چۆن ڕابوەستین لە نوێژی جەماعەتدا ئەگەر ژمارەمان 3 کەس بوو ؟! بسم الله الحمد لله و الصلاة و السلام علی خير خلق الله محمد و علی آله وصحبە أجمعین. ئەوەی کە ئاشکرایە نوێژی جەماعەت بە زیاتر لە 1 کەس پێکدێت و درووستە بکرێت، وە ئەوەش هەر ڕوونە ئەگەر دوو کەس بوون واتە پێشنوێژێك و کەسێکی تر ئەوە کەسەکە دەچێتە لای ڕاستی پێشنوێژەکە دەوەستێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر 3 کەس بوون واتا دوو کەس لەگەڵ پێشنوێژێکدا، ئایا دووکەسەکە دەچنە لای ڕاست و چەپی پێشنوێژەکە دەوەستن یان دەبێت ڕیزێکی سەربەخۆ جیابکەنەوە و لە دواوە بوەستن؟! بەسەرهاتەکەی (جابری کوڕی عبدالله) - خوا لێی ڕازی بێت - زۆربەجوانی ئەم وەڵامەمان دەداتەوە کە دەگێڕێتەوە : " جارێکیان پێغەمبەری خوا ﷺ هەڵسا بۆ نوێژکردن منیش هەڵسام لەپاڵیدا لەلای چەپیەوە دەستم کرد بەنوێژ، جا پێغەمبەری خوا ﷺ دەستی گرتم و هێنامیە لای ڕاستی خۆیەوە، دواتر جەباری کوڕی سەخر هاتە ناو جەماعەتەکەمان و بووین بە 3 کەس ئەو چووە لای چەپی پێغەمبەری خواوە ﷺ پاشان پێغەمبەری خوا ﷺ کەمێك هەردووکمان جووڵان و ئێمە پاڵنا بۆ دواوە تا ببینە ڕیزێکی تر لەدوای ئەوەوە " ① کەواتە ئەم گێڕانەوەیە زۆر بەجوانی بۆمان ڕووندەکاتەوە ئەگەر 2 کەس بوون ئەوە بۆ جەماعەت ئەوە پێشنوێژ لەگەڵ کەسەکەی تر لەلای ڕاستیەوە دەوەستێت - کە هەردووکیان پیاوبوون - (( خۆ ئەگەر بوون بە 3 کەس واتە پیاوێکی تر ئەوە نابێت بچنە لای ڕاست وچەپی پێشنوێژ بەڵکو دەبێت ڕیزێکی نوێ جیابکەنەوە و جیاببنەوە لە ئاست پێشنوێژەکە و ببنە ڕیزێکی سەربەخۆ، ئەگەریش لە 3 کەس زیاتر بوون ئەوەشیان هەر ڕوونە کە دەکرێتە ڕیزێکی سەربەخۆ )) ئەمەش ڕای جمهور و ئیجماعی زانایانە بەبێ بوونی هیچ ڕاجیاوازیەك. ② بابەتی داهاتوومان بە پشتیوانی و ویستی خوای گەورە بریتیە لە : ( شێوازی وەستانی ئافرەت لە جەماعەتی پیاواندا). _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ #واللە_تعالی_اعلم_وباللە_التوفیق ① - (📗 صحيح مسلم - 3010 ) ② - (📗 الهداية - 1/56) (📗 تبیین الحقائق - 1/136) (📗 مواهب الجليل - 2/469) (📗 التاج و الٳکلیل - 2/129) (📗 المجموع - 4/292) (📗 مغني المحتاج - 1/246 ) (📗 المبدع - 2/76) (📗 کشاف القناع - 1/485) (📗 الاستذكار - 2/270) (📗 مجموع الفتاوی لٳبن تیمية - 20/558). پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محموود رحمه الله www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org