لەم دە ڕۆژە چی بکرێ باشە؟
کۆی گشتی کارە گرنگەکانی ئەم چەند ڕۆژە.! بە کورتى ئەو كردەوانەی كە سوننەتن لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێن: 1 ـ زۆر ئەنجام دانی كردەوە چاكەكان بە گشتی : وەكو : قورئان خوێندن و زیكر كردن و فەرمان كردن بە چاكە و قەدەغە كردنی خراپە و جگە لەمانەش . 2 ـ نوێژ كردن : بەوەی كە زوو بچیت بۆ نوێژە جەماعەتەكان و پەلە و پێشبڕكێ بكەیت بۆ ڕیزی یەكەم ، هەروەها ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەكانی پێش و پاشی نوێژە فەرزەكان و شەونوێژ و زوحا و سوننەتی دەستنوێژ. 3 ـ خێر و صەدەقە كردن. 4 ـ ڕۆژووگرتن :هەندێك لە خێزانەكانی پێغەمبەر ﷺ فەرموویانە : پێغەمبەری خوا ﷺ نۆ ڕۆژەكەی مانگی حاجیان بە ڕۆژوو دەبوو . صحيح سنن أبـي داود رقم : (2437). 5 ـ ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بە تایبەت : سوننەت وایە بۆ ئەو كەسانەی كە نەڕۆیشتوون بۆ حەج و لە عەرەفەدا نین و لە ماڵدان، بە تایبەت لە ڕۆژی عەرەفەدا (9 / ذو الـحجە) بە ڕۆژوو بن ، چونكە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە چاوەڕوانم كە خوا بیكاتە مایەی كەفارەت و سڕینەوە و لێخۆشبوونی تاوانی ساڵێك لە پێشییەوە و ساڵێكیش لە پاشییەوە (واتە : ببێتە كەفارەتی تاوانی دوو ساڵ) . صحيح مسلم رقم : (1162) . 6 ـ عومرە و حەج كردن. 7 ـ زیكر كردن بە وتنی : (الله أكبر ...) لەم دە ڕۆژەدا هەموو كاتێك. 8 ـ خۆ ئامادەكردن بۆ قوربانی ئەنجامدان. 9 ـ قوربانی كردن لە ڕۆژی جەژندا. 10- تەوبەکردن و وازهێنان لە تاوان و خراپە و بەردەوام بوون لەسەر چاکەکردن و بەفیڕۆنەدانى کاتەکانى ئەم دە ڕۆژە بە خەوتن و خواردن و گەڕان و سەیران و قسەکردنى بێسود . وە فەزڵ و گەورەیى چاکە کردن لەم دە ڕۆژەدا لەم فەرمودەیەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (سعید بن جبیر) دەگێڕێتەوە لە (ابن عباس)ـەوە كەوا پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی :هیچ ڕۆژانـێـك نییە كردەوەی چاكە تێیدا خۆشەویست تر بێت لە لای خوا وەكو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان ، وتیان : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ؟ فەرمووی : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ، تەنها مەگەر پیاوێك نەبێت كە بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهاد لە پێناوی خوادا و هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە. ئا: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.