سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئايا گرنگترين تەفسيرى كوردى كامەيە.؟
پرسیار:-السلام عليكم ورحمة الله، من زمانی عەرەبی به باشی نازانم و شارەزا نیم، ئایا چ تەفسیرێکی کوردی بەکاربهێنین سوودی لێدەبینم و له مانای ئایەتەکان دەگەم؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3655


بسم الله الرحمن الرحيم

پرسیار:-السلام عليكم ورحمة الله، من زمانی عەرەبی به باشی نازانم و شارەزا نیم، ئایا چ تەفسیرێکی کوردی بەکاربهێنین سوودی لێدەبینم و له مانای ئایەتەکان دەگەم؟

وەڵام:- وعلیکم السلام ورحمة الله وبركاته

دياره هەبوونی تەفسیری قورئان پێویستییەکی لەپێشینەی هەموو موسوڵمانێکه، وە دەبێت توانا و ئاستی زانستیش ڕەچاو بکرێت له هەبوون یان خوێندنەوەی تەفسیرێکی دیاریکراودا، پێشەکی دەبێت بزانین ئایا تۆی بەڕێز زیاتر لەسەر چ زانست و ئاڕاستەیەکی قورئانییەوە زانیاریت دەوێت واته تۆ زیاتر دەتەوێت لایەنی زمانەوانی (النحو، الصرف، البلاغة، البيان...) بزانیت یاخود بابەتە فیقهییەکانی قورئان یان ئەحکامەکان یان لایەنی هۆکاری دابەزینی قورئان (اسباب النزول) یان هەر یەکێکی تر له زانستەکان، له تەفسیره کوردییەکاندا لەم بابەتەوە نوسراوێکی وا نییه که تایبەت کرابێت به تەنها یەک زانستی قورئان، یان گەر هەشبێت من نەمدیوە، جگه له کتێبێکی دوو بەرگی نەبێت که باسی هۆکاری دابەزینی ئایەتەکان دەکات، ئەوە له تەفسیرە عەرەبیەکاندا بۆ نمونە تەفسیرەکانی وەک (تفسير الإمام ابن كثير، تفسير الإمام القرطبي، تفسير الإمام الطبري، تفسير الكشاف للزمخشري، تفسیر ابن السعدي) بابەتە فیقهی و عەقیدەیی و زمانەوانیەکان گرنگی پێدراوە و جیاکراوەتەوە له باسی تایبەتدا، بۆ نمونە ئیمامی قوڕتوبی گرنگی زۆری به بابەتە فیقهیەکان داوە، ئیمامی بەغەوی بایەخی بە عەقیده داوە، زەمەخشەری گرنگی زۆری به زمانەوانی و ڕەوانبێژی داوە، سەرەتا دەبێت بزانین بۆ تەفسیری قورئان چوار بنەمای ئەساسی هەیه:-
١-تەفسیری قورئان به قورئان
٢-تەفسیری قورئان به فەرموودەی (صحيح، حسن)
٣-تەفسیری قورئان به ڕای موفەسسیرینی سەحابه و تابیعین.
٤-تەفسیری قورئان به زمانەوانی عەرەبی.
لێرەدا ئەوەی گرنگه بیڵێم زۆرینەی ئەو زانا بەڕێزانەی که له کورددا تەفسیری قورئانیان نووسیوە زیاتر (وەرگێڕان)ه واته به قوڵایی و چڕوپڕی ڕاڤە و شیکردنەوە بۆ ئایەتەکان نەکراوە، بەڵام دوو تەفسیری گرنگ و بەنرخ هەن ئەوانیش:-
١-تەفسیری قورئانی پیرۆز (لێکدانەوەی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز) ڕەحمەتی خودای لێبێت، لە ١٠بەرگدا.
٢-تەفسیری نامی (مامۆستا مەلا عبدالکریمی مدرس) ڕەحمەتی خودای لێبێت، له ٦بەرگدا.
دیاره ئەم دوو دانراوە تەفسیری باش و تەواوەتین و درێژ و چڕ و پڕن، بەڵام خوێندنەوەیان کاتی زۆر و هەوڵی باشی دەوێت، ئەمما بۆ ئەو بەڕێزانەی که تەفسیرێکی وایان دەوێت که نە زۆردرێژ بێت وە نە کورت بێت کە تەنها وەرگێڕانێک بێت، ئەوا من
(تەفسیری ڕامان له مانا و مەبەستی قورئان)ی زانای پایەبەرز
شێخ ئەحمەد کاکه مەحموود یان بۆ پێشنیار دەکەم، دیارە تەفسیری باش و چاکی تریش هەن بەڵام گرنگی ئەم تەفسیره به کورتی لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو:-
١-مامۆستا هەوڵی داوە هەتا بۆی بکرێت تەفسیری قورئان به قورئان بکات.
٢-پاشان هەوڵیداوە تەفسیری قورئان به فەرموودەی (صحيح، حسن) بکات.
٣-پاشان هەوڵیداوە تەفسیری قورئان به فەرمایشتی موفەسسیرینی سەحابه و تابیعین و تابیعی تابیعین بکات.
٤-پاشان به توانا گەورەکەی خۆی له شارەزایی زمانی عەرەبیدا مانای کردووە و لێکیداوەتەوە.
٥-مامۆستا له تەفسیرکردندا له نێوان هەردوو قوتابخانەی (سەلەف و خەلەف ) قوتابخانەی سەلەفی هەڵبژاردووە له تەفسیرکردنی ئایاتی (الأسماء والصفات)دا بە بێ (التشبيه، التأويل،التحريف، التعطيل، التمثيل) واته هەوڵیداوە عەقیدەی سەلەف پەیڕەو بکات و وەک ئەوان قسەی لەسەربکات، وە دوور بێت له گۆڕینی مانای ئایەتەکان له مەبەستی خۆی وەک ئەوەی قوتابخانەی (موعتەزیله و جەبری و شیعە) کردوویانه.
٦-تەفسیرەکە پێکهاتووە له یەک بەرگ، وە تەحقیق کراوە و تەخریجی فەرموودەکان کراوە.
٧-مامۆستا زۆر خۆی پاراستووە له بابەتی (الأسرائيليات).
٨-ئەو فەرموودانەی که مامۆستا بۆ ڕوونکردنەوەی ئایەتەکان هێناویەتی زۆرینەیان له پلەی (صحيح ، حسن)دان، زۆر بە کەمی فەرموودەی لاوازی تێدایە.
٨- خاڵێکی گرنگ ئەوەیە زمان و شێوازەرە پڕ ئەدەب و کوردییە ڕەسەنەکەی مامۆستا تەفسیرەکەی زیاتر بەچێژ کردووە و زۆر بایەخداری کردووە، بەڕاستی خوێندنەوەی ئەم تەفسیرە جێگەی زۆر تەفسیری ترت بۆ پڕ دەکاتەوە
به تایبەت جیهاد و تێکۆشانی مامۆستا و تەفسیر کردنی هەر بەشێکی له جێگه و شوێنێکی جیا جیا ڕۆحییەتی تەفسیرەکەی زۆر بەرز کردووە.
له کۆتاییدا ئەوە دەڵێم بۆ ئاستی سەرەتایی گەنجان و موسوڵمانان ئەم تەفسیره باشترین تەفسیرێکه که سوودی لێ ببینن، ئامۆژگاری برایانەم ئەوەیە سەرجەم ماڵی موسوڵمانان و گەنجان به تایبەتی ئەم تەفسیرەی تێدابێت، خوێندنەوەی چێژێکی تایبەتی هەیه و زانست و زانیاری گرنگی تێدا باسکراوە و بەکارهێنراوە.
ماوەتەوە بڵێم تەفسیرێکی تر که تا ڕاددەیەک لەم تەفسیرەوە نزیکه ئەویش (تەفسیری تەوحید)ی مامۆستا عبدالقادر تەوحیدیه
ڕەحمەتی خودای لێبێت.
خودای پەروەردگار پاداشتی زانایانی ئوممەت بداتەوە..
وە پاداشتی زانای بەڕێز مامۆستا ئەحمەد کاکه مەحموود بداتەوە.
بەهیوای سوود بینینتان، خودا لێتان ڕازی بێت.

وصل الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته.

محەمەد عەباس Muhammad Abbas

  ژمارەی بینین 763

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram