سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمی وتنی خێزانم وەك دایكم وایە.؟
حوكمی ئەو كەسانەی بە خێزانەكانیان دەڵێن وەك خوشك و دایكمان وان.. یان سوێند لە خێزانەكانیان دەخۆن لەگەڵیان كۆ نەبنەوە.؟!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3868

حوكمی ئەو كەسانەی بە خێزانەكانیان دەڵێن وەك خوشك و دایكمان وان..

 یان سوێند لە خێزانەكانیان دەخۆن لەگەڵیان كۆ نەبنەوە.؟!
  

ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەموو رێگاو چارەسەرێك دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ناو ماڵی كۆمەڵگای موسوڵمانان بەرەو هەڵوەشان و وێرانی نەڕوات و چەندین یاسای جوان و قەشەنگی بۆ پاراستی خێزان داناوە كە بە پارێزەرترین یاسا ناوزەد كراون له بواری پاراستنی خێزاندا.

قورئانی پیرۆز كە یاساو مەنهەجی موسوڵمانانە دوو گرفت و دوو كێشەی نێوان ژن و مێردان باس دەكات و هەروەها چارەسەریشیان بۆ دادەنێت.

(1) زیهار/ واتە: كەسێك بە خێزانی بڵێت تۆ وەك دایك و خوشكم وایت، یان وەك خوشك و دایكم لێم حەرام بیت، ئەوە لەو كاتەدا خێزانی لێ حەرام دەبێت و ناتوانێ نزیكی لێ بكات تا كەفارەی ئەم قسەیەی دەدات.
ئەگەر مەبەستی بەم وشانە (زیهار) بێت، ئەوە تەنها كەفارەتی لەسەرە، وە ئەگەر مەبەستی بەم وشانە تەڵاق بێت، ئەوە تەنها تەڵاقێکی دەکەوێ، وەك ئیبن عەباس دەفەرموێ: هەرکاتێک پیاوێك ژنەکەی خۆی لەسەر خۆی حەرام کرد، ئەو حەرامکردنە بە سوێند دادەنرێ و واجبە کەفارەتی بۆ بدات، وە ئەوە شوێنکەوتنێکی جوانی پێغەمبەرە بۆ ئێوە ﷺ. بۆخاری موسلیم ڕیوایەتیان كردووە.

كەفارەتی زیهار:

1) دەبێت کۆیلەیەکی موسوڵمان ئازاد بکات، كە هیچ کەم و کوڕییەکی تێدا نەبێ کە زیان بە ئیشوکاری بگەیەنێت.  (ئەمەیان لە ئێستادا بوونی نییە).

2) دەبێت دوو مانگ بەسەر یەکەوە بەڕۆژوو بێت و نابێت یەک ڕۆژ بخاتە نێوانیان، واتە ئەگەر ڕۆژێک بەڕۆژوو نەبوو، ئەوەی ڕابردوو هەموو تێک دەچێ و دەبێت سەر لەنوێ دەست پێ بکاتەوە.
3) ئەگەر توانای نەبوو دوو مانگ بەڕۆژوو بێت، لەبەر پیری، یان لەبەر نەخۆشییەکی بەردەوام، دەبێت خۆراک بداتە (60) هەژار، بۆ هەر هەژارێک كیلۆو نیوێك لە خواردنی مام ناوەندی ئەو شارە دەبێت.

ئەم ئەحكام و یاسایە لە قورئانی پیرۆز و لە سوورەی موجادەلە لە ئایەی (3و 4)دا ڕوونكراوەتەوە.

تێبینی: 
- زیهار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو درووستە، وەک بڵێت تا ماوەی مانگێک تۆ وەکو خوشك و دایکمی، پاشان ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا نزیكی لە خێزانی كرد، کەفارەتی دەکەوێتە سەر، بەڵام ئەگەر مانگەکە تەواو بوو هیچ ڕووی نەدا، ئەوە هیچی ناکەوێتە سەر وە لەدوای مانگێک ژنەکەی لێ حەڵاڵ دەبێتەوە.
 - ئەگەر ژن بە مێردەکەی بڵێ تۆ وەکو باوک و برای منی، ئەوە تەنها گوناهی دەگاتێ و لێی حەرام نابێ و کەفارەتیشی لەسەر نییە.

سەبارەت بە سوێندى (ئيلاء):

مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكه مەحموود (بەرەحمەت بێت) لە تەفسیری ڕاماندا دەفەرموێ: کەسێ سوێندى خوارد نەڕواتە لاى ژنەکەى، ئەوە نابێ ئەو سوێندە لەچوار مانگ زیاتر تێپەڕێ، خۆ ئەگەر پێش چوار مانگەکە گەڕایەوەو چوویەوە لاى ژنەکەى، دیارە ئەوە كەفارەتی لەسەر نییە، تەنانەت ئیبن عەباس "خواى لێ ڕازى بێت" دەڵێت: ئەگەر چوار مانگەکە تێپەڕیى و، ئەو کەسە هەر سوور بوو لەسەر قسەى خۆى ئەوە خۆ بەخۆ یەک تەڵاقى دەکەوێ و ژنەکە (بائن)ـە دەبێتەوەو ڕزگارى دەبێ لێى، خۆ ئەگەر هەر درێژەى دایەو نەگەڕایەوە لاى، ئەوا پاش چوارمانگ داوەرى شەرعى بەزۆر پێى تەڵاق دەدا.

ئا: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود

  ژمارەی بینین 89

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram