێ ئەخورێت یاخود مەبەست لێی گزی و ناپاکی کردنە ئەو سوێندەش تاوانێکە لە تاوانە گەورەکان وە کەفارەتی نیە ئیللا دەبێت کەسەکە تەوبە بکات و حەقەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی .
وە بۆیەش پێی دەوترێت(نقومکەر- الغموس)چونکە خاوەنەکەی لە ئاگری جەهەنەمدا نقوم دەکات.
پیغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)فەرموویەتی :(لە تاوانە گەورەکان :هاوبەشدانان بۆ خودا ،پێشێلکردنی مافی دایک و باوک ، کوشتنی کەسێک بەناحەق ، وە سوێندی نقومکەر).

چوارەم: کەفارەتی سوێند خواردن چیە ؟

ئەو کەسەی کە لە دڵەوە سوێند دەخوا بە ناو و سیفەتەکانی خودا، و پاشان سوێندەکەی دەشکێنێت ئەوا پێویستە یەکێک لەم کەفارەتانە بدات :
وەک پەروەردگار دیاری کردووە لە قورئاندا و دەفەرموێت: (لا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ وَلَكِنْ يُؤَاخِذُكُمْ بِمَا عَقَّدْتُمُ الأَيْمَانَ فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَنْ لَمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُوا أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ ) المائدة / 89 .

۱-پێدانی خواردن بە ۱۰ کەسی هەژار: لە خواردنێکی مامناوەندی کە ئەو کەسە ڕۆژانە خۆی دەیخوات لە ماڵەوە.

۲-یاخود جل و بەرگ کردن بۆ ۱۰ کەسی هەژار :دەبێت جل و بەرگێک بێت جەستەی بە تەواوی داپۆشێت وەکو (کراس و پانتۆڵ ، شەڕواڵ و کراس ، جزداشە ......هتد)، وە پارچە بچوکەکان ناچنە ڕیزی جل و بەرگەوە وەکو(گۆرەوی ، دەسکێش، کڵاو ، مێزەر ،........هتد).

۳- یاخود ئازادکردنی کۆیلەیەک.

٤- ئەگەر توانای ماددی نەبوو هیچ یەکێک لەمانە بکات، ئەوە پێویستە سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بێت .

تێبینی :مەرج نیە سێ ڕۆژەکە بەسەر یەکەوە بەڕۆژوو بێت بەڵکو دەتوانێت لە ڕۆژانی جیاجیادا بەڕۆژوو بێت.

پێنجەم: ئایا دروستە لە جیاتی خواردن پارەی خواردنەکە بدرێت بە هەژارەکان ؟

لەلای ئیمامی شافعی و مالک و احمد و زۆرینەی زانایانی پێشین، پێویستە خواردن بدرێت بە هەژارەکان نەک پارەی خواردنەکە، بەڵام لەلای ئیمام ابو حنیفە و چەند زانایەکی سەردەم، دروستە پارەی خواردنەکە بدرێت بە هەژارن .

شەشەم: ئەگەر کەسێک سوێندی خوارد و پاشان سوێندەکەی شکاند، وە توانای فیدیە دانیشی نەبوو، چی بکات ؟!!

گەر کەسێک توانای ماددی نەبوو کەفارەتی سوێندەکەی بدات، وە بەھۆی نەخۆشیشەوە نەیتوانی بەڕۆژوو بێت، ئەوە پێویستە کەفارەتەکە دوابخات بۆ ھەرکاتێک کە توانای ئەبێت، جا توانای ماددی بێت، یان جەستەیی بۆ بەڕۆژوو بوون.
وە ئەگەر ھەتا ئەو کەسە دەمرێت توانای ھیچیانی نەبێت و ھەر لەسەر ئەو حاڵە بێ، ئەوە خوای گەورە لێی خۆش دەبێت و غەفوی دەکات.

حەوتەم: کام سوێندانە ناکەون :

١- لە کاتی ھەڵە یان لەبیر چوونەوە: واتە کەسێک سوێند دەخوات کە فڵانە کار نەکات، بەڵام پاش ماوەیەک بە ھەڵە ، یان بەھۆی بیرچوونەوەوە دەیکات، ئەوە سوێندەکەی ناکەوێت، مادام بە ئەنقەست نەبووبێت،

پێغەمبەر (صلی الله عليه وسلم ) دەفەرموێت: " خوای گەورە لێتان خۆش بووە لەسەر ئەو شتانەی کە بە ھەڵە یان بەھۆی بیرچوونەوە یاخوود بەزۆر پێتان دەکرێت" (رواە مسلم)

٢- سوێندی بەزۆر: کەسێک لەژێر زەخت و فشاردا و بە زۆر سوێندی پێ بخورێت، ئەوە سوێندەکەی ناکەوێت ئەگەر پێچەوانەی سوێندەکەی کرد.

٣- کەسێک بڵێت (إن شاء الله) واتە ئەگەر خودا ویستی لەسەر بێت.
پێغەمبەر (صلی الله عليه وسلم ) فەرموویەتی: " ھەرکەسێک سوێندی خوارد و وتی ئەگەر خودا ویستی لەسەر بێت، ئەوە سوێندەکەی ناکەوێت" (رواە احمد).


مامۆستا سەعد عبدالكريم

لە ليژنەى تايبەتى وڵامدانەوەى پرسيارەكانى ماڵپەرى دەنگى ئيسلام

  ژمارەی بینین 856

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram