سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا چارەسەر چییە بۆ ئافرەتێكی گەنج كە مێردەكەی بەتەمەن بێت و توانای سێكسی لاواز بێت .؟
سەلامی خواتان لێ بێت.. ئافرەتێک بە داویانە بەشوو تەمەنی(٢٠) ساڵان بووە بە پیاوێک لە سەروو چلەکانەوە، ئێستا دوو منداڵی لێ هەیە، ئافرەتەکە تەمەنی لە ناوەڕاستی(٣٠)ەکانە و پیاوەکش ناوەڕاستی(٦٠)ەکان.. پیاوەکە بەهۆی تەمەنەوە تووشی لاوازی سێکسی و نزیک پەککەوتنی تەواو بووە، ئافرەتەکەش زیاد لە(١٠) ساڵە ئارام دەگرێت و خۆی لە گوناهەش پاراستووە، ئێستا لەوە زیاتر سەبری نەماوە! داواتان لێ دەکات ڕێنموویی بکەن! ئایا چی بکات؟ پیاوەکە ئامادەش نییە بچێت چارێکی خۆی بکات و بە خێزانی خۆیشی دەلێت؛ تەڵاقیشت نادەم.. تکایە ئەو ناویەوێت پێی بڵێن تەنها سەبر بگرە چونکە لەوە زیاتر ناتوانێت.. شایەنی باسیشە ئەو کاتێک ئەم شووەی پێکراوە، هیچی لە مانای شوو و ژیانی خێزانی نەزانیوە! سوپاس.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 1217

به ‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. 

سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له‌ ‌پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه‌ وسلم) و هه‌روه‌ها له‌ ئال و یارانی. 

بۆ‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:

ئەگەرچی ئەوە ڕاستە یەکێک لە هەڵەکانی هاوسەرگیریی نێوانی کەسێکی بەتەمەن و کچەگەنجێک ئەوەیە لە داهاتوودا کێشەی ئارەزوومەندی و سەرجێی لێدەکەوێتەوە! بەڵام ئەو دیاردەیە نابێتەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانە حەرام و قەدەغە بکرێن، لەبەرئەوەی مەرج نییە هەموو دوو کەسێکی وەها تووشی ئەو کێشەیە ببن! بگرە ساردی و لاوازی سێکسی کێشەی گەنجیشە بە پیاوان و ئافرەتانیشەوە، بەڵكو زۆربەی ئافرەتانن کێشەی لاوازی سكێسییان هەیە و مێردەکانیان بەهۆیەوە دەناڵێنن یاخود بە گشتی هۆکارێکی سەرەکییە لە تێکچوونی پەیوەندی خێزانی و ژیانی هاوسەرگیریی.. 
ئەمانە کێشەن و ئیسلامیش بێگومان چارەی خۆی هەیە بۆیان، بەڵام بە گشتی چارەکان هەموویان مەرج نییە لەوەدا بن ئەو ساردی و پەککەوتنەی ئارەزووە چارەسەر بکات! بەڵکو دەتوانین ئەوە بڵێین کە چارەسەری ئیسلامیی لەوەدایە هەرچی ڕێگەیک بگریتەبەر بەڵام حەڵاڵ و شیاو و ڕەوا بێت، واتە تەنها ڕێگای حەرام و ناشیاو نەبێت ئیتر هەموو ڕێگەیەکی تری قەبووڵە هەروەها ئادەمیزاد پێی بگاتە جۆرێک لە ڕازیبوون و ڕێکەوتن.. 

سەرەتا دەلێین؛ مێردت ئەو نەخۆشیی و سستییەی بەسەردا هاتووە پێویستە لەسەر بڕوات بەدەم چارەسەرەوە لەبەرئەوەی شیفای ئەو تەنها تایبەت نییە بە خۆیەوە هەتاوەکو ڕازی بێت بەچارەنەکردنی و ئارامگرتن لەسەری بەڵکو پەیوەندی هەیە بە مافی کەسێکی ترەوە ئەویش خێزانێتی، بۆیە با باش لای ڕوون بێت لە نەچوونی بەدەم چارەسەرەوە تاوانبارە و مافی خەڵکی دەکەوێتە سەر، ئەوەش بۆی هەیە لێبوردنی خوایی نەگیرێتەوە و نەچێتە بەهەشتەوە چونکە بەو کارەی ستەم لە تۆ دەکات و ستەمیش تاریکی و مایەی سزایە لە قیامەتدا، پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی "اتقوا الظلم فإن الظلم ظلمات يوم القيامة" رواه مسلم . هەروەها فەرموویەتی "من كانت عنده مظلمة لأخيه من عرضه، أو من شيء فليتحلله منه اليوم قبل ألا يكون دينار ولا درهم، إن كان له عمل صالح أُخِذ منه بقدر مظلمته، وإن لم يكن له حسنات، أخذ من سيئات صاحبه فحُمل عليه"رواه البخاري، واتە: هەرکەسێک ستەمێکی لە برایەکی کردووە و مافێکی برایەکی لایە لە نامووسی یاخود هەرشتێک با زوو بکات لەم دونیا خۆی لێ پاک بکاتەوە و بۆی بگێڕێتەوە پێشی ئەوەی ڕۆژێک بێتە ئاراوە نە دینار و نە درهەم سوودی نەبێت! ئەگەر کردەوەی چاکەی هەبوو بەهێندەی ستەمەکەی لێی وەردەگیرێت و وەک قەرەبوو دەدرێتەوە بە براکەی یان ئەو کەسەی مافی خواردووە و ستەمی لێکردووە.. خۆ ئەەگر چاکەشی نەبوو لە تاوانی ستەملێکراوەکە هەلدەگیرێت و دەخرێتە سەر شان و کۆڵی ئەم.. 

با مێردت ئەوە بزانێت جگە لەوەش خوانەکا ئێوە تووشی هەر تاوان و هەڵەیەک ببن یاخود هەر ئازار و ناڕەحەتییەک بەو هۆیەوە دەیچێژن، بەسی ئەویشی لە سزا تێدایە و هەڕەشەیە بەسەرییەوە.. 

ئەگەر مێردت هەستی بەوە بکردایە یاخود لەمەودوا هەستی پێبکات و بڕوات بەدەم چارەسەرەوە بەڵام شیفای بۆ نەهات، ئەو کاتە لەسەرێتی بە هەرچی حەڵاڵ هەیە هەوڵی خۆی بدات هیچ نەبێت کەمێک لە شەهوەتت تێربکات و دایمرکێنێتەوە، وەکو ئەوەی لەدوای گاڵتەو و دەستبازی بە دەستی خۆی یاخود ئامێرێکی دەستکرد ئارەزووت تێربکات، ئەمەش نە عەیبە و نە حەرامە، ئەوەی حەرامە ئەوەیە کەسێک بۆ خۆی ئەو کارە ئەنجام بدات کە پێی دەوترێت خووی نهێنی.. پێمان وایە ئەو چارەیەش خراپ نییە و ڕەنگە بایی ئەوەندە بێت تۆ لە ناڕەحەتی لایەنی دەروونی و جەستەیی ئەو مافە ڕزگار بکات و هەموو کەسیش پێویستە خۆی بە کەمتر ڕازی بکات چونکە هیچ شتێک نییە بۆ هەموو کەس بە تەواوی و تێریی دەستەبەر و فەراهەم بێت.. 

چونکە تۆ دەبێت بیریش لەوە بکەیتەوە بە دوو منداڵەوە باش نییە خۆتان جیابکەنەوە لە باوکیان و ژیانی دوای تەڵاق و جیابوونەوەش ئازار و مەینەتی خۆی هەیە و ئەگەری زیاتری ئەوەی تێدایە خۆشیی بە دوا نەهێنێت. جگە لەوانەش مێردی بەڕێزتان پێویستی بەوە هەیە دەرمانی گژوگیا و خۆراکی بەهێزکردنی لایەنی سێکسی بەکاربهێنێت،  یاخود پرسیار بکەن لەو جێیەی لێی دەژین کە ڕەنگە بەدیلی ئەوانە یاخود خۆراکی باشتر پەیدابکرێت. 


لە حاڵەتی نەچوونی مێردت بەدەمی مافەکەتەوە، دوو ڕێگات لەبەردەستایە: 
١. یان ئەوەیە ئارام بگریت و ڕازی بیت بەو تاقیکردنەوەیە و خۆت ڕابهێنیت بە ئەو ژیانە و لەبەرخاتری منداڵەکانت و مێردت بەو جۆرە بمێنیتەوە و چاوەڕێی پاداشتی گەورەی خوای بەزەیی بیت، دڵنیاش بە بەری سەبر شیرینە و لە داهاتوودا بە پاداشت و بەرهەمەکەی گەلێک دڵخۆش و ئارام دەبیت و ئاسوودەیی هەردوو دونیات دەست دەکەوێت. ئەمەش چاکەیە و خوای گەورەش ئارامگرانی خۆش دەوێت و پلەوپایەی گەورەی بۆ داناوون لە قیامەت.. 
ئەوەشت لە یاد دێنینەوە کە لەم دونیایەی پڕ لە تاقیکردنەوەیەدا زۆرێک ئافرەتانی تر هەن بە جۆرێکی تر لە ئیمتیحاندان، وەکو ئەوەی ئافرەت هەیە مێردی دەمرێ و دواتریش بڕیار دەدات شوو نەکاتەوە و بەدیاری منداڵەکانیانەوە دابنیشێت.. ئافرەتانیش هەن بەداخەوە تووشی هاوسەرێک نەبوون و تەمەنیشیان تێپەڕیوە و ڕەنگە هەتا دەشمرن هەر بە تەنیای بمێننەوە. کەواتە لەم دونیایەدا تۆی بەڕێز تەنیا نین و هەموومان لە تاقیکردنەوەی جۆراوجۆرەکانی دونیاداین.. 

لە حاڵەتی ئەوەش ئارەزووت زۆرت بۆ بهێنێت، لە بۆچوونی ئیمام ئەحمەدا-ڕەحمەتی خوای لێبێت- بە جائیزی داناوە بۆ کەسێک لە زینا و خراپە بترسێت، شەهوەتی خۆی بە دەستی خۆی تێر بکات و بەمەش گوناهی ناگات.. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ تۆ و هەموو کەسێک کاتیک گیرۆدەی ئارەزووەکانی دەبێت، هەوڵ نەدات زیاتر بەهێزیان بکات و بیانروژێنێت!! بۆ نمونە تەماشکردنی وێنە و فلیمی ڕووت و نابەجێ بە بیانووی ئەوەی لە سێکسی حەڵاڵ بێبەشیت! پەنا بەخوا ئەو هەڵبژاردن و ڕێگەیە سەرەتای حەرامی گەورەیە یان نهیچ نەبێت زیاتر مایەی خۆئازاردان و تێکدانی دەروونە.. 
بەڵكو بەپێچەوانەوە هەتا بتوانیت کۆنترۆڵی شەهوەتت بکەیت و دووری بخەیتەوە لە هەڵچوون و ورووژاندن ئەویش بە زیاتر خەریکبوون بە عیبادەت و منداڵەکانت و هاوڕێیەتی خوشکانی دیندار و خوێندنی دەرس و فێربوونی ئیسلام و خزمەتکردنی ئیسلام و موسوڵمانان، بە ئەنجامدانی ئەو کارانە ئاسوودەییت بۆ دێت و کەمتر دەپەڕژێیتە سەر ئارەزوومەندی، بەتایبەتی ئەگەر خۆت بگەیەنیتە ئامادەکاری گەیشتن بە پلەوپایەکانی قیامەت، بۆ خۆت کاتی ئەوەت نامێنێت لە خەمی ئارەزووت دڵگران و ناڕەحەت بمێنیت.. 

٢. ئەگەر ئەو چارەسەریی و ڕێگەیانە دادی نەدایت و هەر نەوتوانیت دەروونت و ئارەزووت ڕازی بکەیت، تەنها چار لەو حاڵەدا داواکردنی تەڵاقە یاخود خولع، تەڵاق ئەوەیە ئەو ڕازی بێت و تەڵاقت بدات، ئەگەر ئینسافیشی هەبوو مافی خۆیت بداتێ! لە حاڵەتی ئەوەش مافی نەدایتێ و تەڵاقیشت نەدات، داوای خولع دەکەیت لە دادگا و ئەوەی پێی داوی بۆی دەگێڕیتەوە لە مارەیی و ئیتر خۆتی لە دەستی دەردەهێنی و لە دوای عیددەت بۆت هەیە شوو بکەیتەوە.. 
لە ڕووی شەرعیشەوە گوناهبار نابیت و دروستە ئافرەت لەبەر لاوازی و پەککەوتنی مێردی لەڕووی سێکسییەوە داوای جیابوونەوە بکات..

خوای گه‌وره‌ش زاناتره ‌(جل وعلا).‌ 
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. 
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - 
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/‌ ده‌نگی ئیسلام.

  ژمارەی بینین 820

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram