به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: له زیانه‌کانی جووتبوون له کاتی بێنوژی ئافره‌تدا؛ ئه‌گه‌ر چوونه ژووره‌وه‌ی تۆوی پیاوه‌که(حیوان منوي) هه‌یه بۆ ناو خوێن له ڕێگه‌ی ئه‌و برین و جێگه‌یانه‌ی خوێنی ئافره‌ته‌که‌ی لێوه دێت، به‌مه‌ش به‌رگری خوێن دژه‌ته‌ن و به‌رگری به‌رمابه‌ر دروست ده‌کات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی له‌بارچوونی منداڵ له داهاتووه چونکه له خوێنه‌که به‌رگری له دژی ئه‌و تۆوانه دروست بووه!، هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی خوێن له‌ناو منداڵان هه‌یه، ئه‌گه‌ری تووشبوون به نه‌خۆشی و هه‌وکردن بۆ هه‌ردوولا هه‌یه چونکه هه‌بوونی خوێن باشترین مۆڵگه‌یه بۆ گه‌شه و زۆربوونی به‌کتریا و ڤایرۆسه‌کان. ئاشکرایه ڕاڕه‌وی زاوزێی ئافره‌ت به‌لای ترشێتیدا مه‌یلی هه‌یه که ئه‌مه‌ش هۆکارێکه بۆ پاراستنیئه‌و ڕاڕه‌وه و دواتریش له منداڵان و هێلکه‌دان و جۆگه‌ی فالوب، به‌ڵام له ماوه‌ی بێنوێژیدا دامێنی ئافره‌ت به‌لای تفتێتیدا مه‌یل ده‌بات به حوکمی ئه‌و خوێنه حه‌یزه‌ش که‌دێته خوارێ، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌که بتوانێت به ئاسانتر بێته خواره‌وه، بۆیه جووتبوون له‌و کاته‌دا ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ی به‌کتریا و ڤایرۆسه‌کان زیاتر ده‌کات بۆ ڕاڕه‌وه‌ی مێینه و به‌مه‌ش تووشبوونی ئافره‌ت به هه‌وکردن زیاتر ده‌کات، له‌وانه‌ش هه‌وکردنی جۆگه‌ی فالوب که ڕه‌نگه ببێته هۆی گیرانی، هه‌روه‌ها هه‌وکردنی هێله‌کدان، ئه‌مانه‌ش ئه‌گه‌ری نزیکی تووشبوونی نه‌زۆکی بۆ ئافره‌ته‌که زیاتر ده‌کات. له که‌وتنه‌وه‌ی هه‌وکردن(إلتهاب) ئه‌ندامه‌کانی میزیش بێبه‌ش نابن له مه‌ترسی، هه‌ردووک له پیاو و ژن ئه‌گه‌ری تووشبوونیان ده‌بێته به هه‌وکردنی ئه‌ندامه‌کانی میزاوزێیان. له زیانه‌کانی تر؛ وه‌کو ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی حه‌یزدا منداڵانی ئافره‌ت ناتوانێت ڕژێنی دژی مادده‌ی پرۆستاجیلاندین ده‌ربکات، مه‌نیی پیاویش ئه‌و مادده‌یه‌ی تێدایه، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر هاتوو له ماوه‌ی بێنوێژیدا مه‌نیی بگاته منداڵان، ده‌گاته هه‌موو له‌شی و به‌مه‌ش به‌رگری له‌شی که‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌رگریش که‌م بوویه‌وه ئه‌گه‌ری تووشبوونی به زۆر له نه‌خۆشییه‌کان ده‌بێت. وه‌کو لایه‌نی ده‌روونیش بۆ ئافره‌ته‌که ناخۆشه، ئافره‌تان له‌و ماوه‌یه‌دا گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا دێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی لایه‌نی سێکسییان که‌م ده‌بێته‌وه، هه‌ست به بێتاقه‌تی ده‌که‌ن. به‌ڵام موسوڵمان و به‌نده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خوا نابێت بگه‌ڕێن به‌دوای حیکمه‌ت و زانینی هۆکاری حه‌رام و حه‌ڵاڵه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان بڕوا بهێنێت یاخود گومانیان نه‌مێنێت! موسوڵمان نابێته بڕوادارێکی ڕاسته‌قینه هه‌تاوه‌کو متمانه و بڕوای ته‌واو به ڕاستگۆیی و لێزانی و دانایی و به‌دیهێنه‌ری و په‌روه‌ردگارێتی خوای گه‌وره نه‌هێنێت! ئێمه له قورئان هه‌واڵمان دراوه‌تێ که هه‌رچی پاکه بۆمان حه‌ڵاڵه و هه‌رچیش حه‌رام کراوه له‌به‌رئه‌وه‌یه پیس و به‌زیانه. ئیتر ئه‌گه‌ر له ژیانیشمان حیکمه‌ت و ڕاستییه‌که‌مان بۆ ڕوون نه‌بێته‌وه نابێت بڕوامان له‌ق و دووڵی ڕوومان تێ بکات! خۆ ئه‌گه‌ر حیکمه‌ت و هۆکاره‌کانیش زانران ئه‌وا خۆشیی و فه‌خرێکه بۆ به‌ندایه‌تیمان له‌وه‌ی بڕواداری خوای ڕاسته‌قینه و لێزان و کارزانین. ڕه‌نگه که‌سێکیش بپرسێت ئه‌گه‌ر حه‌رامیی جووتبوون له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه بوو، ده‌ی ده‌کرێت کۆندۆم به‌کار ببرێت! له وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا ده‌وترێت، ئێمه وه‌کو په‌رستن و گوێڕایه‌ڵی و ملکه‌چبوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان به حه‌رامی ده‌زانین چونکه خوای گه‌وره لێی حه‌رام کردووین و ئه‌ویش مافی خوایه‌تی و خاوه‌نێتی هه‌یه له‌سه‌رمان نه‌وه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی زیانی هه‌بێت یان نه‌بێت! پاشان کێ دڵنیایی ئه‌وه‌ی کردووه کۆندۆم ڕێگری ده‌کات له تووشنه‌بوون به‌و مه‌ترسییانه!؟ ئه‌وه‌تا له به‌کارهێنانی کۆندۆمیشدا نه‌خۆشییه‌کانی ئه‌و کۆئه‌ندامه(زاووزێ) هه‌ر له بره‌ودایه و نه‌توانراوه ڕێگای لێ بگیرێت! خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.