پرسیار: ئایا دروستە من و مێردەكەم پێكەوە مەڕێك بكەین بە قوربانی بە شەریكی ؟!! وەڵام: یەكەم: مەڕ و بزن، بری یەك كەس دەكەون لە قوربانیدا، واتە تەنها بۆ یەك كەس دەبێت كە واجبی قوربانی لەسەر لابچێت. وە بۆ دوو كەس نابێت. بەڵام دروستە ئەو پیاوەی قوربانی دەكات، خێزان و ماڵ و منداڵەكەی بەشدار بكات لە خێرەكەیدا. واتە لە خێردا دەتوانێت بیانكاتە شەریك. وە مەڕێك یان بزنێك كە دەكرێتە قوربانی، دەتوانرێت هەموو ئەندامانی خێزانەكە بەشدار بكرێن لە خێر و پاداشتەكەیدا، ئیتر ژمارەیان هەرچەندێك بێت. زانای پایەبەرز -ابن قیم- (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: " لە سوننەتی پێغەمبەرە -صلی الله علیه وسلم- كە پیاوێك مەڕێك بكاتە قوربانی و هەموو ئەندامانی خێزانەكەی بەشدار بكات تێیدا، هەرچەندە ژمارەشیان زۆربێت" (زاد المعاد 2/295) ابن رشد (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: " زانایان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی كە مەڕێك یاخود بزنێك تەنها بری یەك كەس دەكەوێت لە قوربانیدا، جگە لەوەی كە لە ئیمامی مالیكەوە ڕیوایەت كراوە كە پیاوێك دەتوانێك مەڕێك بكاتە قوربانی و خۆی و خانەوادەكەی بەشدار بكات لە خێرەكەیدا، نەك وەك شەریكایەتی لە ئەنجامدانی قوربانیەكەدا" (بداية المجتهد 2/ 196). دووهەم: ئەگەر پیاوەكە پارەی تەواوی نەبوو، ژنەكەی ئەتوانێت یارمەتی بدات و پارەی خۆی ببەخشێت بە مێردەكەی بە نیەتی یارمەتیدانی بۆ كڕینی ئاژەڵی قوربانیەكە، نەك بە نیەتی شەریكایەتی كردن لە قوربانی كردنەكەدا. بە پێچەوانەشەوە دروستە، واتە مێردەكە پارە بخاتە سەر پارەی خێزانی و یارمەتی بدات بۆ ئەوەی خێزانی قوربانیەكە بكات و مێردەكەی و منداڵەكانی لە خێرەكەیدا شەریك بكات. جا قوربانیەكە كامیان بیكات بۆ ئەو دەنوسرێت و هاوسەر و منداڵەكانیشی بەشدار ئەبن لە خێرەكەیدا. سەرچاوە: موقع اسلام سؤال و جواب لیژنەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ماڵپەری دەنگی ئیسلام