سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئايا حكومەتەكەى شێخ مەحمود ئيسلامى بوو.؟
ئايا حكومەتەكەى شێخ مەحموودى حەفيد ئيسلامى بوو يان عەلمانى.؟ شيكارييەكى مێژوويى لەسەر شۆرش و حكومەتەكەى شێخ مەحموودى حەفيد لە سلێمانى "ڕەحمەتى خواى لێبێت".
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3904

ئايا حكومەتەكەى شێخ مەحموودى حەفيد ئيسلامى بوو يان عەلمانى.؟

شيكارييەكى مێژوويى لەسەر شۆرش و حكومەتەكەى شێخ مەحموودى حەفيد لە سلێمانى "ڕەحمەتى خواى لێبێت".

 گەورە پياوانى كورد لە مەلاو زانايان و شێخان و هەڵگرانى پەيامى ئيسلام، هەميشە لە پێشەنگى موقاوەمەو بەرگريكردندا بوون لە مافى ڕەواى شەرعى گەلەكەيان و هەرگيزاو هەرگيز ڕازى نەبوون بە ملكەچى و زەليلى نەتەوەكەيان و دژى داگيركەران و زلهێزانى سەردەمى خۆيان وەستاونەتەوەو خوێنى خۆيان لە پێناوى ئيسلام و سەربەرزى نەتەوەكەيان بەخت كردووە.

* شێخ مەحموودى حەفيد، كوڕى شێخ سەعيد، كوڕى شێخ محمد، كوڕى خواناس و بانگخوازى ناودارى كورد كاك ئەحمەدى شێخە، لە نێوان ساڵەكانى (1881 تا 1956) زايينى ژياوە.

* دژى ئينگليزى داگيركەر شۆرشى بەرپاكردووە لەبەر ئەوەى پەيمانى (سيڤەر)يان نەبردە سەر، كە توركەكان بەڵێنيان تێد ادابوو بە سەربەخۆيى كوردستان. 

* هەروەها لە ساڵى 1915ى زايينى دواى ئەوەى عێراق دەكەوێتە بەر داگيركارييەكى بەرچاوى بەريتانييەكان، لەسەر داواكارى زانايان و مەداريسە ئيسلامييەكانى باشوورى عێراق جموجوڵێكى سەربازى فراوان و بەرچاو لە ناوچەكانى سلێمانى و موسڵ و هەولێر بەسەرپەرشتى گەورە ناودارانى ئەوكاتى كوردستان لەنێوانياندا شێخ مەحموودى حەفيد بە خۆيى 1000 ئەسپ سوارەوە بەرەو باشوور بەرێ دەكەون و لەژێر پەرچەم و بەيداخى جيهاد دژى داگيركاران دەجەنگن و تێدەكۆشن.

* هەروەها دژى ڕوسياى قەيسەريش جەنگاوە لەكاتى داگيركردنى ئێراندا.

* لە ساڵى (1919)ى زايينى بە پشتيوانى و هاوكارى مەحموودخانى دزڵى لە هەورامانەوە هێزەكانى ئينگليزيان لە شارى سلێمانى دەرپەڕاندو سەربەخۆيى كوردستانيان لە بەشى زۆرى (ويلايەتى موسڵ)ى ئەوكاتە ڕاگەياند.. ئينگليزە داگيركەرەكان پاش شەڕێكى قورس شێخ مەحموودى حەفيديان بەبريندارى لەبەردە قارەمانى بازيان بە ديل گرت و گواستييانەوە بۆ شارى بەغدادو دواى دادگاييكرنى حوكمى لەسێدارەدان بۆ شێخ مەحموود دەر دەكەن، پاشان لەبەر گوشارى كوردو كاردانەوەى بڕيارەكە، حكومەتى ئەوكات بريارى لە سێدارەكەيان گۆڕى بە دوورخستنەوەى شێخ بۆ هيندستان.

* دواتر لە ساڵى 1922ى زايينى، بۆ بەرژەوەندى خۆيان ئينگليزەكان ناچاربوون (شێخ) بهێننەوەو بيكەنەوە بە حوكمڕانى كوردستان، بەڵام زۆرى نەخاياند "شێخ" لەگەڵ ئينگليزەكاندا تێكچوويەوەو لە ساڵى 1923ى زايينى توانى ئينگليزەكان لە شارى سلێمانى دەر پەڕێنێت.. ئەمەش بەداخەوە زۆرى نەخاياندو بە هاوبەشى هێزەكانى عێراق و بەريتانيا پەلامارى شارى سلێمانيانداو شێخ و حكومڕانييەكەيان لەناو بردو بەناچارى شێخ بەرەو كوردستانى رۆژهەڵات بەرێكەوت و لەوێ گيرسايەوە.

* دواتر لە ساڵى 1927ى زايينى شێخ مەحموود لەگەڵ حكومەتى عێراقى ڕێك دەكەوێت كە لەدەرەوەى كوردستان و لە (گوندى پيرانى رۆژهەڵات) بمێنێتەوە.. بەڵام لە ساڵى 1930ى زايينى جارێكى تر جەنابى شێخ شۆرشى هەڵگيرساندەوەو ناوچەى شارباژێرى گرتەوە.. دواجار لەبەر بۆمبارانى توندنى فرۆكە بەريتانييەكان، شۆرش بۆ جارێكى دى شكستى هێناو لە ساڵى 1931ى زايينى شێخ خۆى تەسليم بە حكومەتى عێراقى كردەوە.

* پاشان جەنابى شێخ تا ساڵى 1941ى زايينى لە بەغداد مايەوەو دواى تێكبەردان و پێكدادانى نێوان سوپاى ئينگليزو سوپاى عێراقى شێخ مەحموود هەلەكەى قۆستەوەو گەڕايەوە شارى سلێمانى.

* شێخى شۆرشگێڕو خەمخۆر نموونەيەكى بێ وێنەى لە هەستى پاكى دينداريى و نەتەوەيى يەكەم مەليكى كوردستان پێشكەش بە نەتەوەكەى كرد كە لەساڵانى 1918 بۆ 1922 سێ جار چووەتە سەر تەختى حوكمڕانيى، بەڵام بە پيلانى ئينگليزو فيتى نۆكەرانى لە عێراق، نەيانهێشت خۆيى و ميللەتەكەى بە ئاواتى ڕەواى خۆيان بگەن.

* شێخ مەحمووى حەفيد پاش تەمەنێكى پڕ هەورازو نشێوو كۆڵنەدانێكى بێ وێنە لە موقاوەمەت و جيهادو تێكۆشان دژى بەريتانياو توركەكان و هێزەكانى ڕووسيا، لە مانگى تشرينى يەكەمى ساڵى 1956ى زايينى لە شارى سلێمانى كۆچى دوايى دەكات و لە تەنيشت گۆڕى كاك ئەحمەدى شێخ لە سلێمانى لە مەراسيمێكى بێ وێنەدا بەخاك دەسپێردرێت.

* ئەوەى پێويست و مەبەستە لەم ڕاپۆرتەدا باس و خواستى ڕۆڵى ئايينى و كاريگەرييەكانييەتى لەسەر شۆرش و حكومەتەكەى شخ مەحموودى حەفيد، كە تا چەند شێخ و مەليكى كوردستان كاريگەرى ئايين و خۆشەويستى ئيسلامى لەسەر بووەو لەو پێناوەدا جيهادو تێكۆشانى كردووە.

هەڵوێستە جوامێرو ئايينييەكانى شێخى قارەمان لە ماوەى حوكمڕانيەكەيدا:

1- شۆرش و حكومەتەكانى شێخ مەحموود تەنها بۆ ڕەواندنەوەى خەمى كۆس كەوتووى بابانەكان و پڕكردنەوەى ئەو كەلێنە بوو، كە ئەمەش دەستپێكى هەنگاوێكى نوێى مێژووى خەباتى ڕزگاريخوازى نەتەوەى كوردستان بوو، بۆ خۆ قوتاركردن لە پاشكۆيەتى و پشت بەستن بە خۆبەستن و دامەزراندنى حوكمى خۆماڵى.

2- لە گۆڤارى (بانگى حەق) كە لە ساڵى 1923ى زاييندا لە ئەشكەوتى (جاسەنە)ى نزيك (سورداش)ى سەر بەقەزاى دوكانى پارێزگاى سلێمانى دەرچووە، لە يەكەم ژمارەى كە دواى بۆمبارانى ئينگليزە خوێن تاڵەكان بۆ شارى سلێمانى و ئاوارەبوونى شێخ و سوپاكەيى و زۆربەى دانيشتوانى ئەو شارە، شێخ مەحموود "بەرەحمەت بێت" وتارێك دەنووسێت و پاش ناوى خواى گەورەو ئايەتى (إنما المؤنون إخوة) دەڵێت:
(مەقصەدو غايەمان سەعادەت و سەلامەتى ئيسلام و قەومى نەجيبى كوردە، ئێمە بە دوو ڕابيتە براى يەكين، ئەوەڵەن: ئيسلامين و دووەمەن: كوردين، ئێمەى وەها يەك دڵ و يەك ئەمەل كردووە كە هيچ كەس ناتوانێ بەهيچ لەونێ لەيەكمان جيا بكاتەوە).
پاشان شێخى موجاهيد لە درێژەى نامەكەيدا لە (گۆڤارى بانگى حەق)دا دەڵێت:
(ئێمە هەتا ڕۆحمان لە بەدەنمانا بێت، بۆ ڕزگاريى و ئيعتيلاى ئيسلام و ميللەتى كورد بەعەزم و ئيمانێكى تەواو صەرفى ئيمان و مەقدەرەت ئەكەين، پشتمان بە خوداو رۆحيانەتى حەزرەتى كائينات قاييمە. (حسبنا الله ونعم الوكيل، نعم المولى ونعم النصير).

3- لە ژمارەى سێيەمى هەمان گۆڤاردا شێخى مەليكى كوردستان ڕوونكردنەوەو ڕێنمايى بۆ سوپاو سەرلەشكرو مەفرزەكان دەنووسێ و بەرچاو ڕوونيان دەكاتەوەو دەڵێت: ئێمە ئەساسەن بۆ ئيسراحەت و سەعادەتى ئيسلام و كورد قەبوڵى هەموو موشكيلاتێكمان كردووە، لەسەر ئێمە واجيبە هەموو ئارەزوويەكى ميللەتى ئيسلام و كورد بەجێ بێنين. لەبەر ئەوە ئێوەش ئەم تەعليماتانە بگرنە بەر .(وماالنصر الا من عند الله).

4- لە نامەيەكيدا بۆ شێخ عبدالقادرى (دۆزەخدەرە)ى نزيك سەقزى كوردستانى رۆژهەڵات، شێخ مەحموود دەنووسێ: (ئامانج و هەوڵى من بۆ پارێزگارى ئايين و ئەم كۆمەڵە كوردە ئيسلامەيە.. بۆ پاراستنيان لە ژێر پەنجەى كافران، چونكە ئێمە بۆ زيندووكردنەوەى ئايين تێدەكۆشين).

5- لە نامەيەكى ديكەى شێخ مەحموود دا كە لە بەروارى 13/9/1930 زايينيدا بۆ حاجى بابە شێخى مەهاباد (كە دواتر بووە بە سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزيرانى كۆمارى كوردستان) نووسيوەو ئامۆژگارى دەكاو دەڵێت: (تكاو خۆزگەشم ئەوەيە كە ئەو پلەوپايەو ڕێزەى لە سايەى خوداوە ئێستا هەتانە، بيقۆزنەوەو كاروبارى موسوڵمانانى پێ راپەڕێنن، من پێم وايە ڕەزامەندى خواى مەزن دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەو مانەوەى هەميشەيى).

ئەمەو دەيان بۆچوون و هەڵوێستى مەردانەو ديندارانەى شێخى تێكۆشەرو ماندوونەساس كە بەڵگەن لەسەر ديندارى و ئايينپەروەرى شێخ مەحموودى حەفيد لە شۆرش و تێكۆشانيدا دژى تورك و ئينگليزو ڕووسەكان.. تا دوا ساتەكانى خەباتيشى لەسەر ئەم حاڵەتەى ماوەتەوەو حارز نەبووە نە دين و نە خاك و نە ميللەتى خۆى بە بێگانەو دوژمنانى بفرۆشێ و هەرگيز خيانەتى لە گەلى كوردستان نەكردووە.

* ئەوانەشى پێيان وايە كە جەنابى شێخ مەحموود پابەندە ئايينييەكەى كاريگەرى سلبى هەبووە لەسەر لايەنى نەتەوەيى و چالاكى سياسى و ديپلۆماسى، هەمان ڕەخنەش دەرهەق بە شێخ سەعيدى پيران و پێشەوا قازى محمد دووبارە دەكەنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەى ئەم پياوە گەورانەى نەتەوەى كوردستان كردوويانە، لە پێكەوە گرێدانى خەباتى ئيسلامى و نەتەوەيى، يان توانيبێتيان ئيسلام لە چوارديوارى مزگەوت بێننە دەرێ و بيگەيەننە سەر كورسى دەسەڵات و فەرمانڕەوايى.

 ئەمە خۆى بۆ خۆى دەمكوتييەكە بۆ ئەوانەى كە پێيان وايە ئايينى ئيسلام تەنها پەيوەندييەكە لە نێوان مرۆڤ و خوداو كارى بەسەر كۆمەڵگاو دەسەڵات و سياسەت و نەتەوەگەرييەوە نييە.

پاشان ئەم مێژووە پرشنگدارەى شێخ مەحموودى حەفيد ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئايينى ئيسلام و نەتەوەى كورد دوو دوانەى پێكەوە گرێدراون و ناكرێ و نەگونجاوە لە يەك جودا بكرێنەوەو ئەوانەشى لە هەوڵى جياكردنەوەى ئيسلام و نەتەوەى كورد دان، پشتييان لە باوو باپيران و سەركردەو خەباتگێڕانى خۆيان كردووە لە نموونەى شێخ مەحموودى حەفيدو پێشەوا قازى محمد و شێخ سەعيدى پيران و دەيان و سەدان كەڵە پياوى دى لە كوردستانى گەورەدا.

هەروەها مێژووى ئەم گەورە شۆرشگێڕانەى كوردستان ئەوەمان بۆ دووپات دەكەنەوە كە پشت بەستن بە بێگانەو وڵاتانى ڕۆژئاوايى، تەنهاو تەنها كات كوشتنەو هەرگيزاو هەرگيز بێگانەو وڵاتانى رۆژئاوايى بەرژەوەندى گەلى كوردستانيان نەويستووەو مێژووش ئەو شاهيدييەمان بۆ دووپات دەكاتەوە. 

- ئێستا دەپرسين:

  ئايا خەڵكى ئيسلامپەروەرى كوردستان بە وەفاو بە ئەمەك و جێ پێ هەڵگرى باوو باپيران و شۆرشگێڕانييەتى.؟ يان خەڵكانى دى.؟ 

ئايا خەڵكى ئايين پەروەرو نيشتمان پەروەر.. درێژە پێدەرى خەباتى ئيسلامەتى و نەتەوايەتى شۆرشگێڕەكانمانن يان خەڵكانى دى.؟

ئامادەو نووسینی: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 170

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram