سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایە منداڵی کچ تاشینی قژی سوننەتە؟
ئایە منداڵی کچ تاشینی قژی سوننەتە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3767


ئایە منداڵی کچ تاشینی قژی سوننەتە؟

سەرتاشینی منداڵی تازە لە دایک بوو لە ڕۆژی حەوتەمی لە دایک بونیدا سوننەتێکی سەروەرمانە، پێغەمبەر صلّى اللّه عليه وسلم لە کاتی لە دایک بونی ئیمامی حەسەندا بە فاتیمەی کچی فەرموو:" احلقي رأسه، وتصدقي بزنة شعره فضة" واتە: سەری بتاشەو هێندەی قورسی پرچەکەی زیو ببەخشە. 

ئەم سەرتاشینە چەندین فەلسەفەی تێدایە لە ڕوی پەرستشەوە بەندایەتیە، لە ڕوی تەندروستیەوە بۆ منداڵەکە باشە، لە ڕوی کۆمەڵایەتیەوە هاوکاری کردن و بەزەی هاتنەوە بە هەژاراندایە، ئەمانەو چەندین فەلسەفەی تری تێدایە. 

پاشان لەسەر وەڵامی پرسیارەکە بە پشتیوانی خواوە ئەڵێین: 

زانایان و شەرع زانان سێ بۆچونیان هەیە لەسەر ئەوەی ئایە منداڵی کچیش وەک کوڕ سوننەتە سەرتاشینی:

یەکەم: چۆن سەرتاشین بۆ کوڕ سوننەتە بۆ کچیش هەمان حوکمی هەیە بە قیاس لەسەر نێرینە.

ئەم بۆچونە مەزهەبی ئیمامی شافعی و ئیمامی مالیکە. 
             
بەڵگەکانیان:
١- ئیمامی مالک لە کتێبی(الموطأ) دا بۆمان ئەگێڕێتەوە که" وزنت فاطمة بنت رسول الله صلى الله عليه وسلم شعر حسن وحسين وزينب وأم كلثوم، فتصدقت بزنة ذلك فضة". فاتیمەی کچی پێغەمبەرمان صلّى اللّه عليه وسلم، پرچی منداڵەکانی حەسەن و حوسەین و زەینەب و دایکی کەلسومی پێواو هێندەی کێشیان زیوی بەخشی. 
بەڵام ئەم ڕیوایەتە (مرسل) مورسەلە کە جۆرێکە لە جۆرەکانی لاواز و بەبێ مەرج وەرناگیرێ لای زانایانی فەرمودە ناس. 
٢- لە سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە کە پێغەمبەری خوا صلَّى اللهُ علَيهِ وسلَّمَ فەرمووی:"مع الغلام عقيقة، فأهريقوا عنه دما، وأميطوا عنه الأذى". واتە: منداڵ کە لە دایک ئەبێ، ئەبێ حەوتەمی بۆ بکرێ بە ڕژاندنی خوێنی ئاژەڵ، وە ئازارەکەی لێ دور بخەنەوە. ئەم زانایانە ئەڵێن بە وشەی(الغلام) بۆ مێ بەکار نایات، بەڵام لەوەی کە پرچیان هەیە و لابردنی پرچەکە هۆکارە بۆ نەمانی ئازارەکانی لەگەڵ نێردا یەک حوکمیان هەیە. 
دووەم: دروست نیە سەرتاشینی منداڵی کچ. 
ئەمە بۆچون و مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەلە. 
    
بەڵگەکانیان:
١- ئیمامی أبوداود بە سەنەدێکی حەسەن بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر ئەفەرموێت (ليس على النساء حلق، إنما على النساء التقصير). واتە: ئافرەتان نابێ پرچیان بتاشن، بەڵکو ئەبێ کورتی بکەنەوە. 
ئەم زانایانە ئەڵێن ئەم فەرموودەیە قەدەغەی کردوە ئافرەتان سەریان بتاشن بە گشتی وە هیچ فەرمودەیەک نیە ڕێگە بە ڕەگەزی مێ بدات کە قژیان بتاشن و ئەو فەرمودەش باسی تاشینی قژی منداڵ ئەکات وشەی(الغلام) ی بەکار هێناوە کە تەنها نێر ئەگرێتەوە. 
هەرچەندە من پێم وایە ئەم فەرمودە باسی کاتی شکاندنی ئیحرامە لە کاتی حەج و عەمرەدا بۆ ئافرەتان کە وەک پیاوان قژیان ناتاشن. 

سێهەم: سەرتاشینی منداڵی کچ ڕێگە پێدراوە نە سوننەتەو نە واجب و پێویستە. 

پوختەی قسە:

ئەوەی لە کۆی بەڵگەکان بۆمان ڕوون ئەبێتەوە ئەوەیە سەرتاشین بۆ کچی منداڵ کاتێک لە دایک ئەبێت، کارێکی جایزو دروستە بەتایبەت گەر قازانجێکی هەبێ بۆ هەژاران و نەداران، نە ئەوەیە بڵێین سوننەتە وەک بۆ نێر ئەکرێ، نە ئەوەیە نادروست و ناشەرعی بێت و هەرکەس بیکات خراپی کردبێ، بەتایبەت هەرکات لە ڕووی پزیشکیەوە ڕوون بویەوە چۆن سودی بۆ ڕەگەزی نێر هەیە ئاواش بۆ ڕەگەزی مێ بەسودە.

✍️ وەڵامدانەوەى: مامۆستا مەلا شاخوان سيامنصورى



  ژمارەی بینین 718

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram