سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئەگەر خێزانم لەگەڵم نەگەڕێتەوە لەگەڵم بۆ کوردستان، دروستە بۆم خەرجی نەکەم و ژنێکی تر بهێنم؟
سڵاوی خواتان لێبێت ئێمە لە ئەوروپا دەژین، نزیکی چوار ساڵە کێشەم هەیە لەگەڵ خێزانم و منداڵمان هەیە، نامەوێت منداڵەکانم لە ئەوروپا گەورە بن، دەمەوێت بگەڕێمەوە کوردستان، خێزانم جگە لەوەی بە پۆلیس دەریکردم، ئێستا من ئەوم هەر قەبووڵە و گەردنیم ئازاد کردووە، بەڵام ئەو دەڵێت دەتوانیت بگەڕێتەوە و خانوویەک بگرە بزانین دەتوانین پێکەوە بژین، ئەمەش لە دوای ٢٣ ساڵ ژن و مێردایەتی، بەهەرحاڵ من دەتوانم لە کوردستان ژنێکی تر بهێنم، ئایا گوناهبار نابم ئەویش هەر ژنم بێت؟ بەڵام کە نایەتەوە بۆ کوردستان چۆن بتوانم عەدالەتی نێوانیان ڕابگرم؟ وە ئایا کە ئەوان هەموو شتێکیان بۆ دابین کراوە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە لە خانوو و پارە و پێویستی، ئایا نەفەقەیان هەر دەکەوێتە سەر من لە کاتێكدا من ڕازی نیم لە ئەڵمانیا بژین بەڵام ئەوان بە گوێم ناکەن، خوای گەورە پاداشتان بداتەوە.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 740

به ‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. 
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له‌ ‌پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه‌ وسلم) و هه‌روه‌ها له‌ ئال و یارانی. 

بۆ‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:

ئەسڵ ئەوەیە ژن بەگوێی مێردی خۆی بکات بە تایبەتی لە تاعەت و فەرمانی خوا و پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم)، گەڕانەوەش بۆ وڵاتانی ئیسلام نەک هەر لەپێشترە بەڵکو پێویستە، پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: من بەریم لەوەی لەنێو بێباوەڕاندا جێگیر دەبێت. مەبەست لەمە ئەوەیە کەسێک ژیانی ناو بێباوەڕان بۆ هەمیشەیی هەڵبژێرێت و نەگەڕێتەوە ناو موسوڵمانان. حیکمەتەکەیشی ئەوەیە بە هاوژیانیمان لەگەڵ ئەواندا زیانی زۆر دەکەین، هیواش هێواش ڕەنگ و دەنگی ئەوان هەڵدەگرین، بگرە ئیسلامەتی و باوەڕیشمان هێندە کاڵ و کرچ دەبێت، بایی ئەوەی پێوە نامێنێت بمانگەیەنێتە بەهەشت و ڕەزامەندی خوایی.. ژیانی ئەوروپاش چەندێ خۆش بێت بەڵام ئەگەر ببێتە مایەی لەدەستدانی ئیسلامەتی و ئیمان، خەسارەتی دونیا و قیامەتی پێوەیە.. 

زۆرمان دیت کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا بۆ پارە و خۆشی ژیان، بەڵام لەگەڵیدا دین و ڕەوشت و بەهای خۆیان دۆڕان و شەرمیان شکاند و بوون بە بەندەی ئارەزووەکانیان!! 
لەمەوە؛ ئەگەر کێشەی ئێوە تەنها لەبەر ئەوە بێت، هەق لەلای تۆیە و خێزانت تاوانبارە، خۆ ئەگەر کێشەی تریشتان هەبێت و لە ناکۆکییەکانتان خەتای تۆیشی تێدا بێت بە تایبەتی لە مەسەلی ماف و مامەڵەی باش، بەشداری گوناهەیت و لەم حاڵەتەدا پێویستە وردتر و لێزانانەتر ئەو کێشەیە چارەسەر بکەیت، لە هەموو حاڵەتەکان لەبەرئەوەش منداڵ هەیە، پێویستە هەتاوەکو سەرئێسقانت نەرم بیت و هێندەی خوای گەورە بوارت دەدات ڕازی بکەیت، بۆ ئەوەی منداڵەکانت لە دەست نەچن و نەبنە ئەوروپی و بێدین!! 

خواستنی ژنی دووەم ئەەگرچی مافی خۆتە و بێ هیج پاساو و هەنجەتێک، بەڵام تیاچوونی منداڵەکانت پێویستە خەمی گەورەتر بن. 
سەرەتا و باشترین ڕێگا ئەوەیە دڵی خێزانت چاک بکەیتەوە، دیارە ئەمەش ئەگەر پێشتر خەتا و کەمتەرخەمی لە جەنابتەوە هەبووبێت! نیشانی بدە گۆڕانکاری لە خۆتدا دەکەیت و هەوڵی گەڕانەوەی متمانەی دەدەیت، ئەوەش چاکە ئەگەر دیسان پێکەوە بژینەوە لە خانوویەکی نوێدا، لە ئەڵمانیا بێت یاخود کوردستان، ئومێدی لە(١٪)شت هەبێت بۆ شەش مانگ و ساڵ نابێتە کێشە.. 
لەو ماوەیەش هەردووک بە جددی لە خوا نێزک بنەوە، با ئەوەش داوای تۆ بێت، هاموشۆی مزگەوت و گوێگرتن لە وانە و هاوڕێیەتی کەسانی باش و خێزانی خواناس. هەروەها هاوڕێیەتی و هاودەمی تەواوی منداڵەکانت بە لەو ماوەیە، کاتی تەواوی خۆتیان بدەرێ بۆ ئەوەی سەکینە و ئارامی و پەیوەندی گەرم نوێ بێتەوە لە نێوانتان. با لەگەڵ خێزانت ڕۆژانە پێکەوە دانیشتنتان هەبێت لە خوێندنی قورئان یاخود گوێگرتن لە وانەیەکی بەسوود و پێکەوەش گفتوگۆی لەسەر بکەن.. 

لە دوای ئەم هەوڵانە و ئەگەر ئەو متمانەی نەدایتێ یاخود نەیویست ژیانت لەگەڵ نوێ بکاتەوە، ئەوکاتە تۆ حوججەی خۆی داوە بە دەستەوە و ئیتر لە هەر بڕیارێک کە بیدەیت، لای خوای گەورە گوناهبار نابیت.. بەڵام ئەوەت لەبیر نەچێت چەندێ هیوات هەبێت لە چاکسازی پێویستە ئارامی لەسەر بگریت بەتایبەتیش لەبەر منداڵەکانت چونکە ئەوان هەموو لە جەنابتان بەرپرسیارن.. 

لە تەواوی بێهیوابوون و بڕیاری گەڕانەوەت، دەکرێت بۆ پێویستی خۆت ژنی دووەم بخوازیت و لە کوردستان ژیان بەریتە سەر، بۆشت دروستە نەفەقەی ئەوان لە ئەڵمانیا نەکەیت، لەبەرئەوەی داکیان سەرپێچە و گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر و پاشان ئێوەی نەکردووە! بەڵام ئەگەر منداڵەکان گەورەترن لە حەوت ساڵ دەشێت ئازادیان بکەیت لەوەی لەگەڵ تۆ دێن یاخود لەگەڵ دایکیان دەمێنن!؟ 
کارێکی باشە و پێویستە لەگەڵ ڕادەی توانای ئابووریت، بەپێی بوارت سەردانیان بکەیت و لێیان بپرسیتەوە، بەلایەنی کەم بە تەلەفۆن، بۆ ئەوەی منداڵەکانت تۆیان بیرنەچێتەوە بە تایبەتی ئەگەر تۆ زیاتر لە خەمی دین و ڕەوشتی ئەوانیت وەک لە دایکیان. بەڵکو دیارییان بۆ بنێریت یاخود بە دەستی خۆی بۆیان بەریت لەو کەڕەتانەی سەردانیان دەکەیت.. 

هەروەها لە حاڵەتی ئەوەش وڵاتی ئەڵمانیا خەرجی ئەوان دەکات دیسان نەفەقەیان لەسەر تۆ دەکەوێت، مەگەر وەک پێویست نەبێت و ئاتاجییان تەواو نەکات! لەو حاڵەتەدا لەسەرتان واجبە بەپێی توانات بۆیان تەواو بکەیت.. 
خوای گه‌وره‌ش زاناتره ‌(جل وعلا).‌ 
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. 
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - 
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/‌ ده‌نگی ئیسلام.

  ژمارەی بینین 663

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram