سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا درووستە لە باربردنی منداڵ.؟
ئایا دروستە لە باربردنی منداڵ؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3688


ئایە دروستە لە باربردنی منداڵ؟

بە پێویستی ئەزانم بۆ تێگەشتنی زیاترو ڕونتری وەڵامی ئەو پرسیارە باسەکە بکەم بە دوو بەشی سەرەکیەوە:

#باسی_یەکەم: لە بار بردنی منداڵ لە پاش ڕوح کردن بە بەریدا.

گشت زانایانی ئیسلام یەکدەنگن لەسەر ئەوەی هەرکات منداڵ ڕوح کرا بە بەریدا، بەهیچ جۆرێک دروست نیە لە بار بردنی و بە کوشتنی مرۆڤێک ئەژمێردرێت، کە خوای گەورە قەدەغەی کردوە، وەک ئەفەرموێت( ولا تقتلوا النفس التي التي حرم الله إلا بالحق).
#باسی_دووەم: لە بار بردنی منداڵ پێش ڕوح کردن بە بەریدا. 
زانیان و شەرع زانان لە بارەی لەباربردنی منداڵ لەم کاتەدا سێ بۆچونی جیاوازیان هەیە، کە بەم شێوەی خوارەیە:
#یەکەم: دروستە لەبار بردنی کۆرپەلە بەهەر هۆکارێک بێت، پێش ڕوح کردن بە بەریدا. 
ئەمە بۆچونی زۆربەی مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفەو ئیمامی ئەحمەدە، وە بۆچونی زەیدیەکانیشە. ئەم زانایانە لەگەڵ ئەوەی یەکدەنگن لەسەر دروستی لەبار بردن لەم کاتەدا، بەڵام یەکدەنگ نین لەوەی لە چەند ڕۆژی ڕوح ئەکرێ بە بەر کۆرپەلەدا، هەندێک لە حەنەفیەکان پێیان وایە منداڵ لە (١٢٠) ڕۆژیدا ڕووح ئەکرێ بە بەریدا، بەڵام هەندێکی لەم ژمارە کەمتریان داناوە کە (٤٥)ڕۆژە. بەڵام زۆربەیان بە گشتی ئەڵێن پێش ڕووح کردن بە بەریدا بەبێ دیاری کردنی ڕۆژ. 

 بەڵگەکانیان:
١- ئەڵێن مادام ڕووح نەکراوە بە بەریدا لەبار بردنی حوکمی فڕێدانی تۆوی پیاوی هەیە لە دەرەوەی ڕەحمی ئافرەت کە پێی ئەوترێ(العزل)، عەزلیش لە ئیسلامدا دروستە چونکە هەر تۆوە نەبوە بەهیچ، ئەو پارچە گۆشتەش کە ڕوح نەکراوە بە بەریدا هەمان یاسا ئەیگرێتەوە. 
٢- تۆوی پیاو و ئافرەت کاتێک جێگیر ئەبێت، پێی ناوترێ منداڵ تا بەم حەوت ڕێگەدا تێپەڕ ئەبێت، لەسەر ئەم ئایەتە پیرۆزە ﴿وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَـٰنَ مِن سُلَـٰلَةࣲ مِّن طِینࣲ  ثُمَّ جَعَلۡنَـٰهُ نُطۡفَةࣰ فِی قَرَارࣲ مَّكِینࣲ  ثُمَّ خَلَقۡنَا ٱلنُّطۡفَةَ عَلَقَةࣰ فَخَلَقۡنَا ٱلۡعَلَقَةَ مُضۡغَةࣰ فَخَلَقۡنَا ٱلۡمُضۡغَةَ عِظَـٰمࣰا فَكَسَوۡنَا ٱلۡعِظَـٰمَ لَحۡمࣰا ثُمَّ أَنشَأۡنَـٰهُ خَلۡقًا ءَاخَرَۚ فَتَبَارَكَ ٱللَّهُ أَحۡسَنُ ٱلۡخَـٰلِقِینَ ﴾. جا هەرکات تۆوی پیاو ئافرەت بەم حەوت ڕێگەدا تێپەڕ بوو، پێی ئەوترێ کۆرپەلە، بەڵام لەم پێش ئەمەدا پێی ناوترێ کۆرپەلەو لە باربردنیشی ئاسایە، چونکە ڕوح نەکراوە بە بەریدا، وەک ئیمامی ابن قدامەش وای فەرمووە لەسەر ئەم ئایەتە پیرۆزە.
#دووەم: دروستە لەبار بردن لەم کاتەدا، بەڵام ناپەسەندە(المکروە). 
ئەم بۆچونە زۆربەی مەزهەبی ئیمامی شافعی و هەندێک لە مالیکیەکانە. 
بەڵام لای شافعیەکان منداڵ لە (٤٢)ڕۆژیدا ڕووح ئەکرێ بە بەریدا، لەبەر فەرمودەکەی سەحیحی ئیمامی موسلم کە حوزەیفە بۆمان ئەگێڕێتەوە، ئەفەرموێ گوێم لە پێغەمبەر بوو فەرمووی( إِذَا مَرَّ بِالنُّطْفَةِ ثِنْتَانِ وَأَرْبَعُونَ لَيْلَة، بَعَثَ اللَّهُ إِلَيْهَا مَلَكًا، فَصَوَّرَهَا وَخَلَقَ سَمْعَهَا.... ). واتە:  هەرکات تۆو چل و دوو ڕۆژی بەسەردا چوو لە ڕەحمی ئافرەتدا، خوای گەورە فریشتەیەک ئەنێرێ و وێنەی ئەکێشێ و گوێ و چاو و پێست و گۆشت و یەسکی بۆ دروست ئەکات.
 
 بەڵگەکانیان:
پێیان وایە جیاوازی هەیە لە نێوان تۆوی پیاو کە لە ڕەحمی ئافرەتدایە لەگەڵ فڕێدانی لە دەرەوەی ڕەحم( العزل)، چونکە تۆوەکە جێی خۆی گرتوەو ئامادەیە بۆ دروست بوون و ژیان، بەڵام (العزل) ئامادە نیە بۆ ژیان. هەر بۆیە پێیان وایە ناپەسەندە نەک حەرام.
#سێهەم: حەرامە لەباربردن بەهەر هۆیەک بێت. 
ئەم بۆچونە مەزهەبی زۆربەی مالیکیەکان و بەشێک لە مەزهەبی ئەبوو حەنیفەو ئیمامی ئەحمەدو ئیمامی غەزالی لە مەزهەبی ئیمامی شافعی. وە مەزهەبی زاهیری و بەشێکی زۆر لە شیعەی ئیمامی هەمان بۆچونیان هەیە. 

 بەڵگەکانیان:
١- کاتێک ئاوی پیاو ئافرەت یەک دەگرن، ئامادەن بۆ سەرەتای ژیانی کۆرپەلەیی، بەڵام کاتێ بەهۆکارێ ئەشێوێنرێ و لە ناو ئەبرێ، دەسیدرێژی کردنە سەر ژیانێک کە سەرەتاکەی دەستی پێکردوە. 
٢- ناکرێ فڕێدانی ئاوی پیاو( العزل) لە دەرەوەی ڕوحمی ئافرەت و لە باربردنی پێش ڕووح کردن بە بەردا بەیەک بچوێنین، چونکە ( العزل) لە ناو بردنە بەبێ بەکارهێنانی هیچ شتێک، بەڵام لەباربردن دەستدرێژی کردنە سەر شتێک کە بوونی هەیە.  
بۆیە ئەڵێن ئەگەر کەسێک لە کاتی بەستنی جلی ئیحرامدا گەر هێلکەی باڵندەیەکی شکاند، وەک ئەوە وایە باڵندەکەی کوشتبێ و ئەبێ فیدیەی بدات، بەهەمان شێوە ئەوکەسەی ئاوی پیاو ژن لە ڕەحمدا لە ناو ئەبات هەمان یاسا ئەیگرێتەوە. 
٣- هەرکات ئافرەت منداڵ کەوتە سکی لە ئیسلامدا بە منداڵ و نەفسی تەواو بۆی هەژمار ئەکرێت، جا ئەگەر پێش ڕووح کردن بە بەریشیدا بێت، چونکە بۆ نمونە گەر لەو کاتەدا باوکی بمرێ ئەبێ چاوەڕوانی ئەو منداڵە بکرێ تا لە دایک ئەبێ و تا بەشی میراتی بۆ دیاری بکرێت.
 
پوختەی قسە:
دوای باسکردنی قسەی جیاوازی زانایان لەسەر ئەم بابەتە و هێنانی بەڵگەکانیان، ئەوەی من بۆم ڕوون بویەوە ئەم بابتە تا بکرێ پەنای بۆ نەبرێ چونکە هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوە وەچە، ئەم کەمکردنەوەش لەگەل مەبەستی هاوسەرگیریدا ناگونجێ. 
بەڵام گەر هۆکارێکی پێویست ببێت بۆ لەبار بردن و کۆرپەکەش ڕووح نەکرابێ بە بەریدا کە زیاتر دکتۆرە بەڕێزەکان دیاری دەکەن بە ئامێری پێشکەوتوو لە کەیدا ڕووح ئەکرێ بە بەریدا، لەم کاتەدا دروستە ئەو لەبار بردنە، چونکە تەنها پارچە گۆشتێکەو هیچی تر، بەڵام ئەم کارەش نابێ ئەوەنە بە سادەیی تەماشای بکرێت، بەڵکو ئەبێ هۆکاری زۆر پێویست هەبێت ئەوکات پەنای بۆ ببردرێت، ئەم بۆچونەش دیارە بەشێکی دیار لە زانایان کاریان پێکردوە. 

شاخوان سيامنصوري



  ژمارەی بینین 744

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram