سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  م.شێخ خالید شەمێرانی بناسن.؟
مامۆستا شێخ خالید شەمێرانی بناسن.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4014


مامۆستا شێخ خالید شەمێرانی بناسن.؟

ناوی تەواوی مامۆستا شێخ خالید، کوڕی مامۆستا شێخ عومەر، کوڕی مامۆستا شێخ ئەحمەد، کوڕی مامۆستا شێخ موحەممەد، کوڕی مامۆستا شێخ عەبدوڵڵای گەورە، کوڕی مامۆستا سەیید موڕادوەیس. لە ساڵی (1372ک / 1955ز) لە گوندی (ئەحمەد بەگ)ی ناوچەی (شەمێران) لە بنەماڵەیەکی ئاینی و زانست پەروەر لە دایکبووە.

خوێندن و مامۆستاکانی:
مامۆستا سەرەتا لە گوندی (ئەحمەد بەگ)ی ناوچەی (شەمێران) لە خزمەتی باوکیدا زانا و شەرعزانی گەورەی کورد (مامۆستا شێخ عومەری شەمێرانی) دەست دەکات بە خوێندن، وە لە دوای کۆچی دوایی باوکی دەچێت بۆ مزگەوتی (گەورەی خورماڵ) لە خزمەتی (مامۆستا مەلا عەبدولقادری ڕەواندوزی) دەست دەکات بە خوێندن بۆ ماوەیەکی زۆر، پاشان لە ساڵی (١٩٧٢ز) دەچێت بۆ قوتابخانەی گوندی (پێ ماڵک) لە سەرووی شاری (قەڵادزێ) لە خزمەتی (مامۆستا مەلا عەلی سورێژەیی) بۆ ماوەیەک دەخوێنێت، پاشان دەچێت بۆ شاری (کەلاری کۆن) لە خزمەتی (مامۆستا مەلا موحەممەدی کەلاری) دەست دەکاتەوە بە خوێندن، پاشان دەچێت بۆ مزگەوتی خانەقای (مەولانا خالید) لە شاری (سلێمانی) لە خزمەتی (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چڕوستانی، ١٨٩٧--١٩٨٨ز) بۆ ماوەیەک دەخوێنێت، پاشان بۆ ماوەیەک لە خزمەتی (مامۆستا شێخ خالیدی موفتی، ١٩٢٦--٢٠٠٤ز) دەخوێنێت، وە دووبارە دەچێتەوە بۆ خزمەتی (مامۆستا مەلا عەبدولقادری ڕەواندوزی) درێژە بە خوێندن دەدات تا تەواوکردنی.

قۆناغەکانی ژیانی:
مامۆستا لە ساڵی (١٩٧٧ز) لە مزگەوتی گوندی (کانی میل) بە پێشنوێژ دادەمەزرێت، بۆ ماوەیەک لەوێ دەبێت، لە ساڵی (١٩٩٥ز) دەچێتەوە بۆ شاری (هەڵەبجەی شەهید) لە مزگەوتی (گەورە، یان جامیعە)ی (هەڵەبجەی شەهید) دەبێت، تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی دەکات لەوێ دەمێنێتەوە.

کۆچی دوایی:
مامۆستا شەوی (شەممە) بەرواری (١٤٤٥/٧/٢ک--٢٠٢٤/١/١٣ز) لە شاری (هەڵەبجەی شەهید) کۆچی دوایی کردووە، لە سەر ڕاسپاردەی خۆی لە گۆڕستانی (کڵاو سوور) لە گوندی (ئەحمەد بەگ)ی ناوچەی (شەمێران) لە پاڵی باو باپیرانی بەخاک سپێدراوە.

نووسینی: شێخ صوبحی شەمێرانی.
ـــــــــــ

مامۆستا شێخ خالید پیاوە بە هەیبەتەکەی شار ماڵاوایی لێ کردین.!

مامۆستا شێخ خالید کوڕی شێخ عومەری شەمێرانی لە خزمەت جەنابی باوکیدا دەبێتە فەقێ و هاوکات لەگەڵ شێخ ئیبڕاهیمی شێخ عەبدوڵڵای شەمێرانی پێکەوە دەست دەکەن بە خوێندن و تا کتێبی الأنموذج بەشی مجرورات دەخوێنن ئیتر جەنابی شێخ عومەر وەفات دەکات و ئیتر حوجرەکە دادەخرێت و مامۆستا شێخ خالید بۆ گەڕان بە دوای حوجرەیەکی شیاودا عەوداڵ دەبێت.
ماوەی مانگێک دەچێتە گوندی کانی کەوەی شەمێران و لە خزمەت شێخ حسێندا دەست دەکاتەوە بە خوێندن، دواتر دێتە هەڵەبجە و لە پەیمانگای ئیسلامی دەست دەکات بە خوێندن و شەوان لە مزگەوتی پاشا دەمێنێتەوە تا دوو مانگ لەوێ بە خزمەت مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دەگات و لەبەر مەرحومی باوکی زۆر ڕێزی لێ دەگرێت.
ڕۆژانەش دەچێتە مزگەوتی جامیعە و مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود لەوێ فەقێ دەبێت دەست دەکاتەوە بە خوێندنی الأنموذج.
دواتر مەلا ئەحمەدی کوێرەک دەبینێت و باسی ئەوەی بۆ دەکات کە شێخ عوسمان سیڕاجەددین مامۆستا مەلا مەحموودی مودەڕڕیسی هێناوەتە دووڕوو ئەمیش ئەچێتە ئەوێ زۆری پێ ناچێت دێتەوە هەڵەبجە و لای مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود دەست دەکاتەوە بە الأنموذج و تەواوێ ئەکات لەو کاتەدا مامۆستا قادری ڕەواندوزی لە مزگەوتی دارولئیحسان دەبێت ئەمیش دەچێتە خزمەتی و درێژە بە خوێندن دەداتەوە.
لەو کاتەدا مزگەوتی دارو لئیحسان چەند فەقێ هەبوون وەک مەلا موحەممەدی مەلا عەبدوڵڵا و مەلا عوسمان چوالەیی دواتر سەیید طاهیری بەرزنجی.
مامۆستا مەلا قادر دەچێتەوە شەقڵاوە دوانزە فەقێ لەگەڵی ئەڕۆن و شێخ خالیدیش دەڕوات و لای عوسمان بەگی حەریر ئەگیرسێنەوە و دواتر دێنەوە هەولێر و لەوێ دەزانێت کە مەلا ئیبڕاهیمی شەمێرانی کە سەرەتای فەقێیەتیان پێکەوە بووە لە خورماڵە و ئەویش دێتەوە خورماڵ و لای مامۆستا مەلا موحەممەدی گەورە دەبێتە فەقێ.
دواتر دێتەوە هەڵەبجە و دەچێتە خزمەت مامۆستا مەلا صاڵەحی گەورە و لەگەڵ مەلا جەلالی کوڕی مەلا صاڵەحدا دەست دەکەن بە خوێندنی کتێبی الصمدیة لە زانستی النحو دا.
مامۆستا قادری ڕەواندوزی دێتەوە بۆ هەڵەبجە و لە بامۆک دەگیرسێتەوە فەقێ یەکی زیرەکی خەڵکی قەڵادزێی لەگەڵ دەبێت بە ناوی مەلا عەلی شێخ خالیدیش کتێبی وضع و إستعارەی لا ئەخوێنێت و دواتر بە یەکجاری دەچێتە بامۆک دەبێتە فەقێ و لە خزمەت مامۆستا قادری ڕەواندوزی کتێبی مەلا جامی دەخوێنێت.
دەچێتە سلێمانی و لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چڕوستانەییدا سیوطی دەخوێنێت.
دواتر دێتەوە هەڵەبجە و ڕۆژانە دێتە هەڵەبجە و لە خزمەت مامۆستا مەلا صاڵەحی گەورەدا سیوطی و مختصر و شرحە عقائد ئەخوێنێت.
دواتر بە عەسکەری دەگیرێت و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە دەچێتە هەولێر و ئیمتحانی مەلایەتی دەکات و دادەمەزرێت بە حەوت دینار.
خێزان پێکەوە دەنێت و لە گوندی کانی میر لە گەرمیان دەست دەکات بە کاری مەلایەتی.
دواتر نەقڵ دەبێت بۆ مەجموعەی عەنەب و لە کاتی کیمیاویەکە بەرەو ئێران دەڕوات.
لە ئێران لە گوندی دۆڵەڕووی خواروو جوانڕۆ مەلایەتی کردووە لە خزمەت مامۆستا مەلا موحەممەد ئەمینی ئیمامی خوێندوویەتی.
مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس و مامۆستا مەلا صاڵەحی گەورە وەرگرتووە.
کاتێک تەعویض وەردەگرێت پارەی حەج بۆ مامۆستا قادری ڕەواندوزی دەدات و پێکەوە دەچنە حەج.
دەچێتەوە عەسکەری و تا جەنگی کوەیت دەمێنێتەوە دواتر تەسریح دەبێت.
دوای ڕاپەڕین و گەڕانەوە لە ئێران دەبێتە ئیمامی مزگەوتی جامیعە و تا کۆتاییەکانی ژیانی هەر لەوێ خزمەت دەکات.
هەندێ لە فەقێ و قوتابییەکانی:
مەلا عەبدولڕەحمان، و مەلا ئیسماعیلی خاڵۆ عەلی، و مەلا جەمیلی شەمێرانی، و مەلا ناصیح، و مەلا صاڵەح، و مەلا عەبدوڵڵای کاکە شێخی نێرگسەجاڕی، لە خزمەت شێخ خالیدا خوێندوویانە.
مامۆستا خاوەنی زۆر صیفاتی بەرز بوو، کەم گفت و زۆر بە شەرم بوو، نوێژەکانی زۆر لەسەرخۆ و هێواش بوو، کەسایەتییەکی جوانی شار و صۆفییەکی ڕۆح پاک و فەقێ یەکی ماندووی گەڕۆکی خزمەتی زانست بوو، من بۆ خۆم بۆنی پیاوە گەورە و ڕیش سپییەکانی شارم لێ دەکرد.
خودایە لێی خۆشبە، و دەرگاکانی ڕەحمەتت بکەرەوە بە سەریدا و سەبووری خۆشەویستانی بدە.
تێبینی:
شەوێک جەنابی مامۆستا گەورەیی نواند تەشریفی هێنا بۆ ماڵی خۆمان لە مزگەوتی ئیمامی شافیعی لەگەڵ خێزانی و مامۆستا زەینەبی کچی و مامۆستا زانای زاوایدا.
منیش بە فرسەتم زانی ئەم زانیاریانەم لە زمانی خۆیەوە وەرگرت بە ناوی ئەم مەلا و فەقێ و قوتابخانە و مەنهەج و گوندانە شەوێکی ئارامم بەرێ کرد لە خزمەتیدا و منیش بۆم نەقڵ کردن تا بەشێک لە مێژووی بزری هەڵەبجەتان بۆ بەیان بکەم.
خودایە ئەم ووشانە بکەرە ڕەحمەت و بیبارێنە بەسەر جەنابی مامۆستا و تەواوی ئەوانەی ناومان هێنان و تەواوی ئەوانەش ئەم داستانە دەخوێننەوە.

د. عەبدولدائیم هەورامانی.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 102
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram