سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا دروسته كار بە فەرموودەی لاواز دەكرێت.؟
ئایا لە ( فضائل الأعمال) دا كار بە فەرموودەی لاواز دەكرێت.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2647


ئایا لە ( فضائل الأعمال) دا كار بە فەرموودەی لاواز دەكرێت.؟

(ابن حجر العسقلاني) بە وەرگرتن لە زانایانی پێش خۆی، بەوە گەیشتووە كە فەرموودەی لاواز (ضعیف)، بێگومان ئەگەر لاوازییەكی (یسیر) بێت واتە كەم بێت، نەك (شدید) واتە زۆر لاواز نەبێت وەكو هاندان بۆ كردەوەی چاكە كاری پێ دەكرێت.
مەسەلەی زۆر و كەمیی لاوازی فەرموودەش بە كورتی ئەوەیە ئەگەر یەكێك لە گێڕەرەوانی فەرموودەكە كەمێك لە بیرچوون یان لێ تیكەڵ بوونی هەبێت، نەك بە درۆ و هەڵبەستنی فەرموودە و ڕیوایەت كردنی هەواڵی مونكەر تۆمەتباربێت، چونكە لەو حاڵەتەدا پێی دەوترێت زۆر لاوازە و بە هیچ شێوەیەك نە لە فضائل الأعمال و نە لە هیچی تردا كاری پێ ناكرێت.
شێخ ئەبو ئیسحاقی حوەینی دەربارەی ئەو وتەی ئیبنوحەجەری عەسقەلانی فەرموویەتی:
لەڕاستیدا مەرجەكانی ئیبنوحەجەر یەكسانە بەوەی كە فەرموودەی لاواز - ئیتر لاوازییكەی هەرچۆنێك بێت - كاری پێ ناكرێت، تەنانەت لە (فضائل الأعمال) یشدا، چۆن؟ جارێ با سەرەتا بزانین مەرجەكان چین:
1- ئەو فەرموودەی كە (ضعیف) ە و زانایان فەرموویانە درووستە لە (فضائل الأعمال) دا واتە لە كاری چاكەو عیبادەتدا وەكو شەو نوێژ و قورئان خویندن و هاندانی كاری چاكە بە گشتی كاری پێ بكرێت، پێویستە (ضعف شدید) ی نەبێت واتە: لاوازییەكەی زۆر نەبێت، بەڵكو چاوپۆشی تەنها لە (ضعف یسیر) واتە لاوازییەكی كەم دەكرێت، وەكو ئەوەی یەكێك لە ڕاوییەكان بیرچوونەوەیەكی كەمی هەبێت، یان كەمێك لە (ضبط) ی دەقەكاندا كێشەی هەبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك تۆمەتبار نەبێت بە درۆ و بەڕیوایەتی شتی مونكەر.
ئینجا ئایا موسوڵمانان بە گشتی، بەڵكو خوینەر و شەرعزانەكانیش دەتوانن (ضعف یسیر و ضعف شدید) لە فەرموودەدا لەیەكتر جیابكەنەوە، بێگومان نەخێر،تەنها فەرموودەناسەكان توانای ئەو كارەیان هەیە! ئەوەش كێشەیەكی ترە، فەرموودە هەیە مونكەرە و لەگەڵ بنەمایەكی شەرع و عەقیدەدا تیكدەگیرێت، كەچی بەبیانووی ئەوەی زانایان وتوویانە لە (فضائل الاعمال) دا كار بەفەرموودەی لاواز دەكرێت، دەچن بەو فەرموودە مونكەرو هەلبەستراوانە كار دەكەن، ئەوەش بۆ خۆی كارەساتێكە لە دینداریدا شوێنەواری لە فیكرو بۆچوون و عیبادەتی موسولمانی كورددا دەركەوتووە.

2- پێویستە ئەو فەرموودەی كە بە (ضعیف) وەسف كراوە، بچێتە ژێر بنەمایەكی شەرعی كارپێكراوە و لەلایەكی ترەوە بە بەڵگەی كیتاب و سوننەت جیگیر بووبێت، واتە: ئەگەر وا نەبێت كاری پێناكرێت و تۆ لەو حاڵەتەدا وەكو ئەوەیە بە بنەما سەحیحەكە ئیشت كردبێت نەك بە فەرموودە لاوازەكە، بەمەش مەرجەكە بوو بە جۆرێك لە پوچەڵكردنەوەی بنەماكە.

3- ئەو كەسەی كار بەو فەرموودە زەعیفە دەكات، هەرچەند وەكو وتمان نابێت زۆریش زەعیف بێت وبەو شیوەیە لە پیناسەی حەسەنەوە نزیكترە تاكو ضعیف، دەبێت كەسەكە باوەڕی وانەبێت كە ئەم حەدیسە ڕاستەو پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی، بەڵكو دەبێت بە گومانەوە تەماشای بكات و بە شێوازی گومان ودوو دلی بیگێڕێتەوە، وەكو: قیل، روي، حكي..و تەعبیری لەو شیوە، ئیتر بەهای ئیشكردن بەو فەرموودەیە چییە كە زانایان وتبێتیان بۆت نییە باوەڕت بەوە هەبێت كە بەیەقین پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم خاوەنی ئەو فەرموودەیە.
بەڵكو لە ڕاستیدا ئەو مەرجە قورسانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە حەقیقەتدا، بۆ ئەحكامی شەرع و عەقیدەو كردەوەی چاكە و فضائل الأعمال تەنها بە فەرموودەی صحیح پیویستە كار بكرێت، نەك فەرموودەیەك كە نازانیت پێغەمبەرەكەت قسەی وای فەرمووە یان هەڵبەستراوو قسەی تێكەڵكراوی ڕاویە متمانە پێنەكراوەكانە.
ئەگەر باسی خراپییەكانی شلگیری و چاپۆشی كردن بكەین لە وەرگرتنی فەرموودەی لاواز و مونكەرو هەڵبەستراو بە تایبەتی لە فضائل الأعمال دا بكەین، باسی تەواو نابێت و لە راستیدا ئەركی سەرشانی هەموو خەم خۆرێكی ئەم دینەیە كە كار بۆ نەهێشتن و قەڵاچۆكردنی ئەو دیاردەیە بكات و دین تەنها و تەنها لە هەردوو سەرچاوە سازگارەكەیەوە وەربگیرێت.

إحسان برهان الدین
21 شوّال 1441
13 حزیران 2020



  ژمارەی بینین 61

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus