سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بۆ هەندێ مردو لاشەیان تێکناچێ لە گۆڕدا.؟
بۆ هەندێ مردو لاشەیان تێکناچێ لە گۆڕدا.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3675


بۆ هەندێ مردو لاشەیان تێکناچێ لە گۆڕدا.؟ 

برایەکی بەڕێز داوای لێ کردم لەسەر ئەم بابەتە چەند دێڕێک بنوسم و ئەوە ڕوون بکەمەوە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەندێ دیاردەی بەم شێوە هەیە کە تێکنەچونی لاشەی مردوەکانمانە دوای چەند مانگێک یاخود چەند ساڵێک لە گۆڕدان، ئەم دیاردە بەشێک لە موسڵمانان وەک ئەوە تەماشای ئەکەن کە ئەو کەسە ئەهلی بەهەشتە بۆیە لاشەی وەک خۆی ماوە! لە بەرانبەردا کەسانێکی دیکە ڕەخنە لەوە ئەگرن و ئەڵێن ئەم بابەتە پەیوەندەی بە ئاینێکی دیاری کراوەوە نیەو چەندین کەسی بێ ئاینیش لاشەکەی تێکنەچوە دوای دەرهێنانەوەی کاتێکی زۆر!
لێرەدا ئەوەی گرنگە بیزانین هیچ دەقێکی قورئان یاخود فەرمودەی دروستمان بەدەستەوە نیە کە تێکنەچونی لاشەی بڕوادار لە گۆڕدا بەڵگەی چاکی مردۆڤەکە بێت، لەگەڵ ئەوەی هەر یەک لە ئیمامی قورتبی و ئیمامی موناوی و ئیمانی زەڕقانی و ئیمامی ئالوسی باسی شەهیدیان کردوە کە لاشەیان تێکناچێت! بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نیەو تەنها قسەیە، وە پێغەمبەری ئازیزمان بە گشتی ئەفەرموێت"كلُّ ابن آدم يأكله التُّرابُ إلَّا عَجْب الذَّنَب، منه خُلق وفيه يُركَّب" واتە: هەموو لاشەی مرۆڤ زەوی ئەیخوات جگە لە عەجب و زەنب نەبێت، کە خوای گەورە مرۆڤی لەوەوە دروستکردوە و لەوەشەوە دروستی ئەکاتەوە. 
جگە بۆ پێغەمبەران نەبێت، خوای گەورە بۆخۆی لاشەیان ئەپارێزێت لە تێکچوون، وەک پێغەمبەری ئازیزمان ئەفەرمووێت: "....... إِنَّ اللهَ عَزَّ وَجَلَّ حَرَّمَ عَلَى الْأَرْضِ أَنْ تَأْكُلَ أَجْسَادَ الْأَنْبِيَاءِ ". واتە: خوای گەورە قەدەغەی کردوە کە زەوی لاشەی پێغەمبەران بخوات و لە ناوی بەرێ. ئیمامی ئەحمەد ئەیگێڕێتەوە.
بۆیە ئەو بیرکردنەوەی کە پیاوچاکان و کەسانێک جگە لە پێغەمبەران لاشەیان ناڕزێ بە هۆی چاکیانەوە یان بە هۆی ئەوەی ئەهلی بەهەشتن بیروبۆچونێکی هەڵەیەو شوێن کەوتوانی ئاینی مەسیحی لە كاسۆلیک و ئەرسۆزكس ئەم بۆچونە هەڵەیان هەبوو کە لاشەی قەشەکانیان هیچی لێ نایات لە قەبردا چونکە خوای گەورە ئەوانی جیاکردۆتەوە!
بۆیە ئەو جۆرە بۆچونە کە هەرکەس دەرهێنرا لە گۆڕەکەی لاشەی تێکنەچوو بوو بکرێتە ئەهلی بەهەشت بۆچونێکی هەڵەیە، تەنها ئەوە نەبێت بڵێین ئومێد ئەکەین ئەمە نیشانەی چاکی بێت، نەک بڕیاری لەسەر بدرێت کە بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو بابەتە وەک بابەتێکی پاکی مرۆڤەکە تەماشا ئەکرێت، لەگەڵ ئەوەی شوێنکەواتی ئاینەکانی تریش هەمان حاڵەت ڕویان تێدەکات. 
پاشان ئەو بابەتە وەک دکتۆرە بەڕێزەکان ئاماژەی پێ ئەکەن هەندێ جار هۆکاری جۆری زەویەکەیە کە مردوەکەی تێدا ئەنێژن، یاخود ئەو وەرزەی کە مردوەکەی تێدا ئەمرێ، چونکە زەوی تا ساردتر بێت حەشەرات تێیدا ناژی، لە گۆڕیشدا حەشەرات هۆکارێکە بۆ خواردنی لاشەی مردو، جا کە نەبوو لاشەکە ناخورێ، بۆیە لەوانەیە لاشەکە وەک خۆی بمێنێتەوە لە ڕوکەشدا بەڵام بە دەستلێدانێکی کەم هەمووی هەڵبوەرێ.
یاخود هەندێ جار هۆکاری تەمەنە کە مرۆڤ تا تەمەنی زیاتر بێت بمرێت لاشەی درەنگتر تێکدەچێت وەک لاشەی گەنج نیە کە هەموو ئەندامەکانی زیاتر گەشە ئەکەن و ڕێژەی ئاویان زیاتر تێدایە. 
یان قەڵەوی و لاوازی مردوەکە کاریگەری هەیە لە تێکچونی درەنگی لاشەکە، یان زیاد بوون و کەمبونی مادەی ئاسن لە لاشەی مرۆڤدا، یان شۆرن و پاک کردنەوەو وشک کردنەوە مردوەکە، یاخود لاشەی مردووکە ئیلتهانی بوە کە مردوە یان نا، هەموو ئەمانە کاریگەریان هەیە لەسەر لاشەکە. 
یاخود هەندێ جار جۆرە دەرمانێک بەکار دێت بۆ لاشەی مردوەکە بە تایبەت لەم کاتی کۆرۆنادا کە حەشەرات و بەکتریا ناتوانێ نزیکی بکەوێتەوەو ئەبێتە هۆی تێکچونی درەنگ تری لاشەکە.
کەواتە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە ئاینەوە نیە و با نەیکەینە پێوەر بۆ چاکی و خراپی مردوەکانمان، بەڵام ئەشگونجێ خوای گەورە ڕێز لە هەندێ مرۆڤ بگرێ لاشەیان بپارێزێت و زەوی نەیانخوات، بەڵام بۆ ئێمە نیە ئەوە بکەینە پێوەر بۆ مرۆڤایەتی، چونکە کابرای بێدین و مولحید لاشەی کەسێکی وەک خۆیت بۆ دێنێ تێکنەچوە ئەوکات توشی ئیشکالی گەورە ئەبیت.

✍️ شاخوان سيامنصوري



  ژمارەی بینین 802

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram