به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: له بیروباوه‌ڕی ئێمه‌ی ئه‌هلی سوننه وایه که عیسا پێغه‌مبه‌ر-سه‌لامی خوای لێ بێت- نه‌کوژراو و له‌خاچ نه‌درا و نه‌مردووه، به‌ڵکوو خوای گه‌وره پێشوه‌خت به‌رزی کرده‌وه بۆ لای خۆی و له ئاسمانه، ڕووی یه‌کێک له قوتابییه‌کانی خۆی(ئه‌وه‌ی چوو خه‌به‌ری لێدا و خیانه‌تی لێ کرد) چواند به عیسا و کاتێک سه‌ربازه‌کانی ڕۆمیش هاتن ئه‌و برد و له خاچیان دا. خوای گه‌وره‌ش ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ باس ده‌کا و ده‌فه‌رموێَوقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللّهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَـكِن شُبِّهَ لَهُمْ وَإِنَّ الَّذِينَ اخْتَلَفُواْ فِيهِ لَفِي شَكٍّ مِّنْهُ مَا لَهُم بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِلاَّ اتِّبَاعَ الظَّنِّ وَمَا قَتَلُوهُ يَقِيناً * بَل رَّفَعَهُ اللّهُ إِلَيْهِ وَكَانَ اللّهُ عَزِيزاً حَكِيماً[النساء:١٥٧]. واته/ ئه‌وان به فه‌خره‌وه ده‌یانگووت ئێمه عیسای کوری مه‌رییمان کوشت، نه‌خێر ئه‌وان نه‌یانکوشت و له خاچیشیان نه‌دا به‌ڵام لێیان تێکچوو و که‌سێکی تریان به هه‌ڵه له‌خاچ دا، ئه‌وانه‌ش ناکۆکن له‌سه‌ری که ئایا ئه‌و بوو یان نا، لێی به گومانن و هیچ زانستێکیان نییه که خۆی بووبێ مه‌گه‌ر ته‌نها دوای گومان که‌وتوون و به دڵنیایی نه‌یانکوشتووه. به‌ڵکوو خوای گه‌وره به‌رزی کرده‌وه بۆلای خۆی و خوای گه‌وره‌ش به ده‌سته‌ڵات و لێزانه. ئه‌وجا قورئان ده‌فه‌رموێَوإِن مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ إِلاَّ لَيُؤْمِنَنَّ بِهِ قَبْلَ مَوْتِهِ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكُونُ عَلَيْهِمْ شَهِيداً[النساء:١٥٩]. واته/ به ڕاستیش له ئه‌هلی کیتاب زۆرێکیان باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن له پێش مردنی و له ڕۆژی قیامه‌تیش شاهێدی ده‌دات له‌سه‌ریان، کێیان باوه‌ڕی پێ کردووه و کێیان به درۆی خستۆته‌وه. له فه‌رمووده‌ش هاتووه که عیسا-سه‌لامی خوای لێ بێت- وه‌کو کاربه‌ده‌ستێک دێته‌وه‌خوار له ئاخر زه‌مان و دادپه‌روه‌ری ده‌کات، مه‌به‌ست پێی ئه‌وه‌یه به حوکم و شه‌ریعه‌تی ئیسلام فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات و هه‌موو شتێک له شه‌ریعه‌ت فێرکراوه. هه‌روه‌ها حه‌جی ماڵی خوا ده‌کات و به‌راز ده‌کوژێ و باجیش هه‌ڵده‌گرێ، واته ته‌نها شه‌ریعه‌تی ئیسلام ڕۆڵی ده‌بێ و یان ئه‌هلی کیتاب یان موسوڵمان ده‌بن یاخوود باجییان لێ وه‌رناگیرێ، واته لێیان ناگه‌ڕێ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و گومڕاییه بمێننه‌وه، ئێستا وا که خۆی هاتۆته‌وه ئیتر مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دینی به ناوی مه‌سیحه‌وه له پای چی؟! سه‌باره‌ت به پرسیاری دووه‌میش؛ له هه‌موو ئایینه ئاسمانییه‌کان، باسی هاوبه‌ش هه‌یه، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هه‌ندێ فه‌رمایشتی خوا به دروستی ماوه له دینه‌کانی تر که قورئان دووپاتی کردۆته‌وه، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه په‌یامه‌کان هه‌مووی له خواوه هاتوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دینی ئێمه یه‌ک نابێته‌وه، یان ئه‌وه‌تا ده‌ستکاری کراوه وه‌کو ده‌رباره‌ی بیروباوه‌ڕ و په‌نهانه‌کان(غیبیات) چونکه ئه‌وه له هه‌موو دینه‌کان به نه‌گۆڕی خوای گه‌وره ناردوویه‌تی، یان ئه‌گه‌ر جیاوازییان له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌بوو تایبه‌ته به خۆیانه‌وه، چونکه بۆ هه‌ر ئوممه‌ته و شه‌ریعه‌تی جیاواز هاتووه.. باسی چیرۆکه‌کانیش زۆریان لێ گۆڕیوه، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌ش هه‌ر ماوه. ئه‌وانه‌ش که ده‌ڵێن پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) له ته‌وراته‌وه وه‌ری گرتووه؟ باشه بۆچی جووله‌که‌کانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر وایان نه‌ده‌گووت؟! ئه‌گه‌ر وابووایه، ده‌بوو یان بڕوا بهێنن چونکه له‌و حاڵه‌ته دڵخۆش ده‌بوون به‌وه‌ی قورئان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ته‌وارته‌که‌ی ئه‌وان دێته خوار که‌واته به‌لای ئه‌وانه‌وه پشتئه‌ستوور ده‌بوون و باوه‌ڕییان پێ ده‌هێنا. یاخوود ده‌بوو بڵێن قورئان که وه‌کو ته‌وراته ئێمه بۆ شوێنی بکه‌وین! پێویستمان پێی نییه. به‌ڵام با ئه‌وانه به‌ڵگه‌یه‌ک بهێنن له‌و باره‌یه‌وه، گومانیشی تێدا نییه جووله‌کانی ئه‌و کاته زیاتر په‌یوه‌ستبوون به ته‌وراتی خۆیان و شاره‌زاتریش بوون. پاشان هه‌موو که‌س ده‌زانێ پێغه‌مبه‌ری خوا نه‌خوێنه‌وار بووه، ئه‌مه‌ش موعجیزه‌یه‌ک بوو و هه‌تا که‌سیش نه‌ڵێت ئه‌م قورئانه خۆی نووسیوێتی، باشه چۆن ده‌شێت بۆ نه‌خوێنه‌وارێک ته‌وارتێکی عیبری بخوێنێته‌وه و قورئانی لێ بهۆنێته‌وه!؟ خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.