سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئايا كۆمارى كوردستان ئيسلامى بوو.؟
ئايا كۆمارى كوردستان كۆمارێكى ئيسلامى بوو، يان عەلمانى.؟ شيكارييەكى مێژوويى لەسەر كۆمارەكەى قازى محمد (ڕەحمەتى خواى لێبێت).
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3903

ئايا كۆمارى كوردستان كۆمارێكى ئيسلامى بوو، يان عەلمانى.؟

شيكارييەكى مێژوويى لەسەر كۆمارەكەى قازى محمد (ڕەحمەتى خواى لێبێت). 

كۆمارى كوردستان، يان مەهاباد، لە رۆژهەڵاتى كوردستان لە بەروارى (22/1/1946) زايينى، لە شارى مەهاباد لەلايەن جەنابى پێشەوا قازى محەممەدەوە دامەزرا، وە دامەزرێنەران و ئەندامانى ئەو حكومەتە سەرتاپاى خەڵكانى زاناو مەلاو پسپۆڕو خواناس و شۆرشگێڕ بوون..

لە ڕاستيدا هەر جوڵانەوەيەكى ڕزگاريخواز لە رۆژهەڵاتى كوردستان هاتبێتە ئاراوە، وەك جوڵانەوەو شۆرشەكانى: شێخ عەبدوڵڵاو شۆرشى سمكۆى شوكاك و شۆرشى سابڵاغ ، هەموو ئەمانە لەسەر بيروباوەڕو داب و نەريتى كوردەوارى و دوور لە بيرى نامۆ دامەزراون و كاريان كردووە.

كۆمەڵەى ژيانەوەى كورديش كە كۆمەڵەيەكى ئيسلامى نيشتمانى بوو لەسەر دەستى (مەلاى داوودى) لەشارى مەهاباد دامەزراو لەگەڵ هاتنى قۆناغى نوێ لە ساڵى (1942)ى زايينى كە جەنگى جيهانى دووەم ڕوويدا، كۆنگرەى دووەمى خۆى بەست و (عبدالرحمن زەبيحى) بوويە سكرتێرى حزب و ئەم پياوە گۆشكراوێكى ناو حوجرەكانى سابڵاخ و گوندەكانى دەوروبەرى بوو.
ئيتر دواى ئەو قۆناغە كۆمەڵەى (ژ+كاف) كەوتە مەيدانى كاركردنێكى سەرەكى و وردە وردە پەرەى سەندو كاديرەكانى دەستيان كرد بە بڵاوكردنەوەى نيشتمان پەروەرى و سەربەخۆيى كوردستان.
دواتر ئەندامانى كۆمەڵەى ژيانەوە هاتنە سەر ئەو بيرۆكەيەى كە كۆمەڵەكەيان پێويستى بە سەردارێكى لياقەتدار هەيە بۆ بەرێوبەرايەتى كۆمەڵەكە، ئەوەبوو هاتنە سەر ئەو ڕايەى كە تەكليف لە جەنابى قازى محمد بكەن تا بێتە ناو كۆمەڵەكەو پاشان ئەو ئەركە قورسە بگرێتە ئەستۆ.

هۆكارەكانى هەڵبژاردنى قازى محمد بۆ ئەو پۆستە گەورەو گرنگە:

- بەرەى قازيانى مەهاباد زۆر لە مێژ بوو ناوو ناوبانگيان هەبوو لە دڵى خەڵكانى مەهابادو موكريانداو جێى خۆيان كردبووەوە.
- وڵاتى كوردەوارى پاپەندى ديانەت و ئاشناى مەلايان و زاناو دانايانبوون.
- قازى محمد پايەو مەركەزى باوباپيرى و زانياريى و زمانزانى و دەست رۆشتوو بوو، بۆيە جێگاى چاوتێڕوانينى خەڵكى مەهابادو موكريان بوو.
- قازى عەلى، بابى پێشەوا قازى محمد كوڕى ميرزا قاسمى كوڕى ميرزا ئەحمەدى كوڕى ميرزا قاسمى گەورە بوو، ئەوانيش لەپێشدا شوێن و ئاگردانيان بۆ قازى محمد بەجێ هێشتبوو، بەتايبەت قازى عەلى كە لە ساڵى 1938ى زايينى كۆچى دوايى دەكات و قەزاوەت و فەتوا دەگەڕێتەوە بۆ قازى محمد كە ئەوەندەى دى پلەو مەكانەتى پێشەوا بەرزتر كردەوە.
- كەسايەتى و مەلايەتى قازى محمد برەوێكى زۆر بەرچاوو ئەكتيڤى بەخشييە كۆمەلەى (ژ+ك) و هەموو مەلاكانى موكرييان لە شارو گوند خزمەتێكى گەورەو بەرچاويان دەكردو هەر مەلايەك لە گوندو شوێنى خۆى بوبوويە وتەبێژو ئەندامێكى چالاكى كۆمەڵەى ژيانەوە.

ئايدۆلۆژياو بيروباوەڕى كۆمەڵەى ژيانەوەى كورد:

پەيڕەوو پرۆگرامى كۆمەڵەى ژيانەوەى كورد كە لە كۆنگرەى دووەمى ئەو كۆمەڵەيەدا بە كۆى دەنگ چەسپاو دانى پێدا نرابوو، بريتى بوو لە: (ئيسلامەتى، كوردايەتى، مەدەنييەت، سوڵح و ئاشتى خوازى)، وە هەموو ياساو ڕێساكانى كۆمەڵەى ژيانەوە لەگەڵ شەريعەتى پيرۆزى ئيسلامدا جێبەجێ دەكرێ و پاشان دەخرێتە كار.
لە بەندێكى ديكەى ئايدۆلۆژياى كۆمەڵەى ژيانەوەدا هاتووەو دەڵێ: (بەبۆنەى موتەدەيين بوونى بەشى زۆرى نەتەوەى كورد بە دينى ئيسلام، كۆمەڵەى ژيانەوە لە كوردستان تەنها دينى پيرۆزى ئيسلام بە فەرمى دەناسێ و بۆ بڵاوەپێكردن و تەرويجى شەريعەتى ئيسلام و بەجێگەيشتنى، هەموو رێوشوێنێكى ئيسلامەتى تێ دەكۆشێ و لەگەڵ مونافيقاندا بە توندى بەربەرەكانێ دەكات).

ئامانجەكانى كۆمەڵەى ژيانەوەى كوردستان:

ئامانجەكانى كۆمەڵەى ژيانەوەى كوردستان گشتگيرى بوو بۆ كوردو كوردستان و بە پلەى يەكەم بۆ ڕزگاركردنى كوردستانى ئێران بوو لەژێر دەسەڵاتدارييەتى دەرەكى و بونيادنانى حكومەتى كۆمارى لە گەلى كورد خۆيى و ئەمەش لەسەر ڕێڕەوى: (ئيسلامييەت، كوردايەتى، مەدەنييەت، سوڵح و ئاشتيخوازى).

بوارى ڕاگەياندن و رۆژنامەوانى كۆمەڵەى ژيانەوەى كورد:

كۆمەڵەى ژيانەوە لە كۆنگرەى دووەميدا بڕياريدا گۆڤارێك وەك زمانحاڵى فەرمى خۆيان بەناوى (نيشتمان) بڵاو بكەنەوەو تەنها (9) ژمارەش لەم گۆڤارەيە بڵاوبوويەوەو بۆ ئەم مەبەستەش ژمارە يەكى گۆڤارى نيشتمان لە مانگى حوزەيرانى ساڵى 1943ى زايينى چاپ و بڵاوكرايەوە، وە لەلاپەڕە يەكداو لەناو وێنەى خۆرێكدا ئايەتێكى قورئانى پيرۆز نووسرابوو كە دەفەرموێ: (كم من فئة قليلة غلبت فئة كثيرة باذن الله..).
- لە ژمارە دووى گۆڤارى نيشتمان لەسەر درووشمەكەى (ژ+ك)دا ئايەتى: (ومن يتوكل على الله فهو حسبه) نووسرابوو.
- لە ژمارە سێى و چوارى گۆڤارى نيشتماندا لەسەر درووشمى (ژ+ك)دا ئايەتى: (نصر من الله وفتح قريب) نووسرابوو.
- لە ژمارە پێنجى گۆڤارەكەدا لەسەر درووشمى (ژ+ك) ئايەتى: (وتعاونوا على البر والتقوى) نووسرابوو.
- لە ژمارە شەشى نيشتمانداو لەسەر درووشمى كۆمەڵەكەدا ئايەتى: (إن الله يأمر بالعدل والاحسان) نووسرابوو.
- لە ژمارەكانى (7+8+9) دا لەژێر درووشمى (ژ+ك)دا (كل حزب بما لديهم فرحون) نووسرابوو.

ديارييەكەى هەيئەى مەركەزى حيزبى ديموكرات بۆ پێشەوا قازى محمد:

دواى دامەزراندن و ڕاگەياندنى كۆمارى كوردستان لەلايەن پێشەوا قازى محمدەوە، رۆژنامەى (كوردستان)ى مەهاباد، ژمارە (14)، بەروارى: (13/2/1946) هەواڵێكى بڵاوكردەوە كە هەيئەى مەركەزى حيزبى ديموكراتى كوردستان ديارييەكى پێشكەش بە جەنابى پێشەوا قازى محمد كە ئەمە دەقى هەواڵەكەيە: لەسەر قەرارى هەيئەتى مەركەزى حيزبى ديموكراتى كوردستان، بڕيار درا ديارييەكى تايبەت كە وەسيلەى گەياندن و بيروباوەڕى دەروونى گەلى كورد بێت پێشكەش بە جەنابى رەئيس جمهورى كوردستان بكرێ، زۆريان بيركردەوەو تێفكرين كە باشترين ديارى بۆ جەنابى پێشەواو حكومەتەكەى جەڵدێك لە قورئانى پيرۆز بێت لەگەڵ دوو بەرماڵ، پاشان لەسەر مێزى جەنابى قازى محمد دانراو ئاغاى حەيدەرى وتى: (لە خودا دەخوازم ئەم قورئانه يارو ياوەرى دونياو دينت بێت). دواتر جەنابى رەئيس جومهور قورئانەكەى هەڵگرت و وتى: (ئەمرۆ بۆ نەتەوەى كورد لە قورئان عەزيزترو گەورەتر نييە، ئەوا قورئانى گەورەم قەبوڵكردو دوو بەرماڵەكەشم بەخشييە حيزب..)، هەروەها ئاغاى غەنى خوسرەوى گوتى: (قوربان ئێمە شتێكمان لە قورئان گەورەتر نەبوو، كە بە پێشەواى بەرزى هەديە بكەين، بۆيە قورئانمان دياريكردى و حازرين گيان و ماڵمان لە پێناو جەنابتان بەخت بكەين).

ئەوەى پێويستە بوترێ:

كۆمەڵەى ژيانەوەى كورد كە جەنابى پێشەوا قازى محمد سەرۆكايەتى دەكردو دواتر بوويە بنچينەو بناغەى دامەزراندنى كۆمارى كوردستان، هەڵێنجراوى ناوكرۆكى كوردەوارى بوو، دامەزرێنەران و كەسەيايەتييەكانى ئەم كۆمەڵەيە كەسانى ئەهلى عيلم و مێزەرو خەڵكانى خوێندەوارو شاعيرو ئەديب و نووسەرانى بەناوبانگ بوون، كەسانى دەستپاك و دەم پاك و خاوەن نەژاد بوون، بەهيچ جۆرێك بيروباوەڕو ئايۆلۆژياى نامۆيان نەهێنايە ناو كۆمەڵگەى كوردى، ئامانجى ديارو بەرچاوى ئەم كۆمەڵەيەش ڕزگاركردنى كوردو كوردستان بوو، ئەم ئەركە گەورەيەش هەميشە بە پياوانى ديندارو خاوەن عيززەت بەڕێوە چووە، بۆيە خەڵكى موكريان و شارى مەهاباد تەواوى دەنگى خۆيان دايوويە پاڵ كۆمەڵەكەى پێشەوا قازى محمد، چونكە دەيانبينى كە پياوانى ڕوو سپى و عەمامه بەسەرەكان دەسترۆشتووى ناو كۆمەڵەن.
ديارە ئەم هۆكارەش سەرەكيترينى هۆكارن بۆ سەركەوتنى هەر گەلێك كە بيەوێ بەسەر دوژمنانيدا سەر بكەوێ.

ئێستا پرسيار دەكەين كە: ئايا ميراتگران و درێژە پێدەرانى ئەم شۆرشە ئيسلامييەى رۆژهەڵات كە مەلاو عەمامە سپى و ئەديب و نووسەران و شاعيران درووستيان كرد، بەكوێ گەيشتووەو لەسەر ئەو وەسيەت و ڕاسپاردەيەى جەنابى پێشەوا ماون.؟ ئايا ئەو قورئانەى پێشكەش بە جەنابى قازى محمد كرا چى لێهات.؟ كوا دوو بەرماڵەكەى كە جەنابى پێشەوا خەڵاتى كرد بە حيزبى ديموكراتى كوردستانى ئێران.؟!

ئامادەو نووسینی: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 179

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram