چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن.؟
یەكەم : نوێژی جەژنی ڕەمەزان و قوربانیش دوو ڕكاتە. ئیمامی عومەر (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەرموێت: نوێژی سەفەر دوو ڕكاتە ، نوێژی جەژنی قوربان دوو ڕكاتە، نوێژی جەژنی ڕەمەزان دوو ڕكاتە ، لەسەر زمانی محمد ﷺ . دووەم : عەمری كوڕی شوعەیب دەگێڕێتەوە ودەڵێ: پێغەمبەر ﷺ لە نوێژی جەژندا حەوت (الله أكبر)ی كرد لە ڕكاتی یەكەمدا، پاشان فاتیحەی دەخوێند، پاشان (الله أكبر)ی كرد و پاشان چووە ڕكوع، پاشان چووە سوژدە و پاشان هەستایەوە ، وە پێنج (الله أكبر)ی كرد و پاشان فاتیحەی خوێند ، وە پاشان ( الله أكبر ) ی كرد و چووە ڕكوع و چووە سوژدە . سێیەم : بە (صحیح)ی لە پێغەمبەرەوە ﷺ نەهاتووە كە لە كاتی تەكبیرەكانی ناو نوێژی جەژندا دەستی بەرز كردبێتەوە ، بەڵام (ابن القیم) دەفەرموێت: (ئیبن عومەر لەگەڵ زۆر بە دواگەڕانی بۆ سوننەت دەستی بەرز دەكردەوە لەگەڵ هەموو تەكبیرەیەكدا). بەڵام باشترین ڕێنمایی، ڕێنمایی پێغەمبەری خوایە ﷺ . شێخ ئەلبانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: (لەگەڵ ئەوەشدا كە لە عومەر و كوڕەكەیەوە گێڕدراوەتەوە (واتە: دەستیان بەرز كردووەتەوە) بەڵام ئەمە نابێت بە سوننەت. چوارەم: بە (صحیح)ی نەهاتووە لە پێغەمبەری خواوە ﷺ كە زیكرێكی دیاریكراوی خوێندبێت لە نێوان تەكبیرەكاندا ، بەڵام بە سەنەدێكی (جید) هاتووە كە (عبدالله ی كوڕی مسعود) فەرموویەتی: لە نێوان هەر دوو تەكبیرەیەكدا حەمد و سوپاس و ستایشی خودای تێدایە. پێنجەم : پێغەمبەری خوا ﷺ لە پاش سورەتی فاتیحە لە ڕكاتێكدا سورەتی ( ق و القران المجید )ی دەخوێندو ، لە ڕكاتەكەی دیکەشدا سورەتی ( اقتربت الساعة و انشق القمر ) ی دەخوێندەوە. یان هەندێك جار سورەتی ( سبح اسم ربك الأعلى ) (هل أتاك حديث الغاشية)ی خوێندووەتەوە . شەشەم : ئیتر بەشەكانی تری وەكو نوێژەكانی تر وایە. حەوتەم : هەركەسێك نوێژی جەژنی فەوتا دوو ڕكات دەكات ، ( عطاء ) دەفەرموێت: ئەگەر كەسێك نوێژی جەژنی فەوتا دوو ڕكات دەكات. هەشتەم : تەكبیرەكان سوننەتن و وازلێهێنانیان بە ئەنقەست یان بە هەڵە نوێژ بەتاڵ ناكاتەوە ، بەڵام بێگومان پێچەوانەی سوننەتە. وەرگێڕانی: م.صلاح الدین عبد الكریم. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ ئهحمهد كاكه مهحموود ڕەحمەتی خوای لێبێت.