سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  كۆبونەوەی نوێژی جەژن و هەینی.؟
گەر نوێژی جەژن بکەوێتە ڕۆژی هەینی، ئایا دەبێت ئامادەی نوێژی هەینی بین.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3880

گەر نوێژی جەژن بکەوێتە ڕۆژی هەینی، ئایا دەبێت ئامادەی نوێژی هەینی بین.؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین:

موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان (خوا لێی ڕازی بێت) پرسیاری لە زەیدی کوڕی ئەرقەم کرد ئایا تۆ ئامادە بوویت لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ کە ھەردوو جەژن (واتە جەژن و جومعە ) لە یەک ڕۆژدا کۆ ببنەوە ؟ وتی: بەڵێ، وتی: چی کرد ؟ وتی: نوێژی جەژنی کرد پاشان ڕوخسەتی دا بۆ جومعە و فەرمووی: ( ھەر کەسێک بیەوێت نوێژی جومعەمان لەگەڵ بکات با بیکات).
ئەم فەرموودە ئیمامی ئەحمەد و ئەبوداوودو نەسائی و ئیبن ماجەو دارەمی و حاكم ڕیوایەتیان كردووە، وە حاكم دەڵێ: ئەم فەرموودە سەنەدەكەی سەحیحەو ئیمامی زەهەبییش پشتگیری كردووە.

زانایان بۆچوونیان جیاوازەو سێ ڕا لەو بارەوە ھەیە:

یەکەم: ھەندێک لە زانایان دەڵێن ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات دروستە نەچێت بۆ نوێژی جومعەو ڕوخسەتی بۆ ھەیە، کە ئەمە ڕای حەنابیلە و شەعبی و نەخعی  و ئیبن عثيمين و ئیبن باز.. ھتد.

دووەم: ھەندێک زانای دیكە دەڵێن ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات، ئەوا نوێژی جومعەش لەسەری واجبە، ئەمەش ڕای مالیک و ئەبوحەنیفە .. ھتد.

سێیەم: بەشێكی دیكه لە زانایان دەڵێن جومعە لەسەر ئەوانە لادەچێت کە لە دەرەوەی شار دێن بۆ نوێژی جەژن، بەڵام خەڵکی شار جومعەی لەسەر لا ناچێت بە کردنی نوێژی جەژن، ئەمەش ڕای ئیمامی عثمان و شافعی و.. ھتد.

شێخ الاسلام ئیبن تەیمییە (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرمووێ: ئەگەر ڕۆژی جومعە و جەژن کۆبوونەوە سێ ڕاو بۆچوون ھەیە:

1- جومعە واجبە لەسەر ئەوانەی نوێژی جەژنیان کردووە یان نوێژی جەژنیان نەکردووە، ئەمەش ڕای ئیمامی مالیک و بێجگە لە مالیكه.

2- جومعە لادەچێت لەسەر ئەوانەی کە لە دەرەوەی شار دێن بۆ نوێژی جەژن ، ھەر وەک ئەمە نقڵ کراوە لە عثمان (خوا لێی ڕازی بێت) نوێژی جەژنی کردووە و پاشان ڕوخسەتی داوە بۆ خەڵکی دەرەوەی شار کە نەچن بۆ جومعە ، وە ئیمامی شافعیش شوێن ئەم ڕایە کەوتووە.

3- ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات، ئەوا جومعەی لەسەر لادەچێت، بەڵام هەر دەبێت ئیمام ئامادەی جومعە ببێت لەبەر ئەوانەی حەزیان لێیە ئامادەی جومعە ببن، ھەروەک فەرموودە ھاتووە كە ئەگەر دوو جەژن پێکەوە کۆبوونەوە، نوێژی جەژنیان دەکرد" پاشان ڕوخسەتیان دەدا بۆ جومعە .. مجموعة الفتاوي ج٢٤ لاپەڕە ٢١٢ ـــ ٢١٣.

پوختەی وەڵامی زانایان:

(١) ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات لە ڕۆژی جومعە، ئەوا جومعەی لەسەر لادەچێت ، بەڵام دەبێت نوێژی نیوەڕۆ بکات.

(٢) ھەر کەسێک لە ڕۆژی جەژن ئامادەی نوێژی جەژن نەبێت" ئەوا جومعە لەسەری واجبە و لەسەری لانەچووە.

(٣) نابێت ئیمام مزگەوت چۆڵ بکات و خەڵک بێ بەش بێت لە جومعە، چونکە پێغەمبەر ﷺ جومعەی بۆ خەڵک کردووە، وە دەتوانێت کەسێک لەجێگای خۆی دابنێت بۆ جومعە .

ئا: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 154

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram