سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا هەركێ پێغەمبەر لە خەودا ببینێت، واتە ئەوی بینیوە؟
ئایا هەركێ پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە خەودا ببینێت واتە بەڕاستەوە ئەوی بینیوە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2628


الحمد لله/

بینینی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە خەودا بۆ موسوڵمان مایەی دڵخۆشییە و مژدەیەكی خۆشە بۆ خاوەنەكەی، لە بیروباوەڕو عەقیدەی موسوڵمانیشدا ئەوە هەیە كە دەنگۆنجێت پێغەمبەرەكەی لە خەودا ببینێت، چونكە هەر خۆی لە فەرموودەی سەحیحدا كە لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە فەرموویەتی: ( مَنْ رَآنِي فِي الْمَنَامِ فَقَدْ رَآنِي فَإِنَّ الشَّيْطَانَ لا يَتَمَثَّلُ بِي ) واتە: هەركەسێك من لەخەودا ببینێت كەواتە منی بینیوە، چونكە شەیتان ناتوانێت خۆی بە من بچوێنێت یان لەسەر شێوەی من بێتە خەوتان.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا پێویستە چەند خاڵێكی گرنگ بخرێتە ڕوو:
1- كاتێك ئەو خەوە ڕاستە و خاوەن خەوەكە خودی پێغەمبەری بینیوە صلی الله علیه و سلم كە ڕواڵەت و سیمای بەو شێوە بووبێت كە لەفەرموودەكاندا باس كراوە، چونكە لە فەرموودەكاندا وەسفی ورد و تەواوی ڕواڵەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هاتووە وەكو باڵا و ڕەنگی پێستی وشێوەی دەست مەچەك و ناولەپ و ڕیش و قژو دەم ودانی و هەموو جەستەی موبارەكی بە ئەوپەڕی وردی باسكراوە، بۆ نموونە ئەگەر بینەری خەوەكە بەڕیش تاشراوی بینیبێتی واتە ئەوی نەبینیوە چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕیشی درێژ بووە، یان ببینێت كە سەری تەواو سپی بووە چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تا وەفاتی كرد تاڵە سپییەكانی قژی لە بیست تاڵەمووی سپی تێنەپەڕی .

2- وەسفی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بە وردی لە كتیبەكانی سوننەتدا هاتووە و بەتایبەتیش لەو كتێبانەی كە بە الشمائل ناسراوە وەكو (كتاب الشمائل ) ی پێشەوا الترمذي، بۆیە ئەگەر هەركەسێك پێغەمبەری بینی لە خەودا صلی الله علیه و سلم پێویستە سیماو سیفەت و ڕواڵەتی بینراوەكە لەگەڵ ئەوە بەراورد بكات كە لەو كتێبانەدا هاتووە وەكو ئەوە بوو ئەوە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ی بینیوە و با دلی خۆش بێت بەخەوەكەی، ئەگەر نا خەویكی بەتالە و شەیتانی بینیوە.

3- مەرج نییە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كە لە خەودا ببینرێت قسە بكات، دەنگونجێت تەنها ڕواڵەتی ببینرێت، ئەگەریش قسەی كرد بۆ نموونە فەرمانی بە شتیك كرد یان نەهی لە ئەنجامدانی شتێك كرد یان وتی فڵانە كەس بەهەشتییە یان دۆزەخییە، یان فڵانە فەرموودە سەحیحە وەریبگرن یان سەحیح نییە وەریمەگرن، یان هەر هەواڵێكی تر ئەوە پێویستە عەرز بكرێتە سەر كیتاب و سوننەتدا، چونكە ئەو خەوە وەحی نییە تا وەربگیرێت وەكو پێشەوا نەوەوی فەرموویەتی و، تەنها مژدەو دڵخۆشییە ئەگەر بەپێی مەرجەكانی خۆی بێت، ئینجا لە قورئان و لە فەرموودەكاندا دین بۆ موسوڵمانان بەتەواوی ڕوون كراوەتەوە و هەموو پێوەرەكانی چوونە بەهەشت و پارێزراوی لە دۆزەخ دیارە چییە، لە پاش وەفاتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هیچ فەرمان و قەدەغەكردنێكی تازە نایەت جگە لەوەی كە لە كیتاب و سوننەتدا هەیە.

4 - بینینی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم وەكو وتمان نیعمەتە ومایەی دڵخۆشییە، بەڵام مەرج نییە وبەڵگە نییە لەسەر ئەوەی خاوەن خەوەكە خۆشەویستی ئەوە وبەتەواوی لەسەر ڕێگای ڕاستە، یان بەهۆی ئەو خەوە لاشەی لە ئاگر قەدەغە دەكرێت! چونكە ئەوە پێوەری خۆی هەیە كە بریتییە لە دەستگرتن و وابەستەبوون بە كیتاب و سونەتەوە.

5 - زۆر كەس لە بێباوەڕان و مونافیقان نەك لە خەودا، بەڵكو هەر ڕوو بەڕوو پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم یان بینیوە لە حاڵی ژیانیدا و سوودیشیان نەكردووە و لەسەر ئەو حاڵە خراپەی خۆیان مردن، بۆیە بینینەكە خۆی لە خۆیدا نابێتە پێوەر ئەگەری چاكەكاری ئەگەر حاڵ ورەوشت و ئاكاری خاوەن خەوەكە شایەتی بۆ چاكەكاری و دەستگرتن بە قورئان و سوننەتەوە نەدات بۆ خاوەنەكەی.

6 - ئەگەر كەسێك پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەخەودا ببینێت بەڕواڵەتێكی تر بە پێچەوانەی ئەو فەرموودانەی كە باسی سیما و ڕواڵەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم یان كردووە، ئەوە یەكەم ئەو نەبووە چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: «فإن الشيطان لا يتمثل في صورتي» واتە شەیتان ناتوانێت خۆی لە وێنە و ڕواڵەتە راستەقینەكەی مندا بنوێنێت، دووەم وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە نیشانەی ئەوەیە ئەو كەسەی خەوەكەی بینیوە كەمتەرخەمی و كەم و كورتی لە دینیدا هەیەو پێویستە خۆی چاك بكات والله اعلم.

7 - هەموو كەسێك كە دەڵێت پێغەمبەرم صلی الله علیه و سلم ی لەخەودا بینیوە مەرج نییە ڕاست بكات و تۆ ناتوانیت تەماشای ناو دلی ئەو كەسە بكەیت بزانی ڕاستی كردووە یان نا، چونكە زۆر دەجال و قۆڵبڕ هەن بە ئیدیعای بینینی ئەو جۆرە خەوانە خەڵكی دەرووتیننەوەو بازرگانی جەهل و سادەیی و سۆزی خەڵكییەوە بۆ پێغەمبەرەكەیان دەكەن.

8 - ئەگەر هەر كەسێك ئیدیعای ئەوەی كرد كە لە حاڵی بێداریدا واتە لە غەیری خەودا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ی بینیوە و چاوی پێكەوتووە، ئەو كەسە هەركێ بێت بە هیچ شێوەیەك راست ناكات و نابێت باوەڕی پی بكرێت، یان شەیتان بووە هاتووەتە لای و یان خۆی ڕۆڵی شەیتانی بینیوە و قسەكەی بۆ مەرامی هەڵبەستووە، سەرانی سەحابە كە سەرداری هەموو پیاوچاك و ئەولیاكانن و لەهەموویان باشترن هەرگیز كەسێكیان چاویان بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەكەوتووە پاش وەفاتی، بۆیە كاتێك شێخ عبدالقادر الكیلاني بەڕەحمەت بێت كاتێك چاوی بەو كەسە دەكەوێت كە لەسەر عەرشێك دانیشتووە بە ئاسمانەوە و بە عبدالقادر دەڵێت من پەروەردگاری تۆم باوەڕی پێ ناكات و پێی دەڵێت نەخێر تۆ ئیبلیسی ودرۆ دەكەیت.

9 - لەم بارەوە دوو تێگەیشتنی جیاواز هەیە هەردوكیان زیادەڕەویان تێدایە : یەكەم ئەوەیە كەسانێك هەن ئەڵێن ئەو فەرموودەی كە باسی بینینی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكات تایبەتە بەهاوەڵانەوە بۆ كەسی تر نییە، چونكە تەنها ئەوان ێغەمبەر صلی الله علیه و سلم یان بینیویانە و بەتەواوی دەیناسنەوە، بۆچوونێكی تریش هەیە تایبەت بە هەندێ لە سۆفییەكان دەلێن هەركێ پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ببینێت لەخەودا حیسابی هاوەلی بۆ دەكرێت یان وەكو هاوەڵ وایە چونكە ێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ی بینیوە! ئەم دوو بۆچوونە هەردوكیان ڕاست نین وەكو شێخ مشهور حسن دەڵێت و ڕاست ئەوەیە كە لێرە لە زانایانەوە باسمان كردووە.

كورتەی وەڵامەكە ئەوەیە: لەبەر هەبوونی فەرموودەی صحیح دەگونجێت هەركەسێك لە خەودا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ببینێت، بەڵام كاتێك بەڕاستەوە بینیوێتی كە شەكل و سیمای بەپێی ئەو سیما و ڕوالەتە بێت كە لە كتێبەكانی الشمائل وفەرموودەدا هاتووە و بینینەكەش مەرج نییە وهیچ بەڵگەیەكی بڕاوە نییە لەسەر ئەوەی خاوەن خەوەكە بەهەشتییە یان وەلی و پیاوچاكە تەنها موژدەیەكی دڵخۆشكەرە و پێویستە ببێتە هاندەری كاری چاكە بۆ خاوەنەكەی، ئەگەریش بە شێوازێكی جیاواز لە شێوازەی خۆی بینرا ئەوە بێگومان پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەبووەو شەیتان بووە.
هەموو ئەم قسانەش كە لێرەدا خستوومەتە ڕوو بەڵگەی كیتاب و سوننەتی لەسەرە و لە وتەو نووسینی كۆمەڵێك لە زانای گەورە لە ئەهلی عیلم وەرمگرتوون.

إحسان برهان الدین
26 رمضان 1441



  ژمارەی بینین 750

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram