ئایە دروستە کۆکرنەوەی (قوربانی) و (گوێزەبانە) لە یەک ئاژەڵدا؟
پرسیارەکە " کەسێک خوای گەورە منداڵێکی پێدابێت و گوێزەبانەی بۆ نەکردبێ لە کاتی خۆیدا تا گەشتۆتە کاتی قوربانی کردن، ئایە ئەتوانێت یەک ئاژەڵ سەر ببڕێت و نیەتی هەردوکی لێ بهێنێت؟" ئەم بابەتە لە نێوان شەرعزاناندا قسەی جیاوازی لە سەرە و بە کورتی کۆی قسەکان ئەبن بە دوو بەشەوە بەم شێوە:ـ یەکەم: دروستە یەک ئاژەڵ بۆ گوێزەبانە و قوربانی کردن سەر ببڕدرێت، واتە هەردوو پەرستشەکە لە یەک ئاژەڵدا کۆ بکرێتەوە. ئەم بۆچوونەش قسەی هەر یەک لە حەسەنی بەسری و ئیبن و سیرین و قەتادەیە. وەهەروەها مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفە و کۆمەڵێک لە مەزهەبی ئیمامی شافعیە و ڕیوایەتێکە لای ئیمامی ئەحمەدیش، وە بەشێک لە حەنبەلییەکانیش هەمان بۆچانیان هەیە.
بەڵگەکانیان : ١) ئەڵێن هەردوکیان عیبادەتی ڕشتنی خوێنن و لە یەک جنسن لە عیبادەتدا بۆیە دروستە تێکەڵ کردنیان، چونکە لە شەرعدا شتی لەو جۆرەمان هەیە، وەک جەژن و هەینی کۆببنەوە دروستە یەک خۆشۆردن بۆ هەردوکیان، یان گەر کەسێ چوە مزگەوتەوە سونەتی ڕاتیبە بکات سوننەتی (تحیة المسجد) ی لە سەر نامێنێ، یاخود گەر کەسێ دوای تەواو بونی تەواف نوێژی فەرزیش بکات لە بری سوننەتی تەواف ئەکەوێ. ٢) مەبەست لە هەردوو عیبادەتەکە ڕشتنی خوێنە بۆ نزیک بونەوە لە خوای گەورە، واتە بەڵێ عیبادەتەکان جیان بەڵام مەبەستەکان یەکن کە ڕشتنی خوێن و ڕازی کردنی خوایە. ٣) ئەڵێن ئەمە لە گەڵ ڕوحی شەریعەتدا ئەگونجێ چونکە ئاسان کاریە لە سەر خەڵک و شەرعیش فەرمانی بەوە کردوە. دووەم : دروست نیە یەک ئاژەڵ سەر ببڕدرێت بۆ قوربانی و حەوتەمی منداڵ . ئەم قسە بۆچونی بەشێک لە حەنەفییەکان و مەزهەبی ئیمامی مالیک و قسەی دیاری مەزهەبی ئیمامی شافعیە و قسەی زۆربەی حەنبەلیەکان و مەزهەبی زاهیریەکانە. بەڵگەکانیان : ١) دوو عیبادەت و خۆێن ڕشتنی جیایە و نابێ کۆبکرێنەوە، وەک چۆن دوو خوێنی حەجی (التمتع) لەگەڵ خوێنی(الفدية) دا کۆناکرێنەوە بە یەک ئاژەڵ. ٢) هەر یەکەیان عیبادەتێکی جیان و نابێ تێکەڵ بکرێن چونکە ئەسڵ دوو سەربڕینە بۆ دوو شتی جیا. ٣) ئەوە سەر ئەبڕدرێت یەک ئاژەڵەو ناکرێ نیوەی بۆ حەوتەم و نیوەی بۆ قوربانی بێت، چونکە هەر یەکێ لەو عیبادەتانە بە سەرێکی تەواو ئاژەلێ دائەمەزرێت نەک نیوە ئاژەڵ. ٤) ئەسڵ لە عیبادەتا ئەوەیە ئەبێ دەقمان هەبێت، بۆ کردنی ئەم کارەش هیچ دەقێکی لە سەر نەهاتوە کە کرابێت لە لایەن پێغەمبەری خواوە(صل الله عليه وسلم) یان یەکێک لە هاوەڵانەوە. پوختەی قسە: ئەوەی بۆمان دەرکەوت بابەتەکە ڕاجیایی لە سەر بوو لای زانایان بۆ دوو بەرە، بەرەی دروستی و بەرەی نادروستی، هۆکاری ئەم خیلافەش بۆ دوو شت ئەگەڕێتەوە، یەکەم هیچ دەقێک لەم باسەدا نەهاتوە، دووەم بابەتی تێکەڵ کردنی عیبادەت کە بابەتێکی خیلافیە، وەک خۆشۆردن لە لەشگرانی و هەینی، نوێژی فەرز لەگەڵ(تحية المسجد)، وە چونکە بابەتی عیبادەت پێویستی بە بوونی بەڵگەی شەرعی هەیە منیش ئەو بۆچونەم بەلاوە پەسەند ترە کە دروست نیە یەک ئاژەڵ بۆ هەردوکیان بکرێت، لەگەڵ ئەوەی گەر کەسێکیش بە هۆکارێک لە هۆکارەکان ئەنجامیدا نابێ پێی بوترێ قەبوڵ نیە و لۆمە بکرێ چونکە هیچ نەبێ قسەی ئەم سێ زانا گەورەی لەسەرە. ئیمامی حەسەنی بەسری ئەفەرموێت" وإذا ضحي عنه أجزأ ذلك عنه من العبيقة" المصنف: عبدالرزاق، ٧٩٦٦. ئیمامی ئیبن سیرین ئەفەرموێت " يجزء عنه الأضحية من العقيبة" المصنف : ابن أبي شيبة، ٢٤٧٣٥. ئیمامی قەتادە فەرمووی " من لم يعق عنه أجزأته أضحيته" المصنف: عبدالرزاق، ٧٩٦٧. ئیمامی شمس الدين الرملي ئەفەرموێ" ولو نوى بالشاة المذبوحة الأُضحيةَ العقيقةَ حصلا، خلافاً لمن زعم خلافه". نهاية المحتاج: الرملي، ٨/ ١٦٨. سەرچاوەکان: ١) تحفة المحتاج بشرح المنهاج: الهيتمي. ٢) بدائع الصنائع في ترتيب الشرائع: الكاساني. ٣)نهاية المحتاج الى شرح المنهاج: الرملي. ٤) تحفة المودود بأحكام المولود: ابن القيم. ٥) الإنصاف في معرفة الراجح من الخلاف: المرداوي. ٦) رد المحتار على الدُّر المختار شرح تنوير الأبصار: ابن عابدين. ٧) الذخيرة في فروع المالكية : القرافي. ٨) المحلى بالآثار: ابن حزم. ✍️ وەڵامدانەوەی: د. شاخوان سيامنصورى
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.