سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نوێژى تەراویح چۆنە؟ ئافرەت تەڕاویح لە كوێ بكات.؟
* ئایا نوێژى تەراویح چییەو چۆنەو چەند ڕكاتەو چ کاتێک ئەکرێت؟ * ئایا ئافرەت نوێژی تەڕاویح لە مزگەوت بکات باشترە یان لە ماڵەوە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3806


* ئایا نوێژى تەراویح چییەو چۆنەو چەند ڕكاتەو چ کاتێک ئەکرێت؟

* ئایا ئافرەت نوێژی تەڕاویح لە مزگەوت بکات باشترە یان لە ماڵەوە؟


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* نوێژى تەراویح بریتى یە لە شەونوێژ لەمانگى ڕەمەزاندا ئەنجام ئەدرێن، كە بریتییە لە (11) ڕكات، لەدواى نوێژى خەوتنانەوە (عشاء) دەست پێ دەكات دروستە تا كاتى بانگى بەیانى درێژ بکرێنەوە، نوێژى تەراویح دوو ڕكات دووڕکات ئەکرێت، هەشت 8 ڕکاتیان واتە چوار نوێژ نیەتی نوێژی سوننەتی تەڕاویحیان لێدەهێنی و نیەتەکەش بەدڵە نەک بەزمان و دواتر (الله أکبر) ئەکەیت، سێ ڕکاتەکەی تر بەدوای چوار نوێژە تەڕاوێحەکاندا بە دوو نوێژ دەکەیت و نیەتی سوننەتی وەتریان لێ ئەهێنی، نوێژی یەکەمیان دوو ڕکات و نوێژی دووەمیان یەک ڕکاتە، کۆی هەموو ڕکاتەکان ئەکاتە (11) ڕكات، واتە (6) شەش نوێژ،
حوكمى ئەم نوێژانە سوننەتە، لە ڕەمەزاندا پێیان دەگوترێ تەراویح، وە جگە لە ڕەمەزاندا (قیام اللیل) شەونوێژ، یان (الوتر) پێدەگوترێت.

* چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژی تەڕاویح
سەرەتا بزانە: نوێژی تەڕاویح تەنیا لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا بەکۆمەڵ جەماعەت دەکرێت.

کاتی تەڕاویح: کاتی نوێژی تەڕاویح لە دوای نوێژی عیشا دەست پێدەکات و تاکو نوێژی بەیانی کاتی ئەنجامدانی هەیە، وە سوننەتە بە جەمعات بکرێت وە بە تەنیاش کردنی دروستە، ئەوجار نیەتی تەڕاویح لێدێنی، واجبە لەدوای هەموو دوو ڕەکعەتێک سەڵام بدەیتەوە

* - پرسیار / ئایا ئافرەت نوێژی تەڕاویح لە مزگەوت بکات باشترە یان لە ماڵەوە؟

- وەلام/ زانایان دەڵێن نوێژ چ نوێژی واجب بێت یان سونەت وەک تەڕاویح باشتر وایە ئافرەت لە ماڵی خۆی بیکات، نوێژی تەڕاویح سونەتێکی جەخت لێکراوە، وە باشتر وایە ئافرەت لە ماڵی خۆی بیکات .

(۱) عن أم سلمة رضي الله عنها عن النبي صلى الله عليه وسلم أنه قال : ( خَيْرُ مَسَاجِدِ النِّسَاءِ قَعْرُ بُيُوتِهِنَّ ) . رواه أحمد وحسَّنه الألباني في "صحيح الترغيب" (341)
واتە : باشترین مزگەوت و شوێن بۆ نوێژی ئافرەت ناو ماڵەكەیەتی .

(۲) عن ابی هریرە رضی الله عنە قال: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : صَلاَةُ الرَّجُلِ فِي الجَمَاعَةِ تُضَعَّفُ عَلَى صَلاَتِهِ فِي بَيْتِهِ ، وَفِي سُوقِهِ ، خَمْسًا وَعِشْرِينَ ضِعْفًا..)) متفق علیە
واتە: ( نوێژی پیاو بەكومەڵ بیست و پێنج پلە خیرەكەی بۆ زیاد دەكرێت بەسەر نوێژەكەی لە مالەكەیدا یان لە بازاریدا..)

ابن ڕەجەب ڕحمەتی خوا لێ بێت دەفەرمووێت : (( "صلاة الرجل فی الجماعە تضعف " ئەمه بەڵگەیە كە نوێژی ئافرەت بە کۆمەڵ بۆی زیاد نابێت، چونكە نوێژ لە ماڵەوە خێری زیاترە و باشترە بۆی . )) فتح الباری ج٤ لاپەڕە ۳٤

خاوەنی کتابی زبدة الأفهام دەفەرمووێت: (( "صلاة رجل " مەبەستی پیاوە نەك ئافرەت، چونكە نوێژی ئافرەت لە ماڵەوە باشترە وەک لەمزگەوت .)) زبدة الأفهام ج۱ لاپەڕە ۲۲٦
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زیاد بوونی پاداشتی نوێژی بە كومەڵ تایبەتە بە پیاوان چونكە فەرمان بە پیاوان كراوە و لەسەریان واجبە، لەبەر ئەوە فەرموودەكە دەفەرمووێت : (( صلاة الرجل في الجماعە تضعف علی..)) كەواتە لەسەر ئەمە ئافرەت ئەم پاداشتە وەرناگرێت..))

(۳) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لا تَمْنَعُوا نِسَاءَكُمْ الْمَسَاجِدَ وَبُيُوتُهُنَّ خَيْرٌ لَهُنَّ )) رواه أبو داود

واتە : ئافرەتەکانتان مەنع نەکەن بۆ مزگەوت، وە ماڵی ئافرەتان بۆیان باشترە و خێری زیاترە لە مزگەوت .

زانایان دەڵێن نوێژی ئافرەت لە ماڵەكەی یان فندقی بۆی خێرترە لە مزگەوتی حەڕام مزگەوتی پێغەمبەر سەلامی خوای لەسەر بێت .

ام حمید دەڵێت : ئەی پێغەمبەر خوای من دەمەوێ نوێژ لەگەڵ تۆ دا بكەم، وتی : ( من زانیم تۆ حەزدەكەی نوێژ لەگەڵ من بكەی، نوێژی تۆ لە ماڵی خۆت باشترە لە حوجرەی خۆت، وە نوێژی تۆ لە حوجرەی خۆت باشترە لە دار، [ دار ، واتە: شوێنێكی گەورەیە كە لە چەند خانووێک پێک دێت، ئەگەر وردببیەوە لە قورئان باسی بەهەشتی کردووە بە (الدار) نەک بیت ]، وە نوێژی تۆ لە دار باشترە لەمزگەوتی قەومەکەت ، وە نوێژی تۆ لە مزگەوتی قەومەکەت باشترە وەک لە مزگەوتی من .)) رواە احمد (۲٥۸٤۲)، (وحسنە الالبانی فی ""صحیح الترغیب والترهیب "

زانایانی اللجنة الدائمة دەڵێن : (( نوێژی ئافرەت لە ماڵەکەی باشترە وەک لەمزگەوت جا چ نوێژی واجب بێت یان سونەت تەڕاویح یان نوێژی تر )) فتاوی اللجنة الدائمة ج۷ لاپەڕە ۲۰۱
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( باشتر وایە ئافرەت نوێژی لە ماڵی خۆی بکات، هەتا ئەگەر مزگەوتیش لە لایان بێت نوێژی تەڕاویح بکرێت .... )) فتاوی نور علی الدرب .
بەلام سەبارەت بە پیاو نوێژی واجب بۆی بە کۆمەڵ پاداشتی زیاترە .
لە الموسوعة الفقهیة باس كراوە دەڵێت : (( هەموو زانایان یەكدەنگن كە نوێژی پیاو لە مزگەوت بە كۆمەڵ باشترە لەوەی لە ماڵەكە بە تەنها بكات .....)) الموسوعة افقهیة ج۸ لاپەرە ۲۳۱
دروستە ئافرەت بچێت بۆ نوێژی جەماعەت بەلام بە مەرج :

① دەبێت حیجابێکی تەواو لەبەر بکات .

② دەبێت ئیزن لە مێردەکەی وەربگرێت .

③ نابێت بۆن لەخۆی بدات .

④ نابێت دەربچێت لەگەڵ کەسی بێگانە یان خەڵوەت دروست ببێت .

ئەوەی گرینگ بێت ئافرەت بیری لێ بکاتە ئەوەیە لەم مانگە لە هەر کەسێک بپرسیت هەوڵی بۆ ئەوە دەدات کە باشترین و زۆرترین پاداشت بە دەست بهێنێت، نوێژی تەڕاویح کردن باشترین و زۆرترین پاداشت بۆ ئافرەت لەوەدایە کە لە ماڵەوە بیکات نەک مزگەوت .

پوختەی وەڵامی زانایان :

① زانایان دەڵێن پاداشتی نوێژی بە كۆمەڵ لە مزگەوت تایبەتە بە پیاوان، ئافرەت ئەو پاداشتەی بۆی نی یە .
② نوێژی ئافرەت لە ماڵەكەی دا پاداشتی زیاترە لە مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی حەرام .
③ هەموو زانایان یەكدەنگن كە نوێژی واجبی پیاو بە كۆمەڵ لە مزگەوت باشترە وەک لە ماڵەكەی .
④ دروستە ئافرەت بچێت بۆ مزگەوت بە مەرج.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 524

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram