به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: له‌چه‌ند خاڵێکدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت ده‌ده‌ینه‌وه: 1- ئه‌و خودایه‌ی كه تو باسی ده‌كه‌یت وباوه‌رت پێی نییه، به‌دیهێنه‌ری ئه‌م زه‌وی و مانگ و خۆر و ئه‌ستێره و هه‌سارانه‌یه، كه ئه‌م بوونه‌وه‌ره به‌ملیونه‌ها ئه‌ستێره و هه‌ساره‌ی تێدایه و له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه زۆر ورد و رێكه به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی له‌سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنیاندا كردبێت، و له‌وانه زۆر بچوكتر تۆی مروفی به‌و شێوه‌یه دروستكردووه كه ده‌یه‌ها و سه‌ده‌ها ئه‌ندامی هه‌ستیار و گرنكی وه‌كو مێشك و دڵ و ده‌م و چاو گوێی پێ داویت و له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌وه ژیریی پێ داویت تا له ئاژه‌ڵ جیات بكاته‌وه، جا بڵێیت ئه‌و خودا زانا و به‌هێز و توانایه له دانان و داڕشتنی یه‌ك له‌سه‌ر دوو یان یه‌ك له‌سه‌ر هه‌شتێك هه‌ڵه‌ی كردبێت و نه‌یزانیبێت چۆن كۆ ده‌كرێته‌وه و چه‌ند ده‌كات؟! به‌ڵام تۆیه‌ك كه دروستكراوێكی زۆر بچووكی ئه‌ویت دركت به‌و هه‌ڵه‌یه كردبێت؟!!!. 2- ئه‌كه‌ر قورئانی پیرۆزت بینیبێت یان خوێندبێته‌وه ده‌بینیت كه چون خودای گەوره له‌و قورئانه‌دا و له‌چه‌ند سه‌د لاپه‌ره‌یه‌كدا و به‌ر له‌هه‌زار وچوارسه‌د ساڵ باسی له‌چه‌ندین موعجیزه‌ی سه‌ر سوڕهێنه‌ر كردووه كه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ڕاستی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م قورئانه له‌لایه‌ن خوداوه‌یه، چونكه هیچ كه‌سێكی ژیر باوه‌ڕ ناكات كه مروڤێك له‌و سه‌رده‌مانه‌دا و به‌بێ هیچ ئامێرێكی زانستی توانیبێتی ئه‌و هه‌موو زانیاریه بزانێت جگه له خودا نه‌بێت، بۆ نموونه قورئان وه‌ك په‌رتوكێكی زانستی باس له بۆشایی ئاسمانه‌كان و جووڵه‌ی هه‌ساره‌كان و چۆنێتی دروستبوونی شه‌و و ڕۆژ و وه‌رزه‌كان ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا باس له جۆری ده‌ریاكان و سروشتی ئاوه‌كانیان و نهێنی قووڵێی ده‌ریاكان ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا هێزیك هه‌بووبیت توانیبێتی ته‌نانه‌ت بۆ سه‌د مه‌تریش به‌ره‌و به‌رزایی ئاسمان هه‌ڵكشابێت، یان بۆ بیست مه‌تریش بۆ قووڵێی ده‌ریاكان داكشابێت، زیاد له‌مه‌یش قورئان وه‌ك په‌رتوكێكی مێژوویی باس له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئاده‌م و ورده‌كاریه‌كانی دروستبوونی مرۆف و ده‌ستبیكردنی ژیان ده‌كات له زه‌ویدا و باسی زۆرێك له‌و گەل و نه‌ته‌وانه‌مان بۆ ده‌كات كه له قوناغێك له قۆناغه‌كانی ژیاندا ئه‌م زه‌وییه‌یان ئاوه‌دان كردۆته‌وه و هه‌ره‌وه‌ها باسی زۆرێك له ڕووداوه‌كانی داهاتوو ده‌كات و تائێستایش له هیچ كام له‌و ڕووداوانه‌دا بچوكترین هه‌ڵه له قورئان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، و بگره زۆرێك له زانا پله به‌رزه‌كانی جیهان له‌ڕێی ئه‌و زانیاریانه‌وه موسوڵمان بوون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه قورئان هه‌موو جۆره یاساكانی پێویست بۆ ژیانی مرۆفایه‌تیشی باس كردووه، هه‌ر له‌یاسكانی بازرگانی و سزادان و باری كه‌سێتی و یاساكانی تایبه‌ت به‌تاوان و مامه‌ڵەکردن و هتد. جا چ په‌رتووكێك هه‌یه به قه‌باره‌ی په‌رتووكه‌كه‌ی خودا كه ئه‌و هه‌موو زانیاری و ورده‌كاری و موعجیزانه‌ی تێدا بیت؟! ئایا زاتێك ئه‌و هه‌موو زانیاری و زانستانه بزانیت و بتوانێت له‌و چه‌ند سه‌د لاپه‌ره‌یه‌دا تۆماری بكات بڵێیت له چه‌ند ژماره‌یه‌كی ساده‌ی وه‌ك هه‌شت و شه‌ش و پێنج كه منداڵێكی سه‌ره‌تایی ده‌یزانێت كه‌وتبێته هه‌ڵه‌وه و نه‌یزانیبێت و ئێستا جه‌نابت دركت پێ كردبێت و بته‌ویت ئه‌و هه‌ڵه‌یه بۆ خودا ڕاست بكه‌یته‌وه؟!!!. ئه‌مه له‌كاتێكدا كه یه‌كێك له‌هه‌ره موعجیزه ڕوونه‌كانی قورئان موعجیزه‌ی ژماره‌زانییه كه پیتێکی قورئان نییه ئیللا به‌هاوكێشه‌یه‌كی بیركاریانه‌ی ورد داڕشتنی بۆ كراوه و به‌ده‌ستكاریکردنی لاسه‌نگی دروست ده‌كات. 3- كاتێك ده‌ڵێیت هه‌ركه‌س وه‌ڵامی ئه‌و ته‌ححه‌دایه‌م بداته‌وه موسوڵمان ده‌بم، حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌وە بزانیت كه ئێمه ته‌نها وه‌كو ڕوونكردنه‌وه و ئه‌ركێكی شه‌رعی وه‌ڵامت ده‌ده‌ینه‌وه ئه‌گه‌رنا زۆر به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه نین موسوڵمان ده‌بیت یان نا، جونكه نه‌ك تۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ك تۆ وان و بگره هه‌موو مروڤەكانی سه‌رزه‌ویش باوه‌ڕ نه‌هێنن و موسوڵمان نه‌بن ئه‌وه هیچ له‌ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌یی خودا كه‌م ناكات و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ئه‌گه‌ریش هه‌موویان موسوڵمان و باوه‌ڕداربن هیچ له ده‌ستەڵاتی و گەوره‌یی ئه‌و زیاد ناكات، بۆیه موسوڵمانبوونی تۆ و هاوبیره‌كانیشت له ته‌رازووی شه‌رعدا مه‌گه‌ر بۆ خوتان ئه‌گه‌رنا نه‌لای خودا و نه‌لای خه‌ڵكانی باوه‌ڕدار شتێك نییه شایه‌نی باس و گرننگیپێدان بێت، و به‌ر له تۆ له‌دوای تۆیش ملیونه‌ها كه‌سی بێباوه‌ڕ هه‌بوون ئێستا نه‌ناویان ماوه نه‌نیشان، بۆیه تۆیش وه‌ك ئه‌وان له‌م ژیانه كورته‌ی دونیا بۆ ماوه‌یك تاقی ده‌كرێیته‌وه و پاشان ده‌چیته‌وه سووڕی نه‌مان و له‌بیر كردن و پاش چه‌ند ساڵێك هه‌ركه‌س نازانیت تۆ هه‌بوویت یان نا!! 4- مه‌به‌ست له دروستكردنی ژیانی دونیا و هه‌رچی تێیدایه بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی مروڤه‌كان و ئاستی باوه‌ڕیانه، ئاخۆ مروڤه‌كان تاچه‌ند باوه‌ڕ به به‌ڵێنه‌كان و گوته‌كانی خودای گەوره ده‌هێنن، هه‌ر بۆیه‌شه زۆریك له بنه‌ماكانی باوه‌ڕ شتانێكی پەنهان وغه‌یبین، هه‌ر له‌باوه‌ڕبوون به‌بوونی خودا خۆی و په‌رتووكه‌كانی و پێغه‌مبه‌ره‌كانی و فریشته‌كانی و ڕۆژی دوایی و به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م و قه‌زا و قه‌ده‌ر، باشه خۆ خودا ده‌یتوانی هه‌موو ئه‌وانه‌مان نیشان بدات به‌س بو نایكات؟ جونكه ئەگەر خۆمان به‌چاوی سه‌ر ئه‌و شتانه‌مان بینی ئه‌و كات مانایه‌ك بۆ متمانه‌بوون و باوه‌ڕهێنان به وته‌كانی خودا نامێنێتەوە چونكه ئێمه ئه‌وكات باوه‌ڕمان به‌وه هێناوه كه خۆمان بینیومانه نه‌ك خودا فه‌رموویه‌تی. بۆیه ئه‌م جۆره تاقیکردنه‌وه‌یه له فه‌رمان و بڕیاره‌كانیشیدا به زه‌قی به‌دی ده‌كرێن، و هه‌ر خۆیشی له قورئاندا ده‌فه‌رمووێت هه‌ندێك له ئایه‌ته‌كانی قورئان موته‌شابیهن و به‌س خودا خۆی واتاكانیان ده‌زانێت، و خه‌ڵكانی نه‌خوش بێباوه‌ر ده‌چن شوێنی ئه‌وانه ده‌كه‌ون واز له‌و ئایه‌تانه دێنن كه واتاكانیان ڕوون و دیاره. بۆیه خه‌ڵكانی وه‌كو ئێوه ئه‌گه‌ر له بیانوو هێنانه‌وه بن بۆ باوه‌رنه‌هێنانتان ئه‌وه شتانی تر زۆرن كه پاساوی بێباوه‌ری خۆتانی پێ بده‌نه‌وه و بیكه‌نه ڕه‌خنه له‌سه‌ر قورئان، هه‌ر له‌بابه‌ته‌كانی قه‌زا وقه‌ده‌ر، جیاوازی نێوان ژن و پیاو له میرات و شایه‌تی و ئه‌رك و مافه‌كانیاندا، وجه‌ندین شتی تری هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌یش، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌موو خودا خۆی به‌و شێوه‌ی داناون تا جگه له سووده ته‌شریعه‌یكه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵكانێكی وه‌كو ئێوه‌ی پێ بخاته سه‌ر سه‌نگی مه‌حه‌ك و بتانداته ده‌ست نیاز و كورتی بیركردنه‌وه‌كانتان. 5- سه‌باره‌ت به بابه‌تی برسیاره‌كه‌یشت كه پێت وایه شتێكی زۆر گه‌وره‌یه و ئه‌گه‌ر وه‌ڵامت ده‌ست بكه‌وێت باوه‌ڕ ده‌هێنیت، ئێمه وه‌كو پێشتریش گوتمان وه‌كو ئه‌ركێكی شه‌رعی بابه‌تێکی زانستی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه و بێگویدانه ئه‌وه‌ی كه ئاخۆ دوای وه‌ڵامه‌كه‌ی ئێمه هه‌ڵویستی تۆ چی ده‌بێت چونكه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌نێوانی خۆت و خوداوه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته شتێكی تازه نییه و قسه و به‌رهه‌می تۆیش نییه و باشتر وایه نه‌یده‌یته پاڵ خۆت به‌ڵكو بیگێڕیته‌وه بۆ خاوه‌نه مه‌سیحی و جوله‌كه‌كانی كه خاوه‌نی ئه‌سڵی بیروكه‌كه‌ن، ئه‌م بابه‌ته له‌میراتدا به یه‌كێك له بابه‌ته‌كانی (عول) داده‌نرێت و نه‌ك ته‌نها ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی هه‌یه كه باست كردووه به‌ڵكو چه‌ندین حاڵه‌تی تری هه‌یه و هه‌ر به‌و شێوه‌یه حه‌ل ده‌كرێت، و ئه‌و كێشه‌یه بۆ یه‌كه‌م جار له سه‌رده‌می ئیمامی عومه‌ردا ڕوویداوه و ئه‌و به‌ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵانی به‌و شێوه‌یه چاره‌سه‌ریان كردووه، و هه‌رچه‌ند ئیمامی عه‌لی و عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌بباس به‌شێوه‌یه‌كی تر حه‌لیان كردووه، به‌ڵام زۆرینه‌ی زانایان له‌سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی ئیمامی عومه‌رن و ئه‌وه‌یان پێ به‌سه‌نده، جونكه خودای گه‌وره كه باسی ئه‌و ڕێژانه ده‌كات بۆ هه‌ریه‌ك له میراتگره‌كان، مه‌به‌ستی ڕاگرتنی پێوه‌ری دادوه‌رییه له نێوان میراتگره‌كاندا نه‌ك خودی ڕێژه‌كه بۆیه به‌و سیسته‌می(عول) ڕێژه‌ی هه‌ریه‌ك له‌میراتگه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌م ده‌كات كه به به‌راوورد به‌وی تر هه‌مان ڕێژه‌یه له كۆی گشتی مه‌سه‌له‌كه و هیچ كه‌م و زیاد ناكات و هه‌مان بنه‌مای دادوه‌ری ده‌پێكێت كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی قورئانه له دابه‌شكردنه‌كه‌دا، و ئه‌مه‌یش زۆر واریده له‌دابه‌شكردنی میراتدا، و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یشه‌وه هه‌ندیك جار ئه‌و ڕێژانه‌ی كه قورئان باسیان كردووه له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا زیاد دەكه‌ن بۆ نمونه ئه‌گه‌ر كابرایه‌ك بمرێت و ته‌نها كچێك و دایكی لێ جێ مابێت، لێره‌دا كچه‌كه نیوه‌ی میراتییه‌كه ده‌بات و دایكیشی یه‌ك له‌سه‌ر شه‌ش، ئه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه چی لێ دێت؟!!! بڵێی فڕێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌كان هه‌روه‌كو خۆیان بن؟ نه‌خێر لێره‌دا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه دابه‌ش ده‌كرێته‌وه به‌سه‌ر دایك و كچه‌كه‌دا و به‌مه‌یش ڕێژه‌كان زیاد ده‌كات و ئه‌م یاسایه‌یش پێی ده‌تریت یاسای (رد)، جا بڵێی خودا ئه‌م هاوكێشه زۆر ساده‌یه‌یشی نه‌زانیبێت به‌بۆجوونی تو؟!!. ئه‌مانه و چه‌ندین حاڵه‌تی تر هه‌ن كه ڕێژه‌كان له میراتدا ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ری دادوه‌ریه‌ی كه خودا له دابه‌شكردنه‌كه‌دا و به‌به‌راوردكردنی میراتگره‌كان به یه‌كتر ڕه‌چاوی كردووه ئه‌وه‌نده‌ی یه‌ك تاڵه موو كه‌م و زیاد ناكات و وه‌كو خۆیه‌تی. بۆیه پێمان باشه زۆر خۆت به‌و بابه‌تانه‌وه ماندوو نه‌كه‌یت و سه‌رقاڵ نه‌كه‌یت و خه‌ڵكانێك پێش تۆ ئه‌و ئه‌ركه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆی خۆیان و هیچ ئه‌نجامیشی نه‌بووه و ئه‌م شتانه ئه‌گه‌ر به‌لای تۆوه تازه‌ن و گرنگن له ڕاستیدا هیچیان تازه نین و گرنگ نین، بۆیه پێمان باشه زیاتر بخوێنیته‌وه و به‌شوێن ڕاستییه‌كاندا بگه‌ڕێیت به‌ڵكو خودا هیدایه‌تت بدات و ته‌وبه بكه‌یت. خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.