بۆ کێ دروستە لە کاتی سەرمادا تەیەموم بکات ؟ بەکورتی تەیەموم بەهۆی سەرماوە بۆ ئەم کەسانە دروستە: یەکەم : کەسێک ئاوی دەست نەکەوێت بۆ خۆشۆردن ، خودا دەفەرموێ ( فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا ) [المائدة: 6] دووەم: کەسێک گومانی زۆری وابێت کە بەکارهێنانی ئاوی سارد نەخۆشی دەخات، هیچیشی نەبێت ئاوەکەی پێ گەرم بکات ، خودا دەفەرموێ (مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْكُمْ مِنْ حَرَج) [المائدة: 6] هەروەها فەرمودەکەی سەعدی کوری عاص کە دەفەرموێ : شەوێک لە غەزای ذات السلاسل توشی لەشگرانی بووم ترسام خۆم بشۆرم تیابچم یان بەهیلاک بچم ، بۆیە تەیەمومم کرد و نوێژی بەیانیم بۆ هاوەڵەکانم کرد ، ئەم کارەی منیان بۆ پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت)گێڕایەوە، فەرمووی : ئەی عەمر بەلەشگرانیەوە پێشنوێژیت بۆ هاوەڵانت کرد ؟!! منیش هەواڵم پێدا کە بەوجۆرە ساردبوە و ترساوم بە هیلاک بچم ، دواتر گوتم: بینیومە خودا دەفەرموێ : (خۆتان مەکوژن خودا بە میهرەبانە بەرامبەرتان ). پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت)پێکەنی و هیچی نەگوت . سێیەم : کەسێک بەکارهێنانی ئاو وای لێبکات درەنگ نەخۆشییەکەی چاک ببێتەوە، خودا دەفەرموێ:(وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ) [البقرة:195]، چوارەم : کەسێک دکتۆری شارەزا بەکارهێنانی ئاوی لێ قەدەغە بکات، خودا دەفەرموێ ( وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَج ) [الحج : 78] تێبینی : 👈 دەبێ هەوڵی بەدەستهێنانی ئاو بدرێ ، هەروەها گەرمکردنی. 👈 پێویستی و ناچاری نەبێت ئەسڵ بەکارهێنانی ئاوە دەبێ ئاگاداربین . 👈 ئەم بابەتە قسە و رونکردنەوەی تریش هەڵدەگرێ، بەکورتی باسم کردوە تا زۆرترین کەس سودی لێ ببینێت. ✍️ وەڵامدانەوەی: مامۆستا مەلا محمد چیمەنی. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org