سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمى چارەسەرى ئافرەت لای پزیشكی پیاو.؟
حوكمی چارەسەر وەرگرتنی ئافرەت لەلای پزیشكی پیاو
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3670


حوكمی چارەسەر وەرگرتنی ئافرەت لەلای پزیشكی پیاو

دیاردەی بە ئاسایی تەماشا كردنی سەردانی نەخۆشی ئافرەت بۆ لای پزیشكی پیاو بە بێ هەبوونی زەرورەت دیاردەیەكی ناشیرین و ناشەرعییە و نیشانەی نەفامی یان گوینەدانە بەشەرع و هاوكات لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە ئاماژەیە بۆ جۆرێك لە بێ غیرەتیش، ئەوەی كە لەم بارەوە درووستە تەنها حاڵەتی (ضرورات) ە، كە زانایان تەنها وەكو حاڵەتی ناچاری ڕێگەیان داوە پزیشكی پیاو پشكنین و چارەسەر بۆ نەخۆشی ئافرەت بكات، بەتایبەتی ئەگەر جێگای نەخۆشییەكە لەو جۆرە بێت كە زانایان بە (العورة المغلظة) ناویان بردوە، بنچینەیەكی كارپێكراوو جەخت لەسەر كراوەش لەلای زانایانی ئیسلام هەیە كە بریتییە لەوەی (الواجب أن یطبب الرجل الرجال وأن تطبب المرأة النساء) واتە: پێویستە پزیشكی پیاو نەخۆشی پیاوان تیماریان بكات و پزیشكی ئافرەت ئافرەتان تیمار بكەن، لە دەرەوەی ئەم بنەمایەش دەچێتە بازنەی پێویستی و ناچارییەوە كە ئەوەش خۆی بۆ خۆی بنەمایەكی سەربەخۆیە و چەسپاوە بە ئایەتی: (فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ) البقرة/ 173 .لەو ئایەتەشەوە بنچینەی " الضرورات تبيح المحظورات " و " الضرورات تقدر بقدرها" وەرگیراوە، جگە لە چەندین فەرموودەی پەیوەندیار...بۆیە لەم بارەوە بە كورتی چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو:
1- لە بنچینەدا موراجەعەی ئافرەت بۆ لای پزیشكی پیاو بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەك كە پێویست بكات ئەو جێگایانە لە لاشەیدا ببینیت كە لەشەرعدا بە عەورەت دانراوە حەرامە و درووست نییە، هەر ئاسانكاری و كەمتەرخەمی و گوێنەدانێك لەم بارەوە لادانە لە شەرع و بگرە لە فیترەتیش.

2- زانایان لە كۆن و نوێدا بۆ كاتی ناچاری و نەبوونی پزیشكی ئافرەت با موسوڵمانیش نەبێت، ڕێگەیان داوە ئافرەتی نەخۆش لە لای پزیشكی پیاو پشكنین بكات و چارەسەری بۆ بكرێت، بەڵام ئەوە وەكو وتمان مەرجدارە بەوەی كە ئەگەر پزیشكی ئافرەت لەو دەڤەرە یان لە جێگەیەكی تر كە بتوانن بە ئاسانی پێی بگەن بوونی نەبێت.

3- لە شەرعی ئیسلامدا ئەسڵ ئەوەیە پیاو لای پزیشكی پیاو و ئافرەت لای پزیشكی ئافرەتی موسوڵمان چارەسەر بكرێت و پشكنینی بۆ بكرێت، ئەگەر نەبوو لەلای ئافرەتێكی ناموسوڵمان و ناوابەستوو بوو بە شەرع، ئەگەر ئەویش نەبوو، ئەوسا لەلای پزیشكێكی پیاوی موسوڵمانی وابەستە بەدین ئەویش لە ڕووی ناعیلاجییەوە، ئەگەر ئەویش نەبوو ئەو كاتە ناچار چارەسەر بكرێت ئەگەر لای پزیشكێكی ناموسوڵمان و نا مولتەزیم یش بووە، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی درووست نەبێت، چونكە پاراستنی گیانی مرۆڤ لە ئیسلامدا ئامانجە.

4- ئەگەر نەخۆشی و كێشەی ئافرەتەكە لەو جێگایانە بوو كە تا رادەیەك ئاساییە پشكنینی بۆ بكرێت بەراورد بە شوێنەكانی تر، بۆ نموونە دەست و دەم و چاو وهەندێ جێگەی هاوشێوە، ئەوە لە ڕووی زەرورەتەوە ئاسانترە تا ئەوەی بگاتە پشكنین و چارەسەر كردنی هەندێ ئەندامی ئافرەت كە بە عەورەتی مغلظة لە شەرعدا ناوبراوە، ئەمەیان پێویستە لەسەر ئافرەتەكەو سەرپەرشتیارەكەشی زۆر لێی وردببنەوە تا بتوانن لە ڕێگەی سەفەر كردن بۆ شارو شوێنی تر و پارە خەرج كردنی زیاتر بۆ لای پزیشكی ئافرەتی ببەن و ڕێگە نەدەن خوشك و دایك و هاوسەرەكانیان بخەنە بەردەستی كەسانێك ڕەنگە لە ژیانیاندا نەك یەك ڕكات نوێژیان نەكردبێت بەڵكو هەر نەزانن حەڵاڵ و حەرام یەعنی چی؟! ئەوەش بۆ كەسی سەرپەرشتیار - ئەگەر ناچار نەبێت - ستەمێكە لەو كچ و ئافرەتەی دەكات.

5- كە ئەلێین زەرورەت واتە یەكەم پزیشكێكی ئافرەتی موسوڵمان یان نا موسوڵمان لەو شارو شوێنەی نەخۆشەكە بوونی نەبێت جگە لە پزیشكی پیاو نەبێت، هەروەها نەخۆشیی ئافرەتەكەش بە شێوەیەك بێت دواخستن هەڵنەگرێت و بە چارەسەر نەكردنی زیان لە تەندروستی بكەوێت و مەترسی لەسەر سەلامەتی درووست ببێت.
تێبینی: زانایان باسەكانی مەرجەكانی زەرورەتیان كردووە كە حەرامی بۆ حەڵاڵ ئەبێت كە ئێرە جێگای شیكردنەوەیان نییە.

6- ئەگەر ئەو زەرورەتەی ئاماژەمان پێكرد درووست بوو، پێویستە ئەو ئافرەتە نەخۆشەی كە پزیشكی پیاو چارەسەری دەكات مەحرەمێكی لەگەڵدا بڕواتە ژوورەوە بۆ لای دكتۆرەكە چی لە نۆرینگە بێت یان لە هۆڵی نەشتەرگەری، سەرپەرشتیارەكە هەوڵی خۆی دەدات ئەگەر ڕێگە نەدرا لە ڕووی شەرعەوە پۆزشی بۆ خۆی هێناوەتەوە.

7- گومانی تێدا نیە تاكە شتێك كە مرۆڤ لە هەڵە و تاوان بگێڕێتەوە دینە و ترسی پەروردگار وڕۆژی دواییە، كەواتە ئەو پزیشكەی كە هیچ وابەستە بوونێكی بە دینەوە نییە یان بە كەسێكی بێ دین ناسراوە هیچ متمانەیەكی لەسەر نییە ئافرەتێك بخرێتە ژێر دەستی، وابزانم زۆربەشمان لەو بارەوە چیرۆكی ناخۆش و تاڵمان بیستووە، ئەو پزیشكە هەرچەند پیشەییش بێت لە كارەكەیدا و بەسەرڕاستی و ڕیك و پێكی ناسرابێت، ئەوە مەسەلەیەكی كاتی و ڕێژەییە، مەرج نییە هەموو جارێك سنووری ئەو پیشەیی بوون وئاكار جوانییە بپارێزێت، بەڵكو پزیشكی وابەستە بوویش بە دینەوە لە هەر لەحزەیەكی لاوازی ئینسانیدا وەكو پزیشكە ناوابەستەبووەكە مامەڵە دەكات، هەر بۆیە زانایان فەرموویانە پزیشكی ئافرەت ئەگەر موسوڵمانیش نەبێت لە پێشترە بۆ چارەسەكردنی نەخۆشی ژن لە پزیشكی پیاو با موسولمان و پابەندیش بێت بەدین و ئاكاری جوانەوە.

8- یەكێكی تر لە پێوەرەكانی زەرورەت ئەوەیە ئافرەتەكە نەخۆشییەكی بەپەلە ولەناكاوی هەبێت و پێویستی بە فریاكەوتنی هەنووكەیی هەبێت و تەنها پزیشكی پیاویش هەبێت بۆ چارەسەركردنی، بە پێچەوانەی هەندێ نەخۆشی كە ئاساییە دوابخرێت تا بوار دەرەخسێت بۆ ئەوەی بچێتە لای پزیشكێكی ئافرەت.

9- ئینجا زانایان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە سەرپەرشتیاری هەر ئافرەت و كچێك ئەگەر توانای بوو لەسەر خەرجی خۆی چارەسەریان لەلای پزیشكی ئافرەت بكات و بەو پارە خەرج كردنە ئیتر ناچار نەبوو بیانباتە لای پزیشكی پیاو ئیتر ئەو كارە پێویست دەبێت لەسەری بیكات .

10- زانایان لەم بارەوە جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئەگەر بە بنەمای زەروەت كار كرا، پێویستە ڕەچاوی بنەمایەكی تر بكرێت كە بریتییە لە: ( الضرورة تقدر بقدرها) واتە زەرورەت و پێویستی بە پێی خۆی و بەو ئەندازەی كە پێویستە ئەنجام دەدرێت نەك بەڕەهایی، بۆ نموونە پێی نەخۆشەكە پێویستی بەچارەسەرە، حەرامە لەوە زیاتر بۆ نموونە تاكو ڕانی دەربخرێت، لەمەشدا دینداری و زانستی شەرعی وكەسایەتی بەهێزی ئافرەتەكە و سەرپەرشتیارەكەی ڕۆڵی باش دەگێڕێت.

11- هەر لەسەر مەسەلەی زەرورەت خاڵێكی تر هەیە شایانی ئاماژە پێكردنە ئەویش ئەوەیە هەندێ جار پزیشكی ئافرەت هەیە بەڵام لێهاتو نییە و بە ئەزموون دەركەوتووە لە پسپۆڕییەكەیدا كارامە نییە و پزیشكی پیاو هەیە لەو بەتواناترە، لەو حاڵەتەدا و لەبەر گرنگی ژیانی مرۆڤەكە پەنا بۆ پزیشكە پیاوەكە دەبرێت لەڕووی ناچارییەوە.

12- پرسێكی تر هەیە شایانی هەڵوەستە كردن و لێ وردبوونەوەی زۆرە ئەویش بریتییە لە سەردانی ئافرەتی دووگیان بۆ لای پزیشكی پیاو! وەكو پشكنینی تیشك وسۆنار وتەنانەت پشكنینی عەورەتی ئافرەت و مەسەلەی مناڵبوون، ئەم بوارە بێگومان پزیشكی ئافرەتان زۆرن و بێگومان لەو بوارەدا لە پیاوانیش لێهاتووترن، هەڵەیەكی شەرعی زۆر گەورەیە و سیفەتێكی ناشیرینە بۆ ئافرەت و سەرپەرشتیارەكەی ئەوە قبوڵ بكەن، مەگەر لە نەبوونی پزیشكی ئافرەتدا كە ئەوەش لە مەحاڵەوەنزیكە.

13- هەروەها سەبارەت بە سەردانی كردنی ئافرەت بۆ لای پزیشكی ددانی پیاو كە ئەمەیان حاڵەتی بەپەلە و لەناكاوو ناچاری زۆر كەمترە، ئەمەش لەلایەن موسوڵمانانەوە كەمتەرخەمییەكی زۆری تێدا درووست بووە و سنووری شەرعی زۆر تێدا - بە خۆرایی - دەبەزێنرێت، چونكە سروشتی ئیشەكە وا پێویست دەكات پزیشكەكە زۆر لە ئافرەتەكە نزیك بێتەوە و بۆ چەندین سعات ئەو ئافرەتە - جاری وا هەیە دوو بە دوو - لەبەردەستی پزیشكێكی پیاودا دەبێت - كە ئەو دكتۆرە ئەگەر كەسێكی زۆر پابەندیش بیت بە شەرعەوە دواجار مرۆڤە و قابیلی گوناه كردنە و بەبەردەوامی ئەنجامدانی ئەو كارە تەواو لەای ئاسایی دەبێتەوە - ئینجا چارەسەركردنەكە لە كەشێكی بەریەككەوتن و تەماشاكردنی ناشەرعی و ناشیریندا بەڕێوە دەچێت و زانایانی ئەم سەردەمە بەتایبەت فەتوای حەرامی سەردانی ئافرەتیان بۆ لای پزیشكی ددانی پیاو داوە و شاراوەش نییە كە پزیشكی ددانیش لە ئافرەتاندا زۆرە ، ئەمەش مەگەر لە ڕووی زیانێكی مسۆگەردا و لە نەبوونی پزیشكی ددانی ئافرەت یان هەبێت بەلام لێهاتو نەبێت و ئەگەری سەقەتكردنی دانەكانی هەبیت ئەو كاتە لەڕووی زەرورەتەوە ڕێگە دەدرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێ جار بە بیانووی جیاوازەوە ئافرەتان خۆیان حەز لەسەردانی پزیشكی پیاو دەكەن و پیاوانیش بە هەمان شێوە حەز بە سەردانی پزیشكی ئافرەت دەكەن، كە ئەمەش لە ڕووی شەرعییەوە ولەبەر نەبوونی پاساو كارێكی درووست نییە.

ئەم پرسە لە كتێبی زانایان لە كۆن و نوێدا بەتێروتەسەل باس كراوە، لێرەدا هەوڵمداوە پاش خویندنەوەی بۆچوون و وتەكانیان لەو بارەوە پوختەیەك پێشكەش بكەم بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە لە واقعدا بە چاوی خۆم دەیبینم..والحمد لله الذي بنعمته تم الصالحات.

إحسان برهان الدین
14 محرّم 1442
2 أیلول 2020

  ژمارەی بینین 112

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus