فەزڵ و گەورەیی نوێژە سوننەتەكان.؟
خواى پەروەردگار لە شەو و ڕۆژێكدا پێنج نوێژى لەسەر فەرز كردوین، كە كۆڵەكەو ڕاگرى دینن و پایەیەكن لە پایەكانى ئیسلام، وە هەروەها چەند نوێژێكى دیكەی بۆ داناوین جگە لەو نوێژە فەرزانە، كە بە نوێژە سوننەتەكان ناو دەبرێن. فەزڵ و گەورەیی نوێژی سوننەت: پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێ: یەكەم شتێك لە رۆژى دواییدا كە خەڵكى لەسەر دادگایی و لێپێچینەوە دەكرێت بریتیە لە نوێژەكان، وە پاشان فەرمووى: پەروەردگارمان - كە خۆى زاناترە - بەفریشتەكانى دەفەرموێت: سەیرى نوێژى بەندەكەم بكەن ئایا بەتەواوى كردوویەتى.؟ یاخود كەموكورتى تێدا كردووە، جا ئەگەر بە تەواوی ئەنجامی دابێت، ئەوا خوایگەورە بەتەواوەتى ئەجری بۆ دەنوسێت، وە ئەگەریش كەموكورتیەكى تێدا كردبێت، خودا دەفەرموێ: سەیربكەن، ئایا بەندەكەم نوێژى سوننەتى هەیە؟ جا ئەگەر نوێژی سوننەتی هەبێت، خودا (جل جلاله) دەفەرموێت: كەموكورتى نوێژە فەرزەكانى بە نوێژە سوننەتەكانى بۆ پڕبكەنەوە. نوێژە سوننەتەكان كامانەن: سوننەتى ڕەواتب ئەو نوێژە سوننەتانەیە كە پێغەمبەرى خودا ﷺ فەرمانى پێكردووە ئەنجام بدرێن لەگەڵ پێنج فەرزە نوێژەكەدا، هەندێكى لە پێشیەوەیەو هەندێكیان لە پاش نوێژەكانەوەیە. سوننەتى ڕەواتب ئەو نوێژانەیە كە لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەرى خودا ﷺ ئاماژەى پێكردووەو دەفەرموێ: هیچ بەندەیەكى موسوڵمان نیە كە هەموو رۆژێك دوازدە ڕەكەعاتى نوێژی سوننەت، نەك فەرز، بۆ خودا ئەنجام بدات، ئیللا خواى گەورە ماڵێكى بۆ بونیاد دەنێت لە بەهەشتدا. رواه مسلم. 1 - سوونەتى نوێژى بەیانى دوو ڕكاتەو لە پێش نوێژى فەرزى بەیانیەوە ئەنجام دەدرێت. پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێ: دوو ڕكات نوێژی سوننەتى پێش بەیانی خێرترە لە دونیاو لەوەی لە دونیادایە. رواه مسلم. 2 - سوننەتى نوێژی نیوەڕۆ چوار ڕكاتەو لە پێش نوێژى نیوەڕۆوە ئەنجام دەدرێت و دوو ڕكاتیش لە پاش نوێژەوە. پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێ: هەركەسێك پارێزگارى بكات لە چوار ڕكعات نوێژی سوننەتی پێش نیوەڕۆ و چوار ڕكعاتیش لە پاشیەوە، ئەوا خواى گەورە حەرامى دەكات لەسەر ئاگر كە بیسوتێنێت. 3 - سوننەتى نوێژی مەغریب دوو ڕكاتەو لە پاش نوێژەوە ئەنجام دەدرێت. عائیشەی دایكمان دەڵێ: پێغەمبەرى خوا ﷺ نوێژى مەغریبى بە خەڵكى دەكرد، پاشان دەگەڕایەوە و دەهاتە ژوورەوەو دوو ڕكعاتى سوننەتی دەكرد. رواه مسلم. 4 - سوننەتى نوێژی عیشا ئەویش دوو ڕكاتە كە لە پاش نوێژی عیشاوە ئەنجام دەدرێت. عبدالله ى كوڕى عومەر دەڵێ: (دە) ڕەكەعات نوێژم لە پێغەمبەرى خواوە ﷺ وەرگرتوە و پاراستووە كە ئەنجامیان دەدەم، وە هەروەها دوو ڕكات سوننەتى دواى عیشا كە لە ماڵەوە ئەنجامی دەدا. متفق علیه. ئا: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود