تەفسیری (القرآن العزيز)ی ئیبن ئەبی زەمەنین. 🔸 کورتەیەک دەربارەی نووسەر: ناوی (محمد بن عبدالله بن عيسى بن محمد)، ناسراوە بە (ابن أبي زمنين)؛ ئەم نازناوەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە. باوکی ناوی (عبدالله) بووە و پیاوێکی زۆر چاکەکارو خواناس بووە. وشەی (زَمَنَيْن) لە عەرەبیدا واتە "دوو کات"، کە مەبەست لێی شەو و ڕۆژە. لەبەر ئەوەی باوکی شەو و ڕۆژی پێکەوە گرێ دابوو بە پەرستش و پێیان دەوت (أبو زمنين). نووسەر ساڵی ٣٢٤ی کۆچی لە ئەندەلووس لەدایک بووە و لە شاری ئیلبیرە ژیاوە. لە ساڵی ٣٩٩ی کۆچی و لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا، هەر لە ئیلبیرە وەفاتی کردووە و نێژراوە. پێگەی زانستی و عەقیدەی: یەکێک بووە لە زانا گەورەکانی مەزهەبی مالیکی لە ئەندەلوس. زانایەکی فەرموودەناس، شەرعزان و ئەدیب بووە. لەسەر عەقیدەی سەلەفی ساڵح بووە و لە ڕیزی زانایانی (أهل الحديث) هەژمار دەکرێت. زۆر توند بووە لەسەر پەیڕەوکردنی سوننەت و دژایەتیکردنی بیدعە. 🔸 مامۆستا و قوتابییەکانی: – گرنگترین مامۆستاکانی: باوکی (عبد الله بن عيسى)، (إسحاق بن إبراهيم الطليطلي)، (سعيد بن فحلون) و (وهب بن مسرة الحجاري). – دیارترین قوتابییەکانی: (أبو عمرو الداني)ی خاوەنی کتێبی (التیسیر)، (أبو عمر بن الحذاء) و (أبو إسحاق إبراهيم بن مسعود التجيبي). 🔸 ستایشی زانایان بۆی: زانایانی هاوسەردەم و دوای خۆیشی شایەدییان بۆ داوە، لەوانە: – ئەلحومەیدی دەڵێت: فەقیهێکی زانابوو، پێشەنگ بوو لە زانستی فەرموودەدا و، خاوەنی ئایین و پارێزگارییەکی پتەو بووە. – ئیمامی زەهەبی لە وەسفیدا دەڵێت: پێشەوا، پێشەنگ، زاهید و شێخی ئیسلام. – ئیبن بەشکوال دەڵێت: یەکێک بووە لە باشترین بەندەکانی خوا. 🔸 بەرهەمە زانستی و هۆنراوەکانی: ئیبن ئەبی زەمەنین خاوەنی قەڵەمێکی بەپیت بووە، لە گرنگترین کتێبەکانی: – کتێبی (أصول السنة) لە عەقیدەدا. – کتێبی (المُنتَخَب في الأحكام) و کتێبی (المُقَرَّب في شرح الموطأ) لە فیقهدا. – کتێبی (قُدْوَة الغازي) و (آداب الإسلام) لە ئاکاردا. – شاعیرێکی بەتوانا بووە و شیعرەکانی بۆ زوهد و حیکمەت تەرخان کردووە. نموونەیەک لە شیعرەکانی: المَوْتُ في كُلِّ حِينٍ يَنْشُرُ الكَفَنَا وَنَحْنُ في غَفْلَةٍ عَمَّا يُرَادُ بِنَا 🔸 ناساندنی تەفسیرەکەی: – ئەم تەفسیرە لە بنەڕەتدا کورتکراوەی تەفسیرەکەی (يحيى بن سلام)ـە. – ئەم کتێبە میراتی زانستیی تەفسیرەکەی (يحيى بن سلام)ی پاراستووە، کە دەقە ئەسڵییەکەی بەشێکی زۆری فەوتابوو. – ئامانجی سەرەکی ئاسانکاری بووە بۆ قوتابیان، چونکە تەفسیرە ئەسڵییەکە زۆر دوورودرێژ بوو و پڕ بوو لە دووبارەکردنەوە، بۆیە کورتی کردەوە و پاکسازی کرد. – تەفسیرێکی (مأثور)ـە. – گرنگییەکی زۆری بە ڕوونکردنەوەی (غريب القرآن) و لایەنی زمانەوانی داوە. 🔸 باشترین چاپی: باشترین چاپی، چاپی کتێبخانەی (الفاروق الحديثية)یە لە قاهیرە کە (أبو عبدالله حسين بن عكاشة) و (محمد بن مصطفى الخطيب) لێکۆڵینەوەیان بۆ کردووە و قەبارەی ٤ بەرگە. نووسینی: مامۆستا سیروان حامید. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.