كۆساری... قه‌ڵه‌مێكی تیژ و ته‌مه‌نێكی كورت! ژیان چه‌ند درێژ بێت، هێشتا هه‌ر كورته... كه دێوی مه‌رگ چاوه‌ڕوانی كۆتایی هه‌ریه‌كێكمان بێت، كه‌وایه هه‌موومان یه‌كسانین... وه‌لێ هه‌ندێ بنیاده‌م هێنده خێرا دێنه شانۆی ژیانه‌وه و ده‌ڕۆن، ده‌ڵێی سوعبه‌ت ده‌كه‌ن... هه‌یه شه‌ش مانگ ده‌ژی و هه‌یه شه‌ش ساڵ...! شه‌ش مانگه‌كه هیچ، ئه‌وه‌یشی كه شه‌ش ساڵ ده‌ژی هیچ له واتای ژیان تێنه‌گه‌یشتووه و به‌شی ئه‌وه ناكات وه‌ختێ فریشته‌كان پرسیاری دنیای لێ ده‌كه‌ن، بتوانێت به دروستی وه‌ڵامیان بداته‌وه... ئه‌و كه‌سه‌یشی شه‌ست یان ته‌نانه‌ت سه‌ت ساڵیش ده‌ژی شتێكی ئه‌وتۆ له‌وه‌ی كه شه‌ش ساڵ ژیاوه زیاتر نازانێت، وه‌لێ هیچ نه‌بێت خۆی به‌وه قایل ده‌كات بڕێكی باش له‌و ساڵانه‌ی بۆ عومری بنیاده‌م دیاری كراوه، ژیاوه! (كۆساری) له‌و مرۆڤانه بوو هێشتا سڵاوی له دنیای ڕۆشن نه‌كردبوو، به‌جێی هێشت... چاوه‌كانی هێمان به‌باشی به ده‌وروبه‌ردا نه‌كرابووه‌وه، داخران... له‌ناو كورددا قسه‌یه‌كی باو هه‌یه ده‌ڵێت: "خودا هه‌ركه‌سێكی خۆش بوێت زوو ده‌یباته‌وه" يان "كه‌سی باش ته‌مه‌نی كورته"... ڕه‌نگه كۆساری له لای خودا خۆشه‌ویست بووبێت بۆیه زۆر نه‌ژیا. ئه‌گه‌ر زۆر ژیابا چی ده‌ست ده‌كه‌وت كه ئێستا ده‌ستی نه‌كه‌وتووه؟ بۆ نموونه ئێمه‌مانان كه ته‌مه‌نێكی زیاتر له‌و ژیاوین چیمان ده‌ست كه‌وتووه؟ یان ئه‌و چی له ده‌ست داوه كه ئێستا ئێمه هه‌مانه؟ خدر كۆساری سی پاییزی نه‌بینی، كه‌چی ناو و وێنه و ده‌نگ و ئاوازی شیعره‌كانی له گوێ و دڵی فره كه‌سدا هه‌مووده‌م زه‌مزه‌مه‌یانه، وێنه‌ی جووڵاوی وی له شانۆی خه‌یاڵی زۆرێكاندا هه‌میشه ئاماده‌یه و گۆرانی بۆ ژیان ده‌چڕێت و به گژ سته‌مدا ده‌چێته‌وه... كه‌م نییه ته‌مه‌نت نه‌گه‌یشتبێته 28 ساڵ و مه‌لی ناوت له دڵی چه‌ندین مرۆڤی سه‌روو په‌نجا ساڵدا هێلانه بكات. له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌دا زۆر جار گه‌وره‌كان گوێ له كه‌مته‌مه‌نه‌كان ناگرن و نایانبینن، كه‌چی له خه‌یاڵدانی پیره‌كانیشدا (كۆساری) پیرێكی به‌ئه‌زموون و دنیادیده‌یه نه‌ك گه‌نجێك كه له ناوه‌ڕاستی بیسته‌كانی ته‌مه‌ندا... هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر مابا وه‌های ده‌كرد و ئاوها ده‌نووسی... ڕه‌مڵلێدان و خه‌مڵاندنێكی ساویلكانه‌یه، ئه‌و كانیله‌یه‌كی زوڵاڵ و زنه‌ی قه‌دپاڵێكی كوێستان بوو، ئه‌گه‌رچی زوو له‌به‌رچاو ون بوو، وه‌لێ كوێر نه‌بووه‌ته‌وه، هێشتایش چاوگێكی زیندووه و تینوویه‌تی ڕێبواران ده‌شكێنێت. كه چاوێك به دیوانه‌كه‌یدا ده‌خشێنیت، چه‌ند شاره‌زای زمان و شیعری كوردی بیت، زیاتر سه‌رسامی كوردیزانی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی فه‌رهه‌نگی وشه‌زانییه‌كه‌ی ده‌بیت. ڕه‌نگه هۆكاری ئه‌و زه‌نگینییه‌ی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كوڕی ده‌شتوده‌ر و ناو سروشت بووه. له ته‌واوی شیعره‌كانیدا ڕه‌نگی گوڵ و گیا و دره‌خت و ده‌نگی زه‌نگۆلی ملی كاریله و به‌رخ و چریكه‌ی بولبول و قاسپه‌ی كه‌و و تابلۆی ئاڵوواڵای به‌هار و دیمه‌نی گه‌ڵاوه‌رینی پاییز و ده‌نگی شه‌سته‌ی یاران و ساتی هاتنه‌خواره‌وه‌ی كلووی به‌فر و لرفه‌ی لافا و هاژه‌ی ئاو و هاشه‌ی گه‌ڵا و گڤه‌ی با.... گوێ و چاوت ده‌ته‌نن و ده‌ستی خه‌یاڵت ده‌گرن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌تبه‌ن و له دنیای شار و هاڕه‌ی مه‌كینه و فڕه‌ی ماتۆڕ و چڵكی شار داتده‌بڕن... كۆساری ساده بوو، كوڕی هه‌ژار بوو، له ڕیزی خه‌ڵكدا ژیا، مه‌به‌ستێكی دنیایی پاڵی پێوه نه‌ده‌نا، بۆیه هه‌ر زوو بوو به داوه‌وه. ئه‌و هونه‌ری خۆدزینه‌وه و پاشقولدانی نه‌ده‌زانی، دینی بۆ به‌ده‌ستهێنانی دنیا به‌كار نه‌ده‌هێنا، ئه‌سڵه‌ن هه‌ر نه‌یده‌زانی وه‌ها پیلانێك له سه‌ری خه‌ڵكێكدا گه‌رای خستووه. هه‌ر ئه‌و ساده‌ییه‌یشی ئه‌وی له دڵی هه‌زاران كه‌سدا به نه‌مری هێشتووه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌و خاكه‌ڕایی و دڵپاكییه‌یشی ما‌نایان به شیعره‌كانی داوه. مردنی كۆساری له‌و به‌هاری عومره‌دا ئه‌وی نه‌مرتر كردووه. بڕواننه ئه‌م هه‌موو وشه سه‌یره له شیعرێكی ساده‌دا -ته‌نیا چه‌ند به‌یتێكی شیعره‌كه‌م هه‌ڵبژاردووه-: به‌رگی پۆڵام له‌به‌ره ڕه‌مووزنه‌ی داگیركه‌ره **** فیدای ده‌كه‌م سه‌روه‌تم بۆ ڕووه‌كی خوراوم بۆ داری په‌ل شكاوم **** بۆ كه‌وشه‌نی داته‌نیو بۆ لووله‌ی سۆبه‌ی ڕزیو بۆ ساپیته‌ی داغزیو... بۆ كاریته‌ی ناو كلۆر بۆ كونجی بنمیچی زۆر بۆ دیره‌گه‌ی به‌ژنخوار بلووسكه و ئاوباره‌ی دار بۆ باگردانی گلاو سیوسیوه و په‌تكی پساو بۆ پرێسكه و هه‌وڕی شكاو له بن پووتندا قوویاو بۆ هه‌رزاڵی تێك قووپاو كونده و جه‌وه‌ندی ته‌قاو بۆ مه‌شكه و دۆدانه‌ی ڕژاو بۆ كووپه و گۆزه‌ی شه‌ق بوو دیزه‌ی ده‌سك لێوه‌بوو.... بۆ دێراوی پڕبۆوه بۆ شه‌تڵی ئیشكبۆوه بۆ ئاوی چه‌مبه‌ركراو میراوی پاته‌دڕاو بۆ ته‌شیی ده‌ستی پوورێ بینی گرتووه و ده‌سووڕێ... بۆ شوانی گۆپاڵ شكاو بۆ بێری شیر لێڕژاو ڕان و مێگه‌ل و جه‌ڵه‌ب سپی و ڕه‌ش و كلك ڕه‌پ خێڵه‌كیی ده‌می نیسان ڕه‌وه‌ندن به‌ره‌و كوێستان بۆڕه و وشه و ده‌نگی پێ هه‌روا ده‌ڕوا و مۆنجه‌ی دێ....* چه‌ند وشه‌ت به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی و تێی نه‌گه‌یشتی؟ ئه‌وه نووسینی گه‌نجێكه كه ڕه‌نگه له ئانی نووسینی ئه‌و شیعره‌دا ته‌مه‌نی له 25 ساڵ كه‌متر بووبێت! له‌و شیعره‌دا ته‌واوی ژیانی كورده‌واری وێنه كێشراوه، له سۆپای داره‌وه بۆ كاریته‌ی و بنمیچی خانوو.. سه‌ربان و باگردێن... هه‌رزاڵ و كونده و جه‌وه‌نه‌ی ته‌قیو و ته‌شی .. میری پاته‌دڕاو و شوان و بێری.. ڕان و جه‌ڵه‌ب و ڕه‌وه‌ند و ده‌می كۆچ و ده‌نگی ئاژه‌ڵی ئاوێته به ده‌نگی پێی ڕێبوار... چه‌ند گه‌نجی ئه‌م زه‌مانه ئه‌و وشانه‌ی له فه‌رهه‌نگدانه؟ تۆ بڵێ چه‌ند خاوه‌ن قه‌ڵه‌می ناسراو ده‌زانێت نیوه‌ی ئه‌و وشانه بخاته ڕسته‌وه؟ كۆساری جگه له دیوی زمانزانییه‌كه‌ی، پارچه‌یه‌ك بوو له حه‌ماس و دڵسۆزی بۆ باوه‌ڕه‌كه‌ی.. كێ چوزانێت، ڕه‌نگه گه‌ر زیاتر ژیابا كه‌فوكووڵی گه‌رمییه‌كه‌ی وه‌ك زۆرێكان دامركاباوه و به‌وه‌یش ئه‌و جوانییه‌ی ئێستا له خه‌یاڵماندا بۆی دروست بووه، ئه‌و وه‌خت وه‌ك به‌فری كۆتایی زستان توابایه‌وه. بۆیه زوو ڕۆیشتنی به‌شێكه له جوانیی وی. چه‌ند كه‌س له‌و وه‌ختانه‌دا هه‌بوون به پیرۆز سه‌یر ده‌كران و كه‌چی دواتر ئاراسته‌یان گۆڕا و له دڵ تووڕ دران! ته‌ماشای ئه‌م شیعره ساده‌یه، وه‌لێ تا سه‌رئێسقان پڕ له وزه و ڕاستگۆی و دڵسۆزییه بكه‌ن: هۆ ژێرده‌ستانی كوردستان! نه‌و، وا مه‌كه‌ن چاوی گه‌ش و گۆڵی باوه‌ڕ به نه‌شته‌ری خۆشباوه‌ڕی مادوور مه‌كه‌ن! به حه‌په‌حه‌پی دروشمی سه‌ر لافیته‌ی دوومۆره‌كان دوومۆره كلك بۆره‌كان ده‌ست له قۆڵی بڕوا مه‌كه‌ن دوو چاوتان بكه‌ن به چوار و گوێیه‌كانتان بكه‌ن به یه‌ك ئاگاداری بقۆزنه‌وه با نوشته و داد و كشته‌كی فاڵچییه شۆڕشگێره‌كان گوێ شۆڕه هه‌ژارخۆره‌كان سپیتان به ڕه‌ژوو نه‌كه‌ن ڕێتان پێ ئاوه‌ژوو نه‌كه‌ن دڵتان به‌راوه‌ژوو نه‌كه‌ن!** بڕواننه ده‌سته‌واژه‌ی "فاڵچییه شۆڕشگێره‌كان" و بیر بكه‌نه‌وه گه‌نجێكی بیستوحه‌وت ساڵه له گه‌رمه‌ی ڕاپه‌ڕین و و بژی فڵان و فیساری خه‌ڵكدا، ئاوها ئه‌مانه‌ی ناسیوه و خه‌ڵكی له دا‌و و فریویان ئاگادار كردووه‌ته‌وه... كۆساری، ناوێك كه زۆر كه‌س بیستوویانه و خۆشیان ده‌وێت، وه‌لێ هێشتا دنیای شیعر و دنیابینیی ئه‌ویان به باشی نه‌ناسیوه... دروو بۆ ڕووحی ئه‌و گه‌نجه‌ی بوو به قوربانی گه‌مه‌ی گڵاوی سیاسه‌ت و فریای بینینی دنیای ڕووناك نه‌كه‌وت. ئه‌مڕۆ 27 ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدبوونیدا تێده‌په‌ڕێت. * دیوانی كۆساری، ڕێكخستن و پێداچوونه‌وه‌ی شه‌ریف وه‌رزێر. ده‌زگای ته‌فسیر. چاپی چواره‌م 2018، لاپه‌ڕه 327-331 ** هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 334-335 د.هيمن خورشيد