ئایا تۆبه سه‌رجێی کاتی حه‌یز ده‌شۆرێته‌وه .؟ سڵاوی خوای گه‌وره‌و مهره‌بانتان لێبێت برایان ته‌نها دووپرسیار ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌کاتی عاده‌ی خێزانی سه‌رجێی له‌گه‌ڵ بکات . ئه‌و تاوانه به‌تۆبه پاک ئه‌بته‌وه . که‌سێک تاوانی چیه ئه‌گه‌ر جنۆکه‌له‌له‌شیابێ ئایا گوناهبارده‌بێ .؟ خوتان له‌گه‌ڵ بێ . به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: ئه‌گه‌ر که‌سێک سه‌رجێی له‌گه‌ڵ خێزانی خۆی کردبێ له کاتی بێ‌نوێژی(فترة الحیض) دوو ڕووی هه‌یه: ١/ ئه‌گه‌ر زانیبووی حه‌رامه و به ویستی خۆی(له ژێر فشاری مه‌ترسیدا نه‌بووبێ) و به ئاگا بووبێ له کاتی کردنی، ئه‌وا جگه له تۆبه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه که‌فاره‌تیشی ده‌که‌وێته سه‌ر، دینارێک یان نیو دیناری ئاڵتوون که ده‌کاته(٤.٥)گرام واته ئه‌گه‌ر نیو بکه‌ی(٢.٢٥)گرام پاره‌که‌ی بده‌ی به هه‌ژاران. ئه‌مه بۆچوونی ئیمام ئه‌حمه‌ده-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی ئه‌بووداود و نه‌سائی گێڕاویانته‌وه"يتصدق بدينار أو بنصف دينار" به‌ڵام زۆرینه‌ی زانایان باسی که‌فاره‌ت ناکه‌ن و ده‌فه‌رموون نه‌چه‌سپاوه.. ٢/ ئه‌گه‌ر نه‌یزانیبوو حه‌رامه یان به‌زۆرلێکراوی و فشاری تیاچوون(به‌زۆر) یان بێ ئاگایی ئه‌نجامی دابوو، ئه‌وا گوناهبار نییه و که‌فاره‌تیشی ناکه‌وێ.. سه‌باره‌ت به وه‌شانی جنۆکه و هه‌بوونی له له‌ش، مه‌رج نییه گوناهباری بێت، ڕه‌نگه به سیحر و چادوو نێردرابێت، یان خۆشه‌ویستی جنۆکه‌یه‌که بۆ ئه‌و ئاده‌مییه، یان ئه‌زییه‌تی داون، به‌ڵام بێگومان زۆری تاوان و له خوا غافڵیی ئاسانی بۆ جنۆکه ده‌کات بۆ وه‌شان(مس) و ئه‌زییه‌تیان. خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.