سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئايا حوکمی منداڵی زۆڵ چییە له ئيسلامدا.؟
السلام علیکم پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه‌: برایه‌ك پێش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك ده‌ستتێکه‌ڵاوی کرد و ده‌رئه‌نجام منداڵێکی لێی بوو. پاش بوونی منداڵه‌که‌ له‌یه‌ک جیا بوونه‌وه‌، به‌ڵام که‌مێك هاتوچۆیان ده‌کات و‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی که‌ منداڵه‌که‌ هی خۆیه‌تی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چووه‌ته‌ لای دکتۆر و فه‌حسی خۆی کردوه‌، به‌هه‌رحاڵ ئێستا ئه‌و برایه‌ ده‌ڵێت ئایا له‌ ئیسلامدا مافی ئه‌و منداڵه‌ چییه‌ به‌سه‌ر منه‌وه‌؟ سوپاس بۆ خوا له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی ڕابوردووه‌وه‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ نوێژکردن.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 216

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. 

برا گیان بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وا پشت به‌ خوا په‌روه‌ردگار ده‌ڵێین: 

له‌وه‌ی که‌ ڕوونه‌ ئێمه‌ تێی ده‌گه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و منداڵه‌ منداڵی زینا بێت، خوا په‌نامان بدات. جا ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌وه‌ وه‌ڵامه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت: 
منداڵی زینا له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا هیچی به‌سه‌ر باوكییه‌وه‌ نییه‌، واته‌ نه ‌بانگ ده‌کرێت به‌ناوی بابیه‌وه‌ و نه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ میراتی بابی له‌ دوای خۆی(مردن). 

هه‌روه‌ها مافی به‌خێو‌ کردن و مه‌سره‌فی ژیانیشی هه‌ر ناکه‌وێته‌ سه‌ر بابه‌که‌، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر دایکی! 
ئه‌مه‌ ڕای جومهوری زانایانه ‌و به ‌لای ئه‌مانه‌وه‌ ده‌ڵێن له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌سه‌ب زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ ئیسلامدا و نابێت به‌ هیچ جۆرێك مناڵی زینا بدرێته‌ پاڵ نه‌سه‌بی باوك. 
به‌ڵگه‌شیان ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌یه‌ که‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌ وسلم) له‌ کێشه‌یه‌کی نیوان دوو هاوه‌ڵی خۆیدا له‌سه‌ر منداڵێك فه‌رمووی: " الولد للفراش وللعاهر الحجر." أخرجه مسلم. واته:‌ منداڵه‌که‌ بۆ ئه‌ که‌سه‌یه‌ که‌ به‌شه‌رعی سه‌رجێی کردووه‌ و بۆ پیاوی زیناکاریش به‌رد، مه‌به‌ستی له‌وه‌یه‌ که‌ هیچی بۆ نابێت. 

به‌ڵام هه‌ندێ زانای تر به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕای جومهور ده‌ڵێن و ئه‌وانیش قسه‌ی جوانیان هه‌یه‌. 
له‌وانه‌ حه‌سه‌نی به‌صری خوای لێ ڕازی بێت ده‌فه‌رمووێ: پیاوی زیناکار له ‌دوای ئه‌وه‌ی حوکمی خوای له‌سه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، منداڵه‌که‌ی ده‌کرێت به ‌ناوی و میراتیش وه‌رده‌گرێت. ئیبڕاهیمی نه‌خه‌عی ده‌ڵێت: منداڵه‌که‌ ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر پیاوه‌که‌ به ‌یه‌کێك له‌م دوو شته: یان حوکمی(حه‌دد) له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێت یاخود حه‌ڵاڵی بکات له‌ خۆی به‌ ماره‌کردنی یان به‌ جاریه‌کردنی. (هه‌ڵبه‌ته‌ له‌م ڕۆژه‌ماندا هیچکام له‌م حوکمانه‌ کاری پێ ناکرێت له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ و هه‌روه‌ها به‌ جاریه‌کردنیش ئێستا کاری پێ ناکرێت.) 

ئیسحاقی کوڕی ره‌هاوییه‌ ده‌ڵێت: له‌ دایکبووی زینا ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر جێی شه‌رعی نه‌بووبێت، خاوه‌نێك نه‌بێت داوای بکاته‌وه ‌و پیاوێکی زیناکاریش‌ داوای کرده‌وه‌ ئه‌وا ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ری.‌ واته‌ ده‌شێت بیکات به‌ناوی خۆیه‌وه‌. وه‌ ده‌ڵێت له‌و فه‌رمووده‌یه، پێغه‌مبه‌ر سڵاوی خوای لێ بێت بۆیه‌ فه‌رمووی:‌" الولد للفراش" چونکه دوو که‌س مشتومڕیان کرد له‌سه‌ری به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌س نه‌بوو ئه‌وا ده‌شێت بخرێته‌ سه‌ر پیاوه‌ زیناکاره‌که‌. 
‌هه‌روه‌ها ئه‌م ڕایه‌ش هی ئه‌بوو حه‌نیفه، ئیبن ته‌یمییه‌ و ئیبنوقه‌ییمیشه‌! 

ئیبن قه‌ییم ده‌ڵێت: دروسته‌ ئه‌و ڕایه‌ی که‌ منداڵی زینا ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر باوکی. ده‌ڵێت چونکه‌ باوکه‌که‌ لایه‌کی زیناکه‌یه‌ و بۆچی ده‌بێت جائیز بێت بخرێته‌وه‌ سه‌ر دایکی و له‌ میراتی دایکی وه‌ربگرێت و نه‌سه‌به‌که‌شی گرێ بدرێ له‌گه‌ڵ که‌سوکاری دایکه‌که‌دا؟ له‌هه‌مان کاتیشدا هه‌ردوو به‌شدارن له‌و زینایه ‌و دوای ئه‌وه‌ش خۆیان ڕازی بن له‌سه‌ر کوڕه‌که‌یان! که‌واته‌ ئه‌گه‌ر وا بێت ئیتر بۆ له‌ باوکی قه‌ده‌غه‌ بکرێت له‌ کاتێکدا که‌سی تر داوای نه‌کات؟! (مه‌به‌ست باوکێکی شه‌رعی نییه‌‌، هه‌تا داوای بکات بۆ خۆی). 
ئه‌وانه‌ی له‌ پشتی ئه‌م ڕایه‌وه‌ن، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نه‌نووساندنی ئه‌و منداڵه به‌ نه‌سه‌بی بابه‌که‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناشرینکردنی نه‌سه‌به‌ و عه‌یبه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و ڕه‌چه‌ڵه‌که‌!؟ بۆیه‌ ده‌ڵێن: به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی زۆر زیان ده‌کات ته‌نها منداڵه‌که‌یه، له‌ناو کۆمه‌ڵگادا به‌ناوی کوڕی زینا ده‌ناسرێت، بنه‌چه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌کی نابێت. بۆ هه‌تا سه‌ر بێزراو ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بخرێته‌ سه‌ر ناوی بابی ئه‌وا له‌ هه‌موو ئه‌و عه‌یبه ‌و مه‌ترسییانه‌ ڕزگاری ده‌بێت.‌‌ 
وه‌هه‌روه‌ها له‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی ووشه‌ی( وللعاهر الحجر ) ده‌ڵێن مه‌به‌ستی له‌ زیناكارێکی پیاوی خێزانداره‌ که‌ مه‌به‌ست پێی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ڕه‌جم بکرێت، بۆیه‌ له‌مه‌وه‌ وتوویانه‌ ئه‌گه‌ر پیاوێکه‌ بێخێزان بوو ئه‌وا له‌دوای جه‌ڵدکردن (لێدان به‌ دار) داوای منداڵه‌که‌ بکات ئه‌وا جائیزه‌ بخرێته‌ سه‌ر ناوی.. 
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن زانایانی جومهوره‌وه‌ ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێن جا(وللعاهر الحجر ) مانای ره‌جم کردن ناگه‌یه‌نێت بۆ پیاوی خێزانداری زیناکار، به‌ڵکو مه‌به‌ست لێره‌ وه‌ک پێشتر باسمان کرد با مانای ئه‌وه‌دێت که‌ زیناکاری پیاو منداڵی زیناکه‌ی ناخرێته‌ پاڵ. 
کورته‌ی قسان: ئه‌م دوو ڕایه‌ هه‌یه, به‌ڵام لێره‌دا شتێك ماوه‌ بیڵێین، ئه‌ویش فه‌توایه‌کی کۆمه‌ڵه‌ی زانایانی موسوڵمانانه‌ له‌ ئه‌‌مه‌ریکا، ئه‌وان فه‌توایه‌کی تایبه‌تیان داوه‌ بۆ موسوڵمانانی هه‌نده‌ران. ده‌ڵێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌جێهێشتنی منداڵێك له ‌لای ئافره‌تێکی گاور یان بێدین ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ منداڵه‌که‌ ببێته‌ گاور یان بێدین و په‌روه‌رده‌یه‌کی دوور له‌ ئیسلام وه‌ربگرێت، ئه‌وا باشتر وایه‌‌ پیاوه‌که ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڕه‌سمیش بێت له‌ لای ده‌وڵه‌ت تۆماری بکات له‌سه‌ر ناوی خۆی بۆئه‌وه‌ی هه‌تا بتوانێت مافی هه‌بێت به‌سه‌ریه‌وه، ‌بتوانێ‌ له‌ نزیکی بێت یان هه‌ر له ‌لای خۆی بێت تا به‌ موسوڵمانی په‌روه‌رده‌ بکرێت و نه‌بێته‌ که‌سێکی خراپ له‌ دواڕۆژدا. 
به‌ڕاستی ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌کی جوانه‌، چونکه‌ با زیناکار بزانێت که‌ تاوانی زینا شتێکه‌ و فه‌وتاندنی منداڵه‌که‌ش گوناهێکی تره‌ ، ئه‌گه‌ر به‌پێی ڕای یه‌که‌میش بکه‌یت ئه‌وا خۆ ده‌بێت منداڵه‌که‌ دایکه‌که‌ی موسوڵمان بێت یان له‌ناو ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامیدا بێت تا ئه‌گه‌ر که‌س نه‌بوو په‌روه‌رده‌ی بکات ئه‌وا ده‌وڵه‌ت خه‌می لێ بخوات. به‌ڵام منداڵ پشتگوێخستن له‌ لای ئافره‌تێکی گاور یان بێدین له‌ وڵاتێكی ئه‌وروپاییدا ئه‌مه‌ش خه‌ته‌رێکی تره‌ که‌ ده‌بوو زیناکار بیری لێ بکاته‌وه‌! 

خوای گه‌وره‌ پشتیوانی هه‌موو لایه‌ك بێت. آمین! 
(وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.) 
ئه‌م پرسیاره‌‌ له‌لایه‌ن (باوکی شه‌هید)ه‌وه‌ وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌.

  ژمارەی بینین 3219

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram