سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  فرۆشتنی دۆلاری کۆن بە دۆلاری نوێ.؟
حوکمی فرۆشتنی دۆلاری کۆن بە دۆلاری نوێ.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4001


حوکمی فرۆشتنی دۆلاری کۆن بە دۆلاری نوێ.؟

 لە بازاڕەکاندا دوو جۆر دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت:

دۆلاری سپی (ئەو دۆلارەیە کە چاپەکەی پێش ساڵی (٢٠٠٩)یە و دۆلاری شین (ئەو دۆلارەیە کە دوای ساڵی(٢٠٠٩) چاپ کراوە.
بوونی ئەم دوو جۆرە دۆلارە بوتە هۆی دروستبوونی کێشە لە کاتی کڕین و فرۆشتندا، بەتایبەتی لە کاتی گۆڕینەوەی دۆلاری کۆن بۆ دۆلاری نوێ.
بۆیە پێویستە ئەم بابەتە لە ڕووی فیقهی ئیسلامیەوە ڕوون بکرێتەوە تا بریانی تایبەت مەند توشی سوو نەبن.

 حوکمە شەرعییەکەی:
لە شەریعەتی ئیسلامدا حەرامە و نادروستە دۆلاری کۆن بگۆڕدرێتەوە بە دۆلاری نوێ لەگەڵ وەرگرتنی  زیادەیەک لە یەکەوە؛ چونکە ئەمە لە ڕیبای فەضلە کە بە فەرموودەی سەحیح و کۆدەنگی زانایان قەدەغە کراوە.

هۆکاری حەرامبوون:
هۆکاری ئەم قەدەغەیە ئەوەیە:
١- دۆلاری کۆن و دۆلاری نوێ یەک جۆری دراون و یەک جنسن.
٢- دراوە کاغەزییەکان لە فیقهی ئیسلامیدا هاوشێوەی زێڕ و زیون و هەمان ئەحکامی ڕیبا لەسەریان جێبەجێ دەکرێت.
پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێ :
"الذهب بالذهب، والفضة بالفضة… مثلاً بمثل، سواءً بسواء، يدًا بيد، فمن زاد أو استزاد فقد أربى". 
واتە: زێڕ بە زێڕ، زیو بە زیو… یەکسان بە یەکسان، دەست بە دەست؛ هەر کەس زیادە وەربگرێ یان داوای زیادە بکات، ڕیبای کردووە.

 بە پێی ئەم بنەمایە، ئەگەر دۆلاری کۆن بە دۆلاری نوێ بفرۆشرێت:
١- پێویستە بڕەکان یەکسان بن. 
٢- وە دەستبەجێ و دەست بە دەست بێت. 
هەر زیادەیەک بۆ هەر  لایەنێک، بە کۆدەنگی زانایان ڕیبای فەضلە و نادروستە.

 ئایا کۆنبوونی چاپ حوکمەکە دەگۆڕێت؟
کۆنبوونی چاپ یان جۆری دۆلار حکمە شەرعییەکە ناگۆڕێت مادام:
١- لە بازاڕدا بەکاردهێنرێت. 
٢- وە بە فەرمی پەسەندکراوە.
بەڵام ئەگەر دۆلارەکە خراپ بووبێت و لە مامەڵەدا وەرنەگیرێت:
ئەوا وەک دۆلار مامەڵەی پێوە ناکرێت، بەڵکو وەک کەل‌وپەلی بازرگانی هەژمار دەکرێت، و بە نرخی بازاڕی خۆی مامەڵەی پێوە دەکرێت، نەک بە نرخی دراو.

ڕێگای شەرعی و دروست:
بۆ دووربوون لە ڕیبا، ڕێگای شەرعی ئەوەیە:

١- سەرەتا دۆلاری کۆن بە پارە دەفرۆشرێت.
٢- پاشان بەو پارەیە دۆلاری نوێ دەکرێت.
بە مەرجی دوو عەقدەکە تەواو جیاواز بن، و هیچ مەرجێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا نەبێت.

 پوختەی قسە:
فرۆشتنی دۆلاری کۆن بە دۆلاری نوێ لەگەڵ زیادە لە شەرعیدا ڕێگەپێنەدراوە، چونکە لە ڕیبای فەضلە، و ڕێگەپێدراو بریتییە لە یەکسانی بڕ، دەستبەدەست، یان جیاکردنەوەی دوو عەقد بە شێوەی شەرعی.

 وەڵامدانەوەی: مامۆستا مەلا شاخوان سيامنصوري

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 80
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram