سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا دروستە بویاخکردنی سەرو ڕیش بە ڕەنگی ڕەش.؟
ئایا دروستە بویاخ کردنی سەرو ڕیش بە ڕەنگی ڕەش؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3671


ئایە دروستە بویاخ کردنی سەرو ڕیش بە ڕەنگی ڕەش؟

دیارە بۆیاخ کردنی سەرو ڕیش بە ڕەنگی جگە لە ڕەش هیچ کێشەیەکی لەسەر نیەو بگرە سوننەتیشە، بۆیە لێرەدا باسی ناکەین.
بەڵام ئەوەی جێی باسی منە لێرەدا بۆیاخ کردنە بە ڕەنگی ڕەش، جا بۆ تێگەشتنی زیاتری بابەتەکە پێویستە قسە لەسەر دوو خاڵی گرنگ بکەین:
یەکەم: بۆیاخ کردن بە ڕەش بۆ کەسێک لە جەنگ و جیهادا بێت، ئەم بابەتەیان زۆربەی زانایان و شەرع زانان لە هەر چوار مەزهەبەکە یەکدەنگن لەسەر ئەوەی دروستە لەم کاتەدا بۆیاخی سەرو ڕیش بکرێت بە ڕەنگی ڕەش، چونکە هۆکارێکە بۆ ترساندنی دوژمانی ئیسلام، تا بزانن جەنگاوەری موسڵمانان گەنج و بەهێزن.
دووەم: بۆیاخ کردن بە ڕەش بۆ جگە لە کاتی جیهادو تێکۆشان، لێرەدا زانایان لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە هەرکات بۆیاخ کردن بۆ فێڵ و هەڵخەڵەتاندن بێت وەک ژن هێنان، ئەوە حەرامە و دروست نیە، بەڵام هەرکات بۆیاخ کردنەکە بە ڕەش بۆ فێڵ نەبوو، ئەوە زانایان و شەرع زانان بە کورتی چوار بۆچونی جیاوازیان لە سەر دروستی و نادروستی هەیە:
بۆچونی_یەکەم: حەرامە بۆیاخ کردن بە ڕەش بۆ نێرو مێ.
ئەم بۆچونە هەردوو مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفەو ئیمامی شافعی و قسەیەکیشە لە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، بۆ ئەم بۆچونە چەند بەڵگەیەکیان بەدەستەوەیە لەوانە:
1_ عبداللەی کوڕی جابر بۆمان ئەگێڕێتەوە وەک لە سەحیحی موسلمدا هاتوە، کە ئەبوو قوحافەی باوکی ئیمامی ئەبوبکریان هێنایە خزمەتی پێغەمبەر لە ڕۆژی ئازاد کردنی شاری مەکەدا، سەرو ڕیشی سپی بوبو، پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، پێی فەرموو" غيروا هذا بشئ، واجنبوا السواد" واتە: ئەم ڕەنگە سپیە بە شتێک بگۆڕە، بەڵام لە ڕەش خۆت بپارێزە.
 لێرە ئەبێ ئەوە بزانین بەشێکی ئەم فەرمودە کە(واجنبوا السواد)ە زیاد کراوی ڕاوی فەرمودەکەیە نەک قسەی پێغەمبەر، کە ئەمیش لە زانستی فەرمودە پێی ئەوترێ(مدرج)، ئەم بۆچونە ئیمامی مبارکفوری لە شەرحی سونەنی ئیمامی ترمزیدا زۆر بە دورو درێژی باسی کردوە.
2_ ابن عباس بۆمان ئەگێڕێتەوە وەک لە سونەنی ئەبوو داودا هاتوە کە پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت، فەرموویەتی" يكون قوم يخضبون في آخر الزمان بالسواد كحواصل الحمام، لا يرحون رائحة الحنة" واتە: لە کۆتای دونیادا کەسانێک پەیدا ئەبن بۆیاخ ئەکەن بەڕەش وەک سنگی کۆتر، ئەم تاقمە بۆنی بەهەشت ناکەن.
بەڵام وەک زانایان ئەفەرموون ئەم هەڕەشە لەسەر بۆیاخ کردنەکە نیە بەڵکو لەسەر تاوانێکی ترە، چونکە خۆ لێرە جیاوازی نەکراوە لە نیوان موجاهیدو کەسانی تردا کە حوکمەکەیان جیاوازە وەک باسمان کرد.
بۆچونی_دووەم: بۆیاخ کردن بە ڕەش بۆ نێرو مێ ناپەسەندەو باش نیە(مکروە)ە.
ئەم بۆچونەش مەزهەبی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و قسەیەکیشە لە مەزهەبی ئیمامی مالیک و ئیمامی شافعی.
خاوەنی ئەم بۆچونە پێیان وایە ئەو دەقانەی باسی خراپی بۆیاخ کردن ئەکەن بە ڕەنگی ڕەش هەمویان ئەوە ناگەیەنن کە حەرامە، بەڵام ئەوەیان لێ وەرئەگیرێ کە ناپەسەندە، چونکە ناکرێ هاوەڵان و تابعین ئەو حەرامەیان کردبێت کاتێک زانیویانە قەدەغەیە، چونکە بەشێک لە هاوەڵان و تابعین بۆیاخیان بەرەش کردوە. 
بۆچونی_سێهەم: دروستە بۆیاخ کردن بە ڕەش بۆ ئافرەتی بە مێرد کاتێک مێردەکەی پێی خۆش بێت و ڕێگەی بدات، بەڵام بۆ پیاو دروست نیە. 
ئەم بۆچونەش بەشێک لە پەیڕەوانی ئیمامی شافعی پەسەند بوە لایان و بۆچونی ئیمامی ئیسحاقی کوڕی ڕاهەویەیە. 
بەڵگەشیان قسەکەی دایکمان عایشەیە وەک لە بوخاری و موسلمدا هاتوە پرسیاریان لێ کردوە دەربارەی بۆیاخ کردنی ئافرەت بە ڕەنگی ڕەش ئەویش ئەفەرموێت"وددت أن عندي شيئًا أسوِّد به شعري" واتە: خۆزگە شتێکم لابوایە پرچم پێ ڕەش بکردایە. 
وە ئیمامی قەتادە وەک لە موسنەدی ئەحمەدا هاتوە ئەفەرموێت"رُخِّص في صباغ الشعر بالسواد للنساء" واتە: ڕێگە دراوە ئافرەتان بۆیاخی ڕەش بەکار بێنن. ئەم قسەی قەتادە بەڵگەی ئەوەی تێدایە کە ڕێگەی پێدراوە جا ئەو ڕێگە پێدانە یان هاوەڵانە، یان تابعینە، کە هەرکامیان بێت ئەتوانین بڵێین وەک ئەوە وایە بەرز کرابێتەوە بۆ پێغەمبەر چونکە لە خۆیانەوە لەباسی حەڵال و حەرام نافەرموون ڕێگەی پێدراوە. 
بۆیە خاوەنی ئەم بۆچونە ئەڵێن ئافرەت داوا لێ کراوە خۆی بۆ مێردەکەی بڕازێنێتەوە لە شەرعدا، ئەم بۆیاخ کردنەش بەشێکە لەو خۆ جوان کردنەی کە داوایان لێ کراوە بۆ هاوسەرەکانیانی بکەن. 
#بۆچونی_چوارەم: دروستە بۆیاخ کردن بە ڕەش بۆ نێرو مێ و هیچ کێشەی تێدا نیە. 
ئەم بۆچونە قسەیەکە لە مەزهەبی هەردوو ئیمامی بەڕێز ئەبوو حەنیفەو مالیک، وە کۆمەڵێ لە پێشین ئەم بۆچونەیان هەبوە. 
خاوەنی ئەم بۆچونە چەند بەڵگەیەکیان بەدەستەوەیە بۆ سەلماندنی قسەکەیان، لەوانە:
1- لە  سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە کە ئیمامی ئەبوو هورەیرە ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی" إن اليهود والنصارى لا يصبغون فخالفوهم" واتە: جولەکەو گاور بۆیاخ ناکەن، پێچەوانەیان بکەن و بۆیاخ بکەن. 
زانایان ئەفەرموون لێرەدا پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت، فەرمانی کردوە بە بۆیاخ کردن بەبێ دیاری کردن و جیاکردنەوەی ڕەنگی ڕەش. 
2- لە سونەنی ئیمامی ئەبوداودا هاتوە بە سەحیحی کە ئەبوو زەڕ بۆمان ئەگێڕێتەوە، کە پێغەمبەر فەرموویەتی" إن أحسن ما غُيِّر به الشيب الحناء والكتم" واتە: جوانترین شت کە ڕەنگی سپیتانی پێ بگۆڕن خەنەیە بە تێکەڵ کردنی لەگەل کەتم، کە جۆرە ڕوەکێکە. 
هەندێک پێیان وایە کاتێ ئەو دوو ڕوەکە تێکەڵی یەک بکرێت، ڕەنگی ڕەشیان لێ دروست دەبێت. 
3- لە سونەنی ئیمامی ئەبوداودا هاتوە بەسەنەدێک زانایان ئەفەرموون لاوازە، بەڵام ئیمامی بوسەیری و جگە لەویش ئەفەرموون حەسەنە، کە پێغەمبەر فەرموویەتی" إن أحسن ما اختضبتم به لهذا السواد، أرغب لنسائكم فيكم، وأهيب لكم في صدور عدوكم" واتە: جوانترین بۆیاخ کردنتان ڕەنگی ڕەشە، خێزانەکانیشتان پێیان خۆشە، ترسیش ئەخاتە دڵی دوژمنەکانتانەوە. 
وەبۆیاخ کردن بە ڕەنگی ڕەش بەشێک لە هاوەڵان و تابعین ئەنجامیان داوە کە بە پێویستی ئەزانم ناوی بەشێکیان بهێنم لێرەدا کە ئیمامی ابن جریر لە تهذيب الآثار و ئیمامی ابن القیم لە زاد المعادو جگە لەوانیش هێناویانە" ئیمامی عوسمانی کوڕی عەفان، عبداللەی کوڕی جەعفەر، ئیمامی حەسەن و حوسەین، سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس، عوقبەی کوڕی عامر، موغیرەی کوڕی شوعبە، جەریری کوڕی عبداللە، عەمری کوڕی عاس" . وە ابن مولەقین لە شەرحی بوخاریدا هێناوێنی کە ئیمامی عومەر فەرمانی کردوە بە بۆیاخ کردن بە ڕەنگی ڕەش. 
وەبەشێک لە تابعین بۆیاخیان کردوە بە ڕەنگی ڕەش" ئیمامی زوهری، ابن سیرین، حەسەنی بەسری، عبدالرحمانی کوڕی ئەسوەد، ئەبی ئیسحاق، علی کوڕی عبداللەی کوڕی عباس، موسای کوڕی تەڵحە، ئیبن و ئەبی لیلا، نافیعی کوڕی جوبەیر. 

پوختەی قسە:

ئەوەی ئاماژەم پێکرد بۆچونی زانایان بوو لەگەڵ بەڵگەکانیاندا، ئەوەمان بۆ ڕون بویەوە لەسەر حەرامی بۆیاخ کردن بە ڕەش هیچ بەڵگەیەکمان نەبوو کە تەسلیمی بین بەبێ ئەوەی قسەی ڕونی زانایانی لەسەر نەکرابێت، بۆ نمونە بەهێزترین فەرموودە بۆ نادروستی بۆیاخ کردن بە ڕەش، ڕوداووکەی باوکی ئیمامی ئەبوو بەکرە، کە ئەم ڕستەی لە خۆگرتوە وەک باسمان کرد(واجنبوا السواد) کە دورکەوتنەوەیە لە ڕەنگی ڕەش، جا وەک ئاماژەم پێکرد لە پێشدا ئەم زیادەیە کە باسی ڕەنگی ڕەش دەکات قسەی پێغەمبەر نیە، دەیخەینە ڕوو هەرچەند بابەتێکی ئاڵۆزی زانستی فەرموودەیە، ئەم فەرموودە بە چوار جۆر هاتوە، یەکەم" غيروا هذا بشيء، واجتنبوا السواد". دووهەم"غيروا هذا بشيء" بەبێ باسی ڕەنگی ڕەش. سێهەم" غيروا، أو اخضبوا" باسی ڕەنگ نەکراوە. چوارەم" غيروه، وجنبوه السواد" وشەی" شئ" ی تێدا نیە. کەواتە فەرمودەکە  هەر جارەو بە شێوازێک گێڕدراوەتەوە لە ئەبوو زوبێری مەکیەوە! ئەوەتا لە موسنەدی ئەبوو داودی تیالیسی ئین و جەعدا هاتوە بەبێ باسکردنی ڕەنگی ڕەش، ئەبوو خیسەمە پرسیاری لە خودی ئەبوو زوبێر کردوە کە گوایە فەرمودەکەی ئەو باسی ڕەنگی ڕەشی کردوە، وتویەتی ئەی ئەبوو زوبێر ئایە پێغەمبەر فەرموویەتی لە ڕەنگی ڕەش دوربکەونەوە؟ فەرمووی نەخێر وای نەفەرمووە. بەسەنەدی سەحیحیش هاتوە لای ئیمامی نەسائی بەبێ باسکردنی ڕەنگی ڕەش. 
بەڵام ئەم زیادەیە کە باسی ڕەنگی ڕەشی کردوەو وتەی پێغەمبەر نیە چەند ڕاویەک لە ئەبوو زوبێرەوە ئەیگێڕنەوە کە ئەمانەن:
1_ابن جریج، کە لە سەحیحی موسلمدایە، بەڵام باسی ئەوەی نەکردوە کە گوێی لێ بوە، بەڵکو بە (عنعن) ه ئەیگێڕێتەوە کە ئەویش جێگەی ئیشکالە بۆ ابن جریر چونکە بە (مدلس) بەناوبانگە. 
2_ لیسی کوڕی ئەبی سەعید، وەک لە موسنەدی ئەحمەدا هاتوە، بەڵام ئەم لەیسەش جێگەی ئیشکالە، ابن حجر دەربارەی ئەفەرموێت" صدوق اختلط جدًا، ولم يتميز حديثه فترك". 
3_ ئەجلەحی کوڕی عبداللە، وەک لای ئیمامی تەبەرانی هاتوە، ئەم ئەجلەحەش لاوازە. 
4_ ئەیوب لە ئەبوو زوبێرەوە، وەک لە موسنەدی ئەبوو عەوانەدا هاتوە، ئەم ڕیوایەتەش لە زانستی فەرموودە پێی ئەوترێ غەریبە، کە جێگەی ئیشکالەو نامەوێ بە بابەتەکە درێژتر بێتەوەو زیاتری لەسەر بچم. 
کەواتە ئەوەی پێی دەگەین لەسەر بەهێزترین بەڵگەی ئەو کەسانەی ڕەشیان بەلاوە حەرامە، بەڵگەکە بۆخۆی جێگەی ئیشکالەو زیادەی راویە نەک وتەی پێغەمبەر. 
وە  ئەوەمان بۆ ڕوون بویەوە کە بەشێک لە هاوەڵان دروست بوە بەلایانەوەو خۆیان کردویانە، بۆیە من پێم وایە قسەی ئەو زانایانەی ئەفەرموون بۆیاخ کردن بە ڕەش دروستە جوانترین قسەیە لەم بارەوە، چونکە ناکرێ هاوەڵان بزانن بۆیاخ کردن بە ڕەش حەرامەو هەر کردبێتیان. 

تێبینی:
١_ بمبورن بابەتەکە پێویست بوو بەو شێوە زۆر بێت. 
2_داواکارم هەر کەس بۆچونی پێچەوانەی هەبوو، با خۆی وەڵامی زانستی باتەوە دوای قوڵ بونەوەی لە بەڵگەکان، نەک کۆپی پێستی گۆگڵ، هەرچەند هەموو بۆچونەکانم ئاماژە پێ کردوە.

د. شاخوان سيامنصوري.

  ژمارەی بینین 752

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram