سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا ھاوسەرگیریی کچانی تەمەن ناوەخت (قاصر) دروسته‌.؟
ئایا ھاوسەرگیریی کچانی تەمەن ناوەخت (قاصر)، وەک دایکمان عائیشە بۆ پێغەمبەر ﷺ دروسته‌.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 1171


به ‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. 
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له‌ ‌پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و هه‌روه‌ها له‌ ئال و یارانی.

ھاوسەرگیريی کچانی تەمەن ناوەخت (قاصر).؟

  ئەم بابەتە پرسێکە, گفتوگۆکردن لەبارەیەوە نوێ دەبێتەوە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، لە حیکمەت و ڕەحمەتی فراوانی خوای گەورەیە کە لە کاتی یاساداناندا بۆ مرۆڤایەتی ئەم پرسانە نوێ دەبنەوە بە نوێبوونەوەی کات و شوێن و بەپێی گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگاکان دەگۆڕدرێن، هەروەها ھیچ دەقێکی پڕاوپڕ نادۆزینەوە کە ئەو یاسایانە دیاری بکات، بۆ نموونە: لە قورئاندا دەقێکی وا نادۆزینەوە کە بفەرموێت: "لە فڵانە تەمەندا، کچان دەتوانن شوو بکەن!"
  بۆیە فوقەھا و زانایانی ئیسلام پشتیان بە پرەنسیپی گشتی و مەبەستەکانی یاسای ئیسلامی بەستووە کە لەو ڕووەوە ڕاوبۆچوونە فیقھییەکانیان وەرگرتووە، بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە گەر جیاوازی ڕای فیقھی ببینین لەو بارەیەوە و ھەموو فەقیھێک توانای خۆی خستۆتە گەڕ تا ڕای گونجاو و نزیک ھەڵبژێرێت کە لە بەرژەوەندیی تاک و خێزان و کۆمەڵگادا بێت، ھەر وەکو وتراوە: بەرژەوەندی لەکوێ بێت، شەرعی خوداش لەوێیە.
  بەگشتی دەبێت فەقیە و زاناکان لە سەردەمی ئێستاماندا زۆر بەئاگا بن و دەبێت پێداچوونەوەی دەقەکان بکەنەوە و تەفسیری فوقەھاکان بۆ ئەو دەقانە و ڕای پسپۆڕانی بابەتەکە وەربگیرێت پێش ئەوەی ڕای خۆیان پێشکەش بکەن.
 بۆ نموونە: ئیمامە مەزنەکان پشتیان بە مەبەستەکان و بنەما و یاسا و ڕێساکان بەستووە، لەوانە: ئەو بنچینەیەی کە ھاوەڵان و شوێنکەوتووان و ئەوانی دوای ئەوان لەسەری کۆک بوون، وەک ئەم یاسا فیقھییە کە دەفەرموێت: (لاضرر ولا ضرار) واته: "نە زیان ھەیە، نە زیانگەیاندنیش بە بەرامبەر ھەیە."
 ھەر بۆیە لەم پرسەدا ڕەچاوی لایەنی دەروونیی کچەکە و لایەنی جەستەیی کراوە، ھەروەھا ڕەچاوی خێزان و کۆمەڵگەش کراوە.
  نموونەی لایەنی دەروونی: زانایان وای دەبینن کە پێغەمبەر (ﷺ)، مەرجی ڕازیبوونی کچەکەی داناوە، کە دەبێت ڕازی بێت بەو ھاوسەرگیرییە.
  باشە ئەی ئەگەر کچەکە مناڵ بێت و واتاکانی ھاوسەرگیری نەزانێت؟ چۆن دەتوانین بڵێین کە کچەکە ڕازی دەبێت یان نا، کە ھاوسەرگیری لەگەڵ فڵانە کەس بکات؟
 بۆیە یەکێک لە زانا ھاوچەرخەکان (ئیبن عوسەیمین) خوا لێی خۆش بێت، لە پەرتووکەکەی (شرح الممتع)دا، کاتێک لێی دەپرسن لەبارەی زۆرلێکردنی باوک بۆ کچە منداڵەکەی کە ھاوسەرگیری بکات، دوای ئەوەی کە ھەموو ڕاکانی تاووتوێ کرد و گفتوگۆی لەبارەوە کرد، وتی: "ڕاستتر ئەوەیە کە نابێت باوک کچەکەی بدات بە شوو تاوەکو باڵغ دەبێت و کاتێکیش کە باڵغ بوو، نابێت بیدات بە شوو تاوەکو ڕازی دەبێت." لەبەر فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) کە دەفەرموێت: "کچ مارە ناکرێت، تاوەکو ئیزنی لێ وەرنەگیرێت." فەرموودەکەش صەحیحە.
ئیمام ئەبو حەنیفەی نوعمان (ڕەزای خوای لەسەر), پشتگیری لە وتەی موفەسیری قورئان و لێھاتووی ئوممەی ئیسلامی ھاوەڵ و فەقیە (عبداللەی کوڕی عەباس) كردووە, لەسەر فەرمایشتی خوای گەورە کە دەفەرموێت: "نزیک مەبنەوە لە ماڵی ھەتیوو، مەگەر بە شێوەیەکی باش نەبێت, تاوەکو گەورە دەبن." ئیبن عەباس (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: "گەورەبوون, تەمەنی (١٨) ساڵانە."
 ھەر بۆیە ئەبو حەنیفە ئەوپەڕی باڵغبوونی بە (١٨) ساڵان داناوە بۆ کوڕ و (١٧) ساڵان بۆ کچ، چونکە کچ پێش کوڕ پێدەگات و باڵغ دەبێت.
 بە ھەمان شێوە، مالیکییەکانیش ھەمان ڕایان ھەبووە و ئیمامی شافعی و ئیمامی ئەحمەد (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) لە یەکێک لە وتەکانیاندا پشتیان بە وتەی عەبدوڵای کوڕی عومەر بەستووە ھەر وەکو لە صەحیحدا ھاتووە کە دەفەرموێت: "پێغەمبەر (ﷺ) منی بینی لە ڕۆژی جەنگی ئوحوددا و تەمەنم (١٤) ساڵان بوو, ڕێگەی پێ نەدام بجەنگم و لە ڕۆژی جەنگی خەندەقدا منی بینیيەوە و تەمەنم (١٥) ساڵ بوو، ئەوکات ڕیگەی پێ دام بجەنگم."
 بۆیە تەمەنی (١٥) ساڵانیان بە تەمەنێک بۆ دوا سنووری باڵغبوون دیاری کرد، بێگومان ئەمانە دەقی پڕاوپڕ نین، بەڵکو ئەگەریبوون لەخۆ دەگرن و ھەر دەقێک ئەگەریبوون لەخۆ بگرێت، ھەر وەکو ھەندێ لە ئوسوڵییەکان دەڵێن، پشتبەستن پێیان باتڵە.
  ھەر بۆیە فوقەھاکان پابەند نەبوون بە تەنھا یەک بۆچوونەوە، بەڵکو چەندین بۆچوون و ڕای جیاوازیان ھێناوە لە وردەکاریی ژیانی پێغەمبەر و ھەروەھا ئارا و بۆچوونی ئوسوڵییەکان و دەقە گشتییەکان، تەنانەت وتەی خوای گەورە وا تەفسیر دەکەنەوە کە دەفەرموێت: "گەر گەیشتنە تەمەنی ھاوسەرگیری و زانیتان باڵغ بوون..." پێیان وایە جیاوازی ھەیە لەنێوان تەمەنی باڵغبوون و تەمەنی ھاوسەرگیریکردن.
  لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە خەڵکی زۆر گفتوگۆی لەسەر دەکەن، ئەویش پرسی ھاوسەرگیریی خاتوو عائیشەیە لە تەمەنی نۆ (٩) ساڵیدا. 
  من دەڵێم: گەر گفتوگۆ بکەین لەسەر ھاوسەرگیریی خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لەسەر) بە ھەمان شێوە دەبێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ھاوسەرگیریی خاتوو فاتیمە (ڕەزای خوای لەسەر)، تاوەکو وێناکردنەکە کامڵ دەبێت، ئەم پرسانە تایبەتمەندیی پێغەمبەری خودان (ﷺ).
خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لەسەربێ) لە سەرەتای حوکمکردن بە شەریعەتی ئیسلامی ھاوسەرگیری کرد ، بەڵام خاتوو فاتیمەی زەھرا (ڕەزای خوای لەسەربێ)، ھاوسەرگیری لەگەڵ ئیمامی عەلی دا کرد بە چەند ساڵێ دوای ئەوە، وە بێگومان بە پێشکەوتنی ساڵەکان وەحی و سروش بەردەوام بوو لە دابەزین و ھەندێ لە ئەحکامە شەرعییەکان گۆڕدران لە ڕووی ناسخ و مەنسوخەوە و ھەروەھا شتی دیکەش، ھەندێ لە زاناکان ھاوسەرگیری خاتوو عائیشەیان کرد بە تایبەتمەندیەک لە تایبەتمەندییەکانی پێغەمبەر (ﷺ)، چونکە بۆ نموونە ھاوسەرەکانی پێغەمبەر دایکی ئیماندارانن و ئەمەش تەنھا بۆ ھاوسەرەکانی پێغەمبەرە (ﷺ)، ھاوسەرەکانی پێغەمبەر (ﷺ) مافی ھاوسەرگیر کردنەوەیان نییە لە دوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ)، وە ھەروەھا..
  بە ھەمان شێوە، ھاوسەرگیریکردنی لەگەڵ خاتوو عائیشە لە تەمەنی (٩) ساڵیدا، ئەوە لە تایبەتمەندییەکانی پێغەمبەرە (ﷺ).
بەڵام دوای چەند ساڵێک، کاتێک ئەبوبەکر (ڕەزای خوای لەسەر) ویستی ھاوسەرگیری بکات لەگەڵ خاتوو فاتیمە (ڕەزای خوای لەسەر)، ھەر وەکو لە سونەنی نەسائی بە سەنەدی صەحیح ھاتووە، پێغەمبەر (ﷺ) ڕازی نەبوو، دوای ئەو بە ماوەیەک عومەری کوڕی خەتابیش (ڕەزای خوای لەسەر) ویستی ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو فاتیمە بکات، دووبارە پێغەمبەر (ﷺ) ڕازی نەبوو.
  ئەم بابەتە دەقەکەی لە سونەنی نەسائیی لە بابی نیکاحدا ھاتووە,  کە بۆچی پێغەمبەر (ﷺ) ڕازی نەبوو بەو ھاوسەرگیرییە، فەرمووی: "ھێشتا مناڵە." ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بچووکيی تەمەن بوو بە ڕێگری ھاوسەرگیری. ئەم بابەتەی خاتوو فاتیمە, لەدوای ھاوسەرگیريی خاتوو عائیشە بوو بە چەندین ساڵ.
  بەڵام ماوەیەک دوای ئەوە, کاتێن ئیمامی عەلی (ڕەزای خوای لەسەر) ھاتە پێش بۆ ھاوسەرگیریکردن لەگەڵ خاتوو فاتیمە (ڕەزای خوای لەسەر)، پێغەمبەر (ﷺ) ڕازی بوو.
 ئەگەر بەدواداچوون بۆ بۆچوونی  ئیمامەکانی تەفسیر بکەین, دەبینین کە خاتوو فاتیمە (ڕەزای خوای لەسەر) تەمەنی گەیشتبووە (١٧) ساڵان, کاتێك ئیمامی عەلی ھاوسەرگیريی لەگەڵ کرد.
 بۆیە من وای دەبینم و خواش زاناترە، کە ئەمڕۆ فەقیە و زاناکان لەم دەرگایەوە کە دەچنە ناو پرسەکەوە, ئەوەیان لەیاد بێت کە فەتواکان دەگۆڕدرێن بەپێی گۆڕانی کات و شوێن و گوزەران و کەسەکان.
  بەڵێ, گەر دەقێکی ڕوون و پڕاوپڕ ھەبێت لەسەر بابەتێک،  ئەوە لەسەر سەر و چاومان، چونکە ئیجتھاد و ڕاوبۆچوون لەبەرامبەر دەقەوە نیيە و ناکرێت, بەڵام مادەم پرسەکە پابەندە بە پرەنسیپ و مەبەستەکان و یاسا گەورەکانەوە، فوقەھاکان ڕای جیاوازیان ھەیە و دەبێت.
  جگە لەوەش، ئەو بنچینەیەی کە لە سەرەتای بابەتەکە باسم کرد کە: (لاضرر ولاضرار) واته: "نە زیان ھەیەو نە زیانگەیاندنیش بە بەرامبەر ھەیە."
 چونکە وەکو دەزانن تەنانەت فوقەھاکان گفتوگۆیان کردووە لەسەر پرسی ئەوەی کە، ئایا کچ بەرگەی ژیانی ھاوسەرگیری دەگرێت یان نا؟ کە ئەوە شتێکی گرنگە ئێستا فەقیە و زاناکان پرس بکەن بە دەستەیەکی پێکھاتوو لە پزیشکی پسپۆڕ لە بواری گەشەکردنی مناڵان و گەشەکردنی ئێسک و پزیشکی پسپۆر لە بواری ئافرەتان و مناڵبوون، چونکە ئەژمارکردنەکانی ڕێکخراوە تەندروستییە جیھانییەکان باس لە مردنی ملیۆنەھا ئافرەت دەکەن بە ھۆی دووگیانی لە تەمەنێکی زوودا. ھەروەھا ڕێژی مردن لەو تەمەنە بچووکەدا کە شوو دەکەن زیاترە، جگە لە زیادبوونی ڕێژەی شێواندنی ڕووخسار و جەستەی کۆرپەلە، کەواتە زەرەر و زیان زیاتر و بەرچاوترە بۆ ئافرەت و کۆمەڵگە و  خێزان، بۆیە دەبێت زانایان ڕەچاوی ئەم بنچینەیە "نە زیان ھەیە و نە زیانگەیاندنیش ھەیە." بکەن، لەگەڵ ئایەت و فەرموودەکانی پێشوو کە باسمان کردن، تاوەکو بتوانن بگەنە ئەو فەتوایەی کە نزیکترە لە ڕەحمەت و بەرژەوەندیی گشتیی دروست.
 لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەگەر ئەم ڕایەم ڕاست و دروست بوو، ئەوە سەرکەوتن و تەوفیقم لە خوداوەیەو ئەگەر ھەڵەش بم، ئەوە لە خۆمەوەیە. وأستغفراللە.


ئه‌م پرسیاره‌ له‌لایه‌ن جه‌نابی شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی‌ / له‌ وڵاتی‌ قه‌ته‌ر - وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌.

خوای گه‌وره‌ش زاناتره ‌(جل وعلا).‌ 
وصلی‌ الله علی‌ نبینا محمد وعلی‌ آله وصحبه وسلم. 
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - 
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/‌ ده‌نگی ئیسلام.

وەرگێرانی: ژیان عیزەت  ||  پیاچوونەوەی دەق: عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود


  ژمارەی بینین 4076

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram